یەکێک لە بێزارترین ئازارەکانی لەش، ئازاری شان، یان بازو و قۆڵەکان یان
مەچەک و دەست و پەنجەکانە.
تەندروستی:KNNC
د. هەڤین کەمال شا پسپۆڕی بەنج و ئازارشکاندن، دەڵێت: هۆکار زۆرە بۆ
دروستبونی ئازاری شان و قۆڵەکان، بەپێیهۆکارەکەی نیشانەکانی دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە
جیاوازی بکرێت لە نێوان جۆرەکانی قۆڵ ئێشە بۆئەوەی چارەسەری گونجاوی بۆ
بدۆزرێتەوە.
هۆکارەکانی دروستبونی ئازار لە شان و قۆڵەکان:
1-شێوازی هەڵە و خوی رۆژانەی هەڵە وەک هەڵگرتنی شتی قورس: خراپ هەڵگرتنی شتی قورس ئەویش بەبەکارهێنانی تەنها یەک قۆڵ، زۆرجار ئازار دروست دەکات لە ئێسکدا، لەبەرئەوەی هەڵگرتنی شتی قورس لەرێگەی هەردو پەلەوە ئەنجامبدرێت باشترە، ئەمە جگە لەوەی دەبێت بە دەستەکان هەڵبگیرێت نەک هەڵبواسرێت بە قۆڵەوە.
شێوازی هەڵە و جوڵەی هەڵە لەکاتی کاردا؛ زۆرینەمان لەکاتی کاردا
دەستەکانمان بەکاردەهێنین بەتایبەت لەکاتی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر یان نوسین لەسەر
کاغەز، بەڵام دانانی تەندروستی قۆڵ و دەست زۆر گرنگە، دەبێت هەر 15 خولەک جارێک
شێوازی دانانی قۆڵت بگۆڕیت و وەرزش بە پەنجەکانت بکەیت.
شێوازی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل؛ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ماوەیەکی زۆر و مانەوە
لەسەر یەک شێوازی دانانی قۆڵ و دەستەکان بۆماوەیەکی زۆر و بەرزکردنەوە و
راکێشانیان ئازار دروست دەبێت، بۆیە گرنگە زوزو دەست و باسک و بازوت بجوڵێنیت و
وەرزشی پێبکەیت.
شێوازی نوستنی هەڵە؛ هەندێک کەس لەسەر قۆڵەکانیان دەخەون، یاخود بە
شێوەیەکی ناتەندروست دەینوشتێننەوە، هەرچەندە بەو شێوازە خەوتنە ئاسودەبن، بەڵام لە
داهاتودا زیانیان پێدەگات و ماسولکەکانیان زیانی پێدەگات و ئازار دروست دەکات.
2-ئازار لە قۆڵەکان بەهۆی نەخۆشییەوە؛ هەندێک جار ئازاری شان و قۆڵ بەهۆی بونی چەند نەخۆشییەکەوە دروست دەبێت کە دیارترینیان ئەمانەن:
کارپاڵ تونێل سیندرۆم: بەهۆی بونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی دەچێت بۆ دەستەکان،
سڕی و ئازار لە پەنجەکاندا دروست دەبێت، هەروەها هەندێکجار ئەو سڕییە دەچێت بۆ
دەست و قۆڵەکان.
زۆر بەکارهێنانی ئەو دەستەی کە نەخۆشە، لەکاتی کاردا یان زۆر بەکارهێنانی
کۆمپیوتەر و مۆبایل، بۆیە پشودان بە دەستەکان گرنگە.
نەخۆشییەکانی دڵ یاخود جەڵتەی دڵ؛ هەندێک جار شان و قۆڵ ئێشە لەوانەیە
ئاماژەبێت بۆ رودانی جەڵتەی دڵ، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵیدا ئازاری سەرسنگ هەبو،
رەنگە هەناسەتوندی و رشانەوە و دڵ تێکەڵهاتن و سەرگێژخواردن و ئارەقکردنەوە یان
هەرسنەکردی خواردن و لێدانی خێرای دڵ هەبێت، لەکاتی بونی ئەو حاڵەتانە پێویستە بە خێرایی
رای پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت.
هەوکردنی ماسولکەکانی شان و قۆڵ؛ بەھۆی ھەڵگرتنی شتومەکی قورس، ھەندێک جار
ماسولکەکان ھیلاک و شەکەت دەبن ، دەبنە ھۆی دروستبونی کلس لە بەستەر و ژێی ماسولکەکان
یاخود ھەوکردن لە ماسولکەکاندا، ناسینەوەی ئەم جۆرە ئاسانە، چونکە بە دەست لێدان و
جوڵاندنی ماسولکەکان ئازار دروست دەبێت، دەتوانرێت تەنیا بە بەکارھێنانی کریم و جێڵی
تایبەت و مەساج کردن چارەسەربکرێت.
724 جار خوێندراوەتەوە