پێش ئەوەی ئەم دزییە گەورەیە ئاشکرابێت، گەورەترین دزی لە مێژوی ئەوەی پێی دەڵێن عێراق، لە لایەن قوسەی سەدامەوە بوو. لە کاتژمێر چواری بەربەیانی ڕۆژی ١٨ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٣؛ قوسەی سێ ئۆتۆمبیل دەنێرێتە بانکی ناوەندیی و بڕی یەک ملیار دۆلار دەدزێت. ئەو بڕە ئەو کاتە نزیکەی چارەکێک بوو، لە کۆی هەموو سەرمایەی دارایی عێراق. قوسەی پارەکەی بۆ ئەوە دزی هەتا بەکاری بهێنێت بۆ شەڕ دژ بە ئەمریکاییەکان، بەڵام هەرزوو خۆی بە ئەمریکاییەکان فرۆشرا.
ئەم دزییەی کە چەند هەفتەی پێشوو ئاشکرابوو، نەک تەنها لە ڕوی بڕەکەیەوە، بەڵکو لە زۆر ڕوەوە جیاوازە.
لە بەر ئاڵۆزی و هەبونی دەستی چەندین لایەن و گروپ و ناوەند و دەزگا و وڵاتان، هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی سادە و پرسیار و وەڵام لە سەر پرسەکە بدوێین.
گرنگترین پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو پارەیە هی کێیە؟ بە کورتی ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکان، بە تایبەتی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان. لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانی پێشوتر، عەبادیدا، هەوڵدرا کە بڕی داهاتی نانەوتی عێراق زۆر بکرێت. یەکێک لەم پلانانە ئەوەبوو کە ئەو کۆمپانیایانەی لە وڵاتدا کار دەکەن دەبێت بڕی پێنج لە سەد لە سەرمایەیان لە لای باجی گومرگی دابنێن و هەروەها بڕی سێ لە سەدی سەرمایەیان وەک ئەمانەت یان دیپۆسێت دابنێن، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بکرێت کە لە باج هەڵنایەن.
ئەم بڕە پارەیە ئەگەر بۆ ماوەی پێنج ساڵ هیچ جوڵەیەکی پێنەکرا، ئەوا دەچێتە لای حکومەت، پاشان ئەگەر بۆ ماوەی پێنج ساڵی تر کۆمپانیاکان نەیانتوانی بەهانەیەکی بڕواپێکراو بدەنە حکومەت کە پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە ئەوا دەبێتە موڵکی گشتی یان حکومەت. ئەمە لە بڕگەی ٢٦ی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی حکومەتی عێراقیدا چەسپیوە. کەواتە بڕە پارەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکان، بە زۆری کۆمپانیا بیانییەکان، کە ئێستا دەستیان بە جوڵە کردوە بۆ داواکردن و گێڕانەوەی. ئەگەر حکومەتی عێراقی نەتوانێت ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە، ئەوا دەبێت لە خەزێنەی خۆی بیداتەوە بە ئەو کۆمپانیانە. کەواتە حکومەت دوو قات زەرەر دەکات.
بۆچی ئەم پارانە کەڵەکە بوون؟ وەها دیارە پرسی پارە و مامەڵەی بانکی لە عێراق زۆر زۆر پڕ ڕۆتین و سەرئێشە و ئاڵۆزە. بەڵام ئەم دۆخە زیاتر ئاڵۆزبوە، کاتێک عەبادی داوا لە دیوانی ڕقابە دەکات کە ئەو برە پارانە بەبێ ووردبینی نەگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. ئەم ووردبینیە وەهایکردوە کە گەڕانەوە زۆر سەخت و بگرە موستەحیل بوە. لێرەدا دوو دیاردە هەیە جێگای ئاماژەپێدانن: یەکەم، بیرۆکراسی دیکتاتۆریی و دووەم، بیرۆکراسی گەندەڵی. لە سایەی ڕژێمی دیکتاتۆریدا، دەزگای بیرۆکراسی زۆر کافکایانە دەبێت، بەو مانایە هەوڵدەدات کە بەرپرسیار و بڕیاردەر تیایدا وون بێت، چونکە لە ڕژێمی دیکتاتۆریدا باجی هەڵە زۆرجار ژیانە. بۆیە ئێستا ئەگەر بچوکترین کارت هەبێت لە هەر دەزگایەکی حکومی ئەوا بەردەوام ئەم دەتنێرێت بۆ ئەو و ئەو دەتنێرێت بۆ لای ئەویتر و ئیتر ئاوا لە بازنە (دائرە)دا دەتخولێننەوە هەتا لە کۆتاییدا جێگا نامێنێت بۆ مۆر و واژۆ، زۆرجارییش کارەکە ڕایی ناکرێت. دیارە زۆرینەی فەرمانبەر هۆکاری ئەمە نازانن، بەڵکو وەک گومان لێنەکراوێک مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن.
هەرچی بیرۆکراسیەت وەک گەندەڵییە، دیاردەیەکی بڵاوە لە شێوازە زۆرەکانی گەندەڵیدا. فەرمانبەر کارەکە ڕایی ناکات هەتا سودێکی لێنەبینت. ئەمەشە دیاردەی واستە و ڕەشوە و بەرتیل لە وڵاتێکی وەک عێراقدا لە هەموو شتێک زیاتر بڵاوە و زیانی ئێجگار گەورە بە خەڵکی ئاسایی دەگەیەنێت.
ئەو پارانەی کە کۆمپانیاکان لە هۆبەی باج دایانناوە، بە زۆری لە بەر هۆکاری دواکەوتن و داواکردنی ڕەشوە و هۆکاری تری وەک کات کوژی و ئەوەی لە ئەدەبیاتی گەندەڵیدا پێی دەڵێن Red Tape دەستبەرداری ئەو بڕە پارانە دەبن. لەبەر ئەم هۆکارانە ئەم برە پارە زۆرە لە هۆبەی باجدا کۆبوەتەوە.
ئەوانە کێن کە داوای ئەم پارانە دەکەن؟
ڕامان لە ناوی کۆمپانیاکان، حوتی چەماوە، داهێنەر، باکانی بەغداد، ئێوارانی بیابان، پەرستەران، زۆر شتمان پێدەڵێت. یەکەم، ناوەکان هەرچەندە شاعیریی دیارن بەڵام دەرخەری ئەوەن کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە نین بۆ کار و شوێن و کرداری کۆمپانیاکان. بەم پێیە ئامانجی سەرەکی ئەم ناوانە ئەوەیە مەبەستی سەرەکی ئامانجی کۆمپانیاکان بشاردرێتەوە. دووەم، ئاماژە ئەوەیە کە چۆن کۆمپانیاکان لە ماوەیەکی کورتدا دروستکراون، هەروەها بۆ کارێکی تایبەتی ماوە کورتن. سێیەم، ناوەکان بۆ ئەوەنین کۆمپانیا و خاوەنەکانی بناسرێنەوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە لە وڵاتێکدا کە بچوکترین کاری حکومی توشی چەندەها بێرە و بردە و سەرئێشە و دواخستن و نەکردنت دەکات، کەچی ئەم کۆمپانیایانە لە کورتترین کاتدا، بە ناوێکی وەهمییەوە، بە سەرمایەیەکی کەمەوە، دەتوانن بە قاچاخترین کار هەستن لە گەڵ چەندین وەزارەت و سەرۆک وەزیران و هۆبە و دەزگا و کەسایەتی ناو حکومەتدا. ئەمە بۆخۆی ئاماژەیەکی ڕونە کە سەرتاپا دەوڵەتی عێراق و حکومەتی عێراقی کاری هەرە سەرەکی دزیکردنە. حکومەتی عێراقی لە مێژویدا بەڵام بە تایبەتی پاش ٢٠٠٣ بۆ ئەوە دروست دەکرێت کە بەکاربێت بۆ دزیکردن. یەکێک لە گرێکوێرەکانی حکومەتی عێراقی ئەوەیە کە چۆن دزییەکە بەش بکرێت، بەپێی سیستەمی بەشبەشێنە. لێرەدا بۆ خۆشی ئاماژەیەک بە بیرمەندی هۆڵەندی ئارند لایپهارت دەکەم. ئەو باوکی تیورەی موحاسەسەیە. ئەم سیستەمە وەها داڕێژراوە کە ئەو وڵاتانەی لە پاش جەنگ بتوانن هەموو پێکەوە حوکم بکەن و کەس تەریک نەکرێت و هەموو مافی ڤیتۆی هەبێت. بەڵام لە عێراقدا زۆر لێهاتوانە گۆڕیویانە بۆ ئەوەی چۆن هەموو پێکەوە بیدزن.
کێ بەرپرسیارە؟
بە گشتی هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە سەرەتای کارەکە لە لایەن سەرۆکی لیژنەی دارایی دەورەی پێشوی پەرلەمانەوە بە ناوی هەیثەم جبوری دەستی پێکردوە. هەیثەم ئەو کەسەیە کە کتاب دەکات بۆ ئەوەی کار ئاسانی بکرێت بۆ بە دەستهێنانەوەی ئەو پارانەی کە لە هەژماری کۆمپانیاکاندان. هەیسەم خۆی دەڵێت بە پشت بەستن بە بڕگەی ٢٦ی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ئەم کارەی کردوە. بەڵام ئەوەی ڕونە کە کارەکە بە تەنها ناکرێت و بە تەنهاش ناخورێت. بۆیە هەیسەم تەنها سەرەتایە. ئەوەی مایەی نوکتەیە بۆ دەستگەیشتن بەم پارانە لە پرۆسەیەکی ئاساییدا، دەبێت بە دوانزە فلتەردا تێپەڕێت، وەک بەرێز کاک ئەحمەدی حاچی ڕەشید بۆی رون کردمەوە. بەڵام ئەم دوانزەیە کەمکراوەتەوە بۆ سێ فلتەر و ئەو سێ فلتەرەش هەماهەنگییان کردوە بۆ بردنی پارەکە. وەزیری دارایی لەم پرسە بە ئاگابوە، بەڵام خۆی لێپاراستوە، ڕەنگە ئەوەش هۆکاری کشانەوەکەی بێت. بەڵام سەرۆک وەزیران هەتا بینەقاقای تیایدا نوقمە.
چۆن ئاشکرابوو؟
هۆکاری ئاشکرابونی ئەم ئابڕوچونە بە گشتی دوو دید هەیە، یەکەم، گوایە لە نێوان وەزیرێک و پەرلەمانتارێک و کۆمەڵێک سەڕافدا کێشە دروستبوە لە سەر بەش. دیارە شایانی باسە کە دیاردەی پارە گۆڕینەوە لە عێراق یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی پارە دزین، (ئەحمەد چەلەبی لە سەر ئەو پرسە دەرمانخواردکرا). دیدی دووەم، لە لایەن وەزیری نەوتەوەیە کە ماوەیەک لە لایەن کازمییەوە کرا بە وەزیری داراییش بە وەکالەت. کاتێک کە پەرلەمان پۆستی وەزیری داراییان لێسەندەوە ئاشکرای کرد.
دەتوانرێت چی بکرێت؟
بە گشتی دزینی دوو بلیون و نیو دۆلار، ڕەنگە وەک بڕێکی گەورە دیاربێت بەڵام بە پێی سەرجەم پرۆسەی دزی ناو عێراق بە هیچ شێوەیەک بڕێکی زۆرنیە. بڕی پارەی دزراوی عێراق لە دەیان و بگرە سەد بلیون دۆلار زیاترە. ئەم دزییە وەها دیارە کە هەموو لایەنەکان تیایدا سودمەندن، بۆیە ئەگەری زۆرە کە دێزە بە دەرخۆنە بکرێت یان ئەگەر ناچاربکرێن یەک دوو کەسی لاو هەندێک پارەیان پێبدرێت و لە بەرامبەردا ئامادەبن بچنە بەندیخانە بۆ ئەوەی پرسە دێزە بە دەرخۆنە بکرێت. کەواتە دەوڵەتی عێراقی نەک هەر پارەکەی دەست ناکەوێتەوە، بەڵکو ڕەنگە ناچار بکرێت کە دوو بلیون و نیو دۆلارەکەی کۆمپانیاکان ببژێرێت. بەڵام گوێی مەدەنێ، ئەمە نابێت بە دزی سەدە، بەڵکو بە دڵنیاییەوە، عێراق خۆش بێت هی تریشی بە دوادا دێت.
178 جار خوێندراوەتەوە