خەونی ئەوەی گوایە
شۆرشێک بە ڕێوەیە، لە هەر ئان و ساتێکدا دێت و هەموو گەندەڵەکانی عێراق ڕادەماڵێت،
وەک فایەقی شێخ عەلی بە گوڕێکی نێرانەوە بانگەشەی بۆ دەکات، هیچ نیە جگە لە پەڕەیەکی
تر لە ساویلکەیی. خەونی ئەوەی باشێک بەڕێوەیە و دێت هەموو خراپەکان ڕادەماڵێت و
پاشان مەڕ و گورک پێکەوە ئاو دەخۆن، دەرئەنجامی تێنەگەیشتنە لە مێژوی ناوچەکە و عێراق
و خەڵکەکانی و سروشتی دەسەڵات و ئەو وەهمە ناکۆتایەی کە پێی دەڵێن شۆرش. ستالین بوەوە
بە قەیسەر، ماو بوەوە بە ئیمپراتۆر، فایەقیش دەبێتەوە بە مالیکی.
نە کۆن بە ئاسانی
دەڕوات و نە نوێ بەبێ کێشە خۆی دەچەسپێنێت. کاتێک وەرچەرخان ڕودەدات، ئەوەی لە ئەدەبیاتی
فیکری سیاسیدا پێی دەڵێن وەرچەرخانی زێدەگرنگ، کریتیکال جەنکچەر، تەنها کاتێک سەرکەوتوو
دەبێت کە دەزگا، دەزگای جۆری کراوە، ئامادەبێت بۆی.
کە ڕاپەڕین بوو،
ئێمە خاوەن هیچ تێگەیشتن و دەزگایەک نەبوین. بۆیە سەرئەنجام کۆمەڵێک دەزگامان بەرهەم
هێنا، کە نەفرەت لە زۆرینەمان دەکات. عێراقییەکان زۆر زۆر خراپترن لە سایەی باڵادەستی
عەتەبەی حوسەینییە( کە لە سایەی گەندەڵی پیرۆزدا خەریکە دەبێتە خاوەن زۆرترین کۆمپانیا)
و مەرجەع و بنەماڵەکان و گرێ دەرونییەکانی تایفیەت و نەبونی توانای حوکمداری و بە
ئەویترکردنی غەیرە شیعە و زۆر گرێی تر. بێگومان پشێوی بەڕێوەیە، بەڵام نە سیستەم بە
شەو و ڕۆژێک لە دایک دەبێت و نە سەرکردەی ناو تویتەر دەتوانێت بزانێت چی دەگوزەرێت.
هابرماز لە رەخنەی
لە زیلینسکی، کە ڕەخنەیەکی ناڕەوایە، وەهای دادەنێت کە شەیدای وێنەی خۆی بوە لە ڕێگای
میدیاوە. ئەم خودئەڤینییە سەری هەمومان دەخوات.
564 جار خوێندراوەتەوە