زۆر کەس تەنها بەیانیان کۆکەیان هەیە؛ هۆکارەکەی چییە؟

KNN : Kurdish News Network
08:30 - 15/09/2024
تەندروستی
+
-

کۆکە لە بەیانیاندا بەهۆی نەخۆشی یان بارودۆخی دیکەی تەندروستی وەک هەستیاری و نەخۆشی رەبۆ و تەنگەنەفەسی رودەدات، بەڵام ئایا بونی کۆکە تەنها لەبەیانیاندا تا چەند ئاساییە؟.

 

تەندروستی:KNNC

 

کۆکە هۆکارێکە بۆ پاککردنەوەی هاندەرەکان لە سیستمی هەناسەدا و هەندێک کات نیشانە نییە بۆ بارودۆخێکی تەندروستی بەپەلە، ئەو کۆکەیەی کە بەڵغەمی لەگەڵدایە پێی دەوترێت کۆکەی تەڕ یان شێدار، بەڵام ئەو کۆکەیەی بەڵغەمی لەگەڵدا نییە پێی دەوترێت کۆکەی وشک زانینی جۆری کۆکەکە لە کەمکردنەوەی هۆکارەکان و چارەسەرکردن سودی دەبێت.

چەند هۆکارێکی باوی کۆکەی بەیانیان:

 

 سەرمابونی ئاسایی: ئەگەر تۆ لە بەیانیاندا کۆکەت هەیە ئەو  هۆکارێکی باوە، کۆکەی شێدار باوترینە و زۆر کات کەسەکە کۆکەکەی لە بەیانیاندا خراپتر دەبێت، ئەمەش بەهۆی بەڵغەم کە لە شەواندا کۆدەبێتەوە.
بە گشتی نیشانەکانی سەرمابونی ئاسایی بریتین لە: (ئازاری قوڕگ، ئازاری لەش، هەستکردن بە ماندویەتی و شەکەتی، سەرئێشە، پژمین، هاتنەخوارەوەی ئاو بە لوتدا، هەستیاری).

هەروەها، جۆرێکی مێروەکان کە پێی دەوترێت مێرووی مایکرۆسکۆپی تەپوتۆز، لەناو جێگەی نوستندا دەژی لەبەر ئەوە بەزۆری لە شەوان و بەیانیدا کۆکەکە خراپتر دەبێت، هەروەها دەنکە هەڵاڵەکانیش لە بەیانیاندا ڕێژەیان زیاترە بەهۆی ئەمەش ئەو کەسانەی هەستیارییان بە دەنکە هەڵاڵە هەیە لە بەیانیاندا کۆکەکەیان خراپتر دەبێت.


تەنگەنەفەسی: 
تەنگەنەفەسی حاڵەتێکی درێژخایەنە کە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی بۆرییەکانی هەوای سییەکان، ئەم ئاوسانەش دەبێتە هۆی قورسی لە هەناسەداندا،بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی تووشی تەنگەنەفەسی دەبن، لە شەوان یان بەیانیاندا کۆکەکەیان خراپتر دەبێت.

 

وشکبوونەوەی دەم: دەم و قورگ لە شەواندا وشک دەبنەوە بەتایبەتی ئەگەر شلەمەنی بەپێی پێویست نەخۆیتەوە و لە کاتی خەودا دەمت کراوە بێت.

 

جگەرەکێشان: ماددە زیان بەخشەکان یان ژەهرەکان بەهۆی جگەرەوە لە شەواندا کاتێک لە جگەرە کێشان دەوەستن، لە سییەکاندا کۆدەبێتەوە، کاردانەوەی سروشتی جەستەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕێگەی کۆکەوە بەیانیان ئەم ماددە زیانبەخشە کەڵەکەبووەی ناو سییەکان لە ڕێگەی کۆکەوە بکرێتە دەرەوە.

هەوکردنی بۆری هەوا: هەوکردنی بۆری هەوا لوولەی هەوا تەسک دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دروستبونی بەڵغەم، ئەمەش بەزۆری لە کەسانی جگەرەخۆر یان ئەو کەسانەی بەرکەوتنی زۆریان بە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە هەیە ڕوودەدات.

گەڕانەوەی ترشێتی گەدە بۆ سورێنچک: کاتێک ترشێتی گەدە بۆ سورێنچک دەگەڕێتەوە، دەبێتە هۆی هەستکردن بە سووتانەوە و هەستکردن بە ئازار، هەندێک کەس لە شەواندا نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت کاتێک پێش نوستن خواردن دەخۆن و دواتر لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆکە

 


نەخۆشی غودە:
کاتێک ڕژێنی سایرۆید بڕێکی کەم لە هۆڕمۆنی سایرۆید بەرهەم دەهێنێت، پێی دەوترێت ناچالاکی ڕژێنی سایرۆید. هەندێک کەس تەواوی ڕۆژ دووچاری کۆکە دەبنەوە، بەڵام لە بەیانیاندا کۆکەکەیان خراپتر دەبێت.
بەزۆری کۆکە کە لە بەیانیاندا ڕوودەدات مەترسیدار نییە، بەڵام ئەگەر بووە هۆی کێشە بۆ هەناسەدان و قورسی هەناسەدان پێویستە کەسەکە سەردانی پزیشک بکات و چارەسەر وەربگرێت.

329 جار خوێندراوەتەوە