وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سودانی: هێرشەکانمان بۆسەر حوسییەکان بەردەوام دەبێت

KNN : Kurdish News Network
09:24 - 17/03/2025
عێراق
+
-

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری ئەمەریکا پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانییەوە کردوە و هەردولا باسیان لە هاوبەشی ستراتیژی نێوانیان کردوەتەوە لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەش و سەقامگیری ناوچەکە.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی سودانی، پیت هێگسێس وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە حوسییەکان ئەگەر هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتیوانەکانی لە دەریای سور رانەگرن.

 

هەروەها، جەختیلەوەکردوەتەوە واشنتۆن بەدوای پەرەسەندنی ئەو هێرشانەدا نییە و هەرکاتێک هێرشەکان وەستان ئەمەریکاش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رادەگرێت.

 

هاوکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبونی عێراقی بۆ پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوپاتکردەوە کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق و بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە وڵاتەکەن.

 

هەرلەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، هەردولا پابەندبونی خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە دوپاتکردەوە وەزیری بەرگری ئەمەریکا، پابەندبونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دوپاتکردەوە.

83 جار خوێندراوەتەوە