لە یەکێک لە کاردانەوە ئەرێنییەکان بۆ سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ترەمپ بە "پیاوێکی ئاشتیخواز ناودەبات و دەڵێت بە پێچەوانەی بایدنەوە شەڕانگێز نییە.
هەواڵ:KNNC
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، وتەبێژەکەی کرملین رایگەیاندوە، ترەمپ لە بری روبەڕوبونەوە و بەردەوامی دان بە جەنگ باسی ئاشتی دەکات، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.
وتەبێژەکەی کرملین باسی لەوەشکردوە؛ ئەوە خاڵێکی ئەرێنییە بۆ سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەی ئەمەریکا و جیاوازی دەکات لە بایدن، کە تا ئێستا هیچ خواستێکی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا نیشاننەداوە، ئەمەش پێمان دەڵێت کابینەکەی ترەمپ زۆر جیاواز دەبێت لەوەی بایدن.
ئەم لێدوانەی، دیمیتری پێسکۆڤ، لە کاتێکدایە جەنگی نێوان دو وڵاتەکە نزیک دەبێتەوە لە 1000 رۆژ و ئەمڕۆ کە ڕوسیا و ئۆکرانیا گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەدژی یەکتری لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە ئەنجامدا.
دوێنێ برایان لانزا، یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا دۆزینەوەی ئاشتییە، نەک وەرگرتنەوەی خاک.
ئەو ڕاوێژکارە بە بی بی سی ڕاگەیاندوە، سەرۆکی ئۆکرانیا دەبێت قبوڵی بکات کە نیمچەدورگەی کریمیا لەلایەن ڕوسیاوە گیراوە و لەدەستچوە، لە ئێستادا ئەولەویەتی ئەمریکا ڕاگرتنی جەنگ و کوشتنە نەک گەڕاندنەوەی خاک.
ئەم لێدوانانە و هەڵوێستی ترەمپ، ئۆکرانیایان نیگەران کردوە و ترسی هەیە، لەوەی کە ترەمپ هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئەو وڵاتە ڕابگرێت و سەرەڕای داگیرکارییەکانی مۆسکۆ لە ئۆکرانیادا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ناچار بێت دوای زیاتر لە 980 رۆژ، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ڕوسیادا ئەنجام بدات.
227 جار خوێندراوەتەوە