ڕۆژهەڵاتییەکان چی بکەن؟

ئەوەی هەستی پێدەکەم، لە کاتێکدا شۆڕش لە ڕۆژهەڵات هەیە، کە یەکێک لە ڕەهەندەکان و ئامانجی ئەو شۆڕشە ئامادەبونە لە دونیادا، یان هەوڵدانە بۆ ئامادەبون لە دونیادا، بەڵام نوخبەی ڕۆژهەڵاتی ئەو ئامادەییەی نیە بۆ ئامادەبون لە دونیادا.

ئامادەبون لە دونیادا چەمک و واقیعێکی ئێجگار ئاڵۆز و سەختە. جێگای سەرسوڕمان نیە کە نوخبەی ڕۆژهەڵاتی کێشەی ئامادەبونی هەیە لە دونیادا. کوردستانی ڕۆژهەڵات، زیاتر لە پارچەکانی تری کوردستان لە ژێر کاریگەری هەژەمۆنیەتی ئیمپراتۆریی فارسیدایە، هەروەها ئێران بە بەراورد بە وڵاتانی تری وەک عێراق و سوریا و تورکیا خاوەن هەژەمۆنیەتێکی زاڵترە.

تورک بە لابردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی توشی پەشۆکان و برینێکی شارستانی بوو. بە هاتنی ئیسلامییەکان، بە تایبەتی لە سەر دەستی داودئۆغلۆ هەوڵی ئەوە درا ئەو پاشخانە بهێنرێتەوە تێکەڵ بە تورکیای ناو ناتۆ و ئەوروپای بکەن لە پێناو زاڵبونی بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

نوخبەی ئێرانی بە بەراورد بە نوخبەی وڵاتانی تر زیاتر ئامادەیە لە دونیادا و مەیلی مەعریفەی زیاترە. ئەمەش وەها دەکات شەڕی کوردی ڕۆژهەڵات سەختتر بێت. نوخبەی ئێرانی دەیەوێت ئێران وەها وێنا بکات کە بێ سنورە وەک حەمید دەباشی دەڵێت. هەروەها دەیانەوێت وەها وێنای بکەن کە خاوەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، یان خاوەنی کەلتور و شارستانیەت و مێژویەکی دێرین و تایبەتە.

بۆیە شەڕی کوردانی ڕۆژهەڵاتی بۆ ئامادەبون لە دونیادا شەڕە لە گەڵ ئەم میراتەدا. ئەوەی من هەستی پێدەکەم، کۆمەڵێک ئایدەلۆژیا زاڵن بە سەر ئەو پانتاییەدا بەبێ بونی توانایەکی ئەوتو بۆ تەرجەمە کردنیان بۆ خوێندنەوەی واقیع. جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی هەڵگری ئایدەلۆژیایەک بیت و باوەڕت پێی هەبێت و بیکەتە چاویلکەت و لە ئەنجامدا ببیتە ڕۆبۆتی ئایدەلۆژی، لە گەڵ توانای بەکاربردنی ئایدەلۆژیا بۆ تێگەیشتن لە واقیع.

ڕۆژهەڵاتییەکان دەبێت واقیع بین بن. دەکرێت مرۆڤ دژ بەو واقیعە بێت کە هەیە، بەڵام هەمیشە مرۆڤ لە بەردەم دوو بژاردەدایە، بژاردەیەکیان ئەوەیە کە ڕێسا و ئامرازەکانی واقیعەکە بەکاردەبات بۆ ئامانجی خۆی، یان هەڵوێستی بەرامبەر وەردەگرێت و لە کەیسی کورددا دەبێتە قوربانی.

لە ساڵی ١٩٧٩ ئێران لە بەردەم دوو بژاردەدابوو، بژاردەیەک چەپ، سۆڤیەت، بژاردەیەکی تر ئیسلامی. خاوەنی هێز و واقیع لە دونیادا ئەوەی بەباش زانی کە ئێران بە ئیسلامی ببێت لە بڕی چەپ بونی و بونی بە بەشێک سۆڤیەتی، ئەمە بەشێک بوو لە واقیعی سەردەمی جەنگی سارد.

کەواتە ڕێسای یەکەمی هەوڵدان بۆ ئامادەبون لە دونیادا ئەوەیە کە واقیعییانە توانای بینینی واقیعت هەبێت. ئەمە کارێکی ئاسان نیە، زۆرینەی زۆری خەڵک ناتوانن بیکەن، چونکە پێویست دەکات لە واقیعی زاڵیان داببڕێن. زۆرینەی مرۆڤەکان بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، ئامێرێکی دووبارەکەرەوەی ژینگەکەیانن.

یەکەم خاڵی واقیعی بوون بریتیە لە تێگەیشتن لە کرۆکی سیاسەت لە هەموو ئاستەکاندا. سیاسەت گەر بگەڕێینەوە بۆ کتێبی سیاسەتی ئەرستۆ، کە لە سەرەتادا پێش هەموو شتێک باس لە کۆیلە دەکات. تێگەیشتن لە کۆیلە زێدە گرنگە. پۆلێنکردنی خەڵکێک بە کۆیلە و خەڵکێکی تر بە ئازاد مانای وەهایە کە پلەبەندییەک دروست دەکرێت بەوەی کێ حکومی کێ بکات. کێ مافی حوکمداریی هەبێت بە سەر کێدا؟ کێ بە سروشت پیادەکەری دەسەڵاتەو کێ جێبەجێکەر. لە دۆخی ئێستای ئێراندا ئەمە پێمان دەڵێت کە ئەوەی گرنگە لە سیاسەتکردن لە دۆخی ئەمڕۆی ئێراندا پرسیاری ئەوەیە کە کێ مافی دەسەڵاتداریی هەیە و کێ دەکرێتە دەرەوەی دەسەڵات. لە دەستوری ئێستای ئێراندا، کورد و سوننە و ئافرەت، لە دەرەوەی دەسەڵاتن. پێشتر لە سەردەمی پەهلەوی و قاجار و ئەوانیتردا زۆرینەی بێدەسەڵات بوون. لێرەدا دوو ڕەهەند گرنگە، یەکەم، گۆڕینی ڕەگەزی دەسەڵات. رەگەزی دەسەڵات هەمیشە نێربوە، ئێستا کاتیەتی کە بگۆڕێت بۆ مێ. وەک چۆن ئەرستۆ ئافرەتیش دەکات بە کۆیلە، دوای چەندین هەزار ساڵ خەبات دەکرێت بۆ کۆتایی کۆیلەبونی ئەو بونەوەرە. سەرپۆشی زۆرەملێ، سیمبولی نەبونی ئازادی ئەو بونەوەرەیە بەوەی خۆی بێت. مێینەبونی زیاتری دەسەڵاتی ئێرانی، کەلتوری دەسەڵاتیی، لە خزمەتی جیاوازەکان و کەلتورەکان و ئەوانیتردایە. ئافرەت سنگفراوانتر و مرۆڤترە لە پیاو. بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئایسلەندا بنواڕە.

دووەم، ڕەهەند شوناسی دەسەڵاتە. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران لە خەڵکانی جیاوازبوون، بۆ نمونە دواین شا کازاخ بوو. پێشتر قاجار بوو. هەندێک باس لە زەندبون و ئەوانیتریش دەکەن. بەڵام هەموو لە هەناو کەلتوری فارسیدا دەژی. ڕەنگە بۆ ڕونکردنەوەی ئەمە نمونەی چین لێرەدا سودمەندبێت. کاتێک خەڵکی دەرەکی حوکمی چینیان کردوە، بیرۆکراتیەتی چینی هێندە ئاڵۆز و گەورە و خاوەن شوناسی دەسەڵاتی خۆی بوە، هەمیشە ئەو دەسەڵاتە دەرەکییەیان کردوە بە چینی. ئەمە بۆ ئیسلام و ئەوانیتریش ڕاستە. بەم پێیە کۆتایی هێنان بەو کەلتورە لەسەر یەک ژیانیەی نێوان دەسەڵات و فارسیی، ئەرکی گەورەی نوخبەی سیاسی ڕۆژهەڵاتە. لە نێوان حاکم و کەلتوری دەسەڵاتیی فارسیدا پەیوەندییەکی هابیتۆسی (بوون بە بەش لە یەکتری) دروست دەبێت. ڕەنگە مێینەکردنی دەسەڵات و فرەیی کردنی زۆر پێکەوە تەبابن. ئەمە وەک بەشی ناوەوە.

 بەڵام بۆ ئەوەی لە هەناو ئێراندا ئامادەبیت، دەبێت لە دونیادا ئامادەبیت، یان دونیا ڕێگات پێبدات کە لە دونیادا ئامادەبیت. ئەمەیان کارێکی سەختترە. نوخبەی ئێرانی زۆر زیاتر کە نوخبەی کوردی ئامادە و ئامادەباشن بۆ ئەم پرسە.

پرسی ئەوەی دونیا چی دەوێت. دیارە دونیا یانی دەسەڵاتدارانی دونیا. ئەوەی دونیا دەیەوێت خواستێکی ئاسان نیە. یەکەم، دونیا نایەوێت ئێران توشی پشێویی درێژخایەن ببێت. دووەم، لە هەمانکاتدا نایانەوێت ئێران ببێت بە زلهێزی ناوچەکە. بەڵام پەیوەندی نێوان ئەم دووە زۆر ئاڵۆزە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دەستوەردان لە وڵاتانی تر ئاسانە، لە هەمانکاتدا دۆخی جیهانیی بونی ژیار و سیاسەت دەخوازێت وڵاتان دەست لەیەکتر وەربدەن. وڵاتێکی وەک ئێران هەرگیز بەبێ دەستوەردانی دەرەکی نامێنێتەوە. کاتێک وڵاتێک دەستوەردەدا، ئەوا دەروازە بۆ ئەوانیتریش دەکاتەوە کە هەمان کار بکەن. بەم پێیە دەتوانین بڵێن، ئێمە لە سەردەمێکداین کە هەر وڵاتێک توشی قەیران بوو و لە ئەنجامدا سەروەری بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەست ئەدات. بە جۆرێک ڕەنگە بە ئاسانی نەگەڕێتەوە دۆخی سەقامگیریی، چونکە سەقامگیریی دەبێت لە بەرژەوەندی هەموو هێزە دەستوەرداوەکان بێت، ئەمەش ئاسان نیە.
بەڵام لە هەمانکاتدا هەموان دەزانن کە ئێران ئەوەی لە خۆیدا پەنهانداوە کە زلهێزێکی هەرێمی گەورەبێت. ئێران کە ئێستا ئابورییەکی نزیک لە داڕوخان بوەتەوە، لە نێو باشترین سی ئابوری جیهانە. بە نەمانی ئابلۆقە و فشار بە خێرایی دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین بیست ئابورییەکی جیهان. هەبونی هەردوو ئەگەرەکە بە توندی، ئەگەری لاوازبونی زۆر و بەهێزبونی زۆر، وەهایکردوە دۆخی ئێران سەخت بکات. نوخبەی ڕۆژهەڵاتی دەبێت خۆی بۆ هەردوو ئەگەرەکە ئامادە بکات.

لە هەمانکاتدا دەرەوە، تەنها لە گەڵ هێزدا مامەڵە دەکات، نەک لە گەڵ ماف و خواست و بەها. بۆ نمونە لە ڕۆژئاڤا کورد هێزی هەبوو، بۆیە بوو بە بژاردە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە.

196 جار خوێندراوەتەوە