حاڵەتێکی نامۆ نییە کە
هەندێک جار هەست بە ئاوسانی پێ و پاژنەی پێ بکەیت، بەتایبەت دوای زۆر رۆیشتن یان
وەستان لەسەر پێیەکان، ئەم حاڵەتانەش بە پشودان یان بەرزکردنەوەی پێیەکان
باشدەبێت، بەڵام ئەگەر ئاوسانەکە بەردەوام بو، رەنگە ئاماژە بێت بۆ حاڵەتی مەترسیدار.
تەندروستی:KNNC
پسپۆرانی تەندروستی لە زانکۆی پزیشکی هارڤارد دەڵێن: ئەگەر ئاوسانی قاچەکان
بەردەوام بو پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەین، چونکە ئەوە ئاماژەی مەترسیدارە و
رەنگە هۆکاری سستبونی دڵ یان گیرانی خوێنهێنەرە قوڵەکان یاخود نەخۆشییەکانی
گورچیلە و تێکچونی جگەر بێت.
یەکەم -گیرانی خوێنهێنەرە قوڵەکان (DVT)؛ کاتێک رودەدات کە خوێن لە
خوێنهێنەرێکدا دەمەێت و ئەوەش رێگری دەکات لە گەڕانەوەی خوێن لە قاچەکانەوە بۆ دڵ،
ئەوەش ئاوسانی قاچەکانی لێدەکەوێتەوە، ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەکرێت ئەوا مەترسی
جدی لەسەر سییەکان دروستدەکات، یاخود دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و مێشک.
نیشانەکانی گیرانی خوێنهێنەرە قوڵەکان (DVT)؛
ئازاری قاچەکان لەکاتی رۆیشتن یان وەستان
گەرمبونی پێستی دەوروبەری شوێنی ئازارەکە
سوربونەوە یان رەشبونەوەی پێستی دەوروبەری شوێنی ئازارەکە
ئاوسانی خوێنبەرەکان لەکاتی دەستلێدان و بونی ئازار
دووەم- سستبونی دڵ؛
ئەگەر توشی سستبونی دڵ بویت مانای وایە دڵ بەباشی ناتوانێت خوێن پەمپ بکات، ئەوەش
دەبێتەهۆی دزەکردنی شلە بۆناو پێ و
خوارەوەی قاچەکان.
نیشانەکانی سستبوونی دڵ؛
-هەناسە تەنگی
- شەکەتی
- هەستکردن بە سەرگێژخواردن
و بێهۆشبون
- کۆکەی بەردەوام، کە ڕەنگە
لە شەودا خراپتر بێت
-ئاوسانی گەدە
- بێئاگایی لە
خواردن
- لێدانی خێرای
دڵ
سێیەم- نەخۆشی جگەر؛ هەندێک
جۆری نەخۆشی جگەر دەبنە هۆی کەمبونەوەی ئاستی پرۆتینێک لە خوێندا کە پێی دەوترێت ئەلبومین
کە لە جگەردا دروست دەبێت، دابەزینی ئاستی ئەلبومین دەبێتە هۆی ئەوەی شلەمەنی ناو
خوێن بچێتە ناو شانەکانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاوسانی نەک تەنها قاچ و پێیەکان، بەڵکو
بەشەکانی تری جەستەش وەک دەست و دەموچاو.
نیشانەکانی نەخۆشی جگەر؛
-هەستکردن بە ماندوێتی
زۆر و لاوازی بەردەوام
- لەدەستدانی ئارەزووی
خواردن و دابەزینی کێش
- زەردبونی پێست و سپیبونی
چاو (زەردوویی)
- خورانی پێست
چوارەم- نەخۆشی گورچیلە؛
ئاوسانی پێیەکان دەتوانێت بەهۆی نەخۆشی گورچیلەیەوە بێت کە شلە دەتوانێت لە شانەکاندا
کۆببێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشی
گورچیلە؛
- دابەزاندنی کێش و
خراپی ئارەزوی خواردن.
- هەناسە تەنگی
-شەکەتی
-بونی خوێن لە
میزدا
-زیادبوونی پێویستی
میزکردن بەتایبەتی لە شەواندا
127 جار خوێندراوەتەوە