گەشتوگوزاری سلێمانی: ئامادەكاریمان بۆ هاتنی گەشتیاران كردوە

KNN : Kurdish News Network
05:47 - 26/03/2025
کوردستان
+
-

وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی پلانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بۆ هاتنەوەی رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و ئامادەكارییەكانی پێشوازیكردن لەگەشتیاران ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: لەبازگەكانەوە رێنمایی گەشتیاران دەكرێت و هۆشداریش بە چێشتخانە و ریستۆرانتەكان دەدات كە سەرپێچی نەكەن، چونكە سزا دەدرێن.

 

هەواڵ: (KNNC)


بەمەبەستی ئامادەكارییەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا،  گۆران قادر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند: رۆژانی (29 و 30ـی ئادار) لەهەردو دەروازەی سەرەكی تاسڵوجە و عەربەت بەڕێوەبەرایەتییەكەی لەلایەن دو لیژنەوە پێشوازی لە  گەشتیاران دەكات و زانیاری تەواو لەسەر ناوچە گەشتیارییەكان پێشكەش بەمیوانەكان و گەشتیارانی شارەكە دەكەن.


وتیشی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی نەخشە و رێبەری چاپكراوی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەكردوە و لەبازگەكان بەشێوەیەكی خۆڕایی پیشكەشی گەشتیارانی دەكات، كە ئەوەش  بەرچاوڕونی زیاتریان پێدەبەخشێت كە تەواوی زانیاری سەرجەم چێشتخانە و ریستۆرانت و ناوچە گەشتیارییەكانی لەخۆگرتوە.


گۆران قادر، راشیگەیاند: بەمەبەستی هەماهەنگی و كارئاسانی زیاتر، گەشتوگوزاری سلێمانی لە شەقامی سالم، بەردەم پاركی نالی سەنتەری زانیاری كردوەتەوە و لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە رێنمایی و هاوكاری تەواو پێشكەش بە گەشتیاران دەكات.

 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، یەكێكی دیكە لە لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەهەماهەنگی لەگەڵ لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز سەرجەم ئەو چێشتخانە و ریستۆرانتانەی خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش بە گەشتیاران دەكات بەسەر دەكەنەوە و لەكاتی هەبونی سەرپچیدا روبەڕوی سزا دەكرێنەوە.

85 جار خوێندراوەتەوە