مالیزیا ئامادەكاری بۆ بەهێزترین باران دەكات

KNN : Kurdish News Network
03:40 - 29/11/2024
جیهان
+
-

لەسەر بنەمای پێشبینییەكانی كەشناسی، مالیزیا خۆی بۆ بەهێزترین باران بارین و لافاو ئامادە دەكات و تا ئێستاش نزیكەی (25) هەزار خێزان گوازراونەتەوە بۆ كەمپە كاتییەكان.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

فەرمانگەی كەشناسی مالیزیا هۆشداری بە بەرپرسانی وڵاتەكەی داوە كە بەپێی پێشبینییەكان كەشوهەوای دەگۆڕیت و باران بارینێكی زۆر رو لەو وڵاتە دەكات، بۆیە داوای كردوە پێش دروستبونی لافاوێكی زۆر كەبەهۆیەوە كارەسات دروستدەبێت، ئاامادەكاری بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی زۆرترین بڕە بارانی لێدەبارێت بكەن.

 

ناوەندی نیشتمانیی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە مالیزیا بڵاویکردەوە، دوای ئامادەكاریی بۆ دروستكردنی كەمپەكاتییەكان تا ئێستا توانراوە دانیشتوانی حەوت ویلایەت كە مەترسی رودانی لافاوی بەهێزی لێدەكرێت، ژمارەیان (85) هەزار و (597) كەسە و ئەندامی زیاتر لە (25) هەزار خێزانن، گواستراونەتەوە بۆ (488) كەمپ.

 

لای خۆیەوە ئەحمەد زاهید حەمیدی، جێگری سەرۆک وەزیرانی مالیزیا رایگەیاند: بەپێی ئەو راپۆرتە پێشبینییانەی بۆ كەشوهەوا گەیشتوەتە حكومەت، ئەو باران بارینە زۆرەی پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتودا کاریگەری لەسەر وڵات لە  لافاوەکەی ساڵی (2014) زیاتر بێت كەبەهۆیەوە (250) هەزار کەس ئاوارە بون.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ روبەڕوبونەوەی کارەساتەکە، حكومەت ئامادەكاری كردوە و نزیکەی (83) هەزار تیمی فریاگوزاری لەناوچە جیاوازەكان جێگیرکراون، بێجگە لە ئامادەکردنی هەزاران بەلەم و (13) هێلیكۆپتەر لەگەڵ دەستنیشانكردنی (481) ناوچەی مەترسیدار كە ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە دو ملیۆن كەس دەبن.

 

یەكێك لە ئەو ناوچانەی كە زۆرترین مەترسی لەسەر و پێدەچێت زۆرترین بڕی باران تیایادا ببارێت، ویلایەتی کیلانتان لە باکوری رۆژهەڵاتی مالیزیا کە هاوسنورە لەگەڵ تایلەند، تا ئێستا (56) هەزار و (29) كەس گواستراونەتەوە بۆ كەمپەكان، دوای ئەویش ویلایەتی تێرێنگانۆیە كە (21) هەزار و (264) کەس تیایدا دەژی.

189 جار خوێندراوەتەوە