لە ماوەی ڕابردودا دوو ناوەندی ئاینی لە سوریا
بوون بە جێگای سەرنج و سیمبول و پیادەکردنی دەسەڵات.
یەکەمیان
گۆڕی زەینەبە، کە دەکەوێتە دەرەوەی دیمەشق کە سیمبولی شەڕی ناوخۆی ئیسلام و چەوسانەوەیە،
بە تایبەتی لە نێوان یەزید و بنەماڵەی ئیمامی عەلیدا.
ئەم جێگایە لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە کرابوە
بەهانە بۆ بونیان لەوێ و بونی مەترسی لە سەر مەرقەدەکە.
لە سەروبەری کەوتنی ئەسەددا دێڕێک زۆر ئاماژەی
پێدەدرا ئەویش: لن تسبى زينب مرتين. بە مانای ئەوەی دووجار زەینەب ناکرێت بە سەبییە،
( سەبییە کردەیەکەی دیلگرتن و کۆیلەیەتی و مامەڵەی سێکسییە).
بەپێی ئەم حەکایەتە جارێک لە سەردەمی یەزیدا زەینەب
بە سەبییە کراوە، نابێت جارێکی تر بە سەبییە بکرێتەوە.
دیارە
وەک لە ڕستەکەدا دیارە جۆرێکە لە ختۆکەدانی تایفی و ئاینی و شەڕی ناوخۆی ئیسلام بۆ
وروژاند و تەجنیدکردنی خەڵک بۆ شەڕ.
دیارە ئەمە بە هانای ئەسەدەوە نەهات چونکە ئەسەد
بە هۆکاری زۆر، لە سەروی هەمویانەوە زوڵم و گەندەڵی نەیتوانی داکۆکی لە خۆی بکات.
ئێستا پاش کەوتنی ئەسەد ئەو جێگایەی بوتە جێگای
نمایشی دەسەڵات مزگەوتی ئەمەوییە لە دیمەشق. ئەم مزگەوتە، مێژویەکی کۆنی هەیە. لە
سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام ئەم جێگایە جێگای پەرستن بوە، پاشان لە سەردەمی ڕۆمان و
بێزەنتیدا. تەنانەت سەرجەم ئەندازەسازییەکەی بێزەنتتیە.
مزگەوتەکە لە سەردەمی وەلیددا دروستکراوە، بەڵام
دێرینی و گرنگی دەیکاتە سیمبولی دەسەڵاتی ئەمەوی سوننی بەرامبەر شیعە. جێگای باسە
لە حەوشەکەیدا سەلاحەدین نێژراوە.
بونی مزگەوتی ئەمەوییە بە پانتایی و سیمبولی دەسەڵات،
ئاماژەیەکی ڕونە بۆ گەڕانەوەی سوننە بۆ دەسەڵات لە شام، هەروەها کردەیەکی ئەنقەستە
بۆ جاڕدانی کۆتایی دەسەڵاتی شیعە یان ئێرانی.
بێگومان ئەستەمە پیادەکردنی دەسەڵات لە ئاین
داببڕیت، بەڵام کردنی شەڕی ناکۆتای ناو دینی ئیسلام بە بنەمای دەسەڵات ئاماژەیەکی
خراپە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات چونکە سوریا دەبێت لە سەر بنەمای تراژیدیاکانی لێبوردەیی
دروست بکات هەتا بتوانێت سەقامگیر بێت نەک تۆڵە و زاڵبون و سڕینەوە.
72 جار خوێندراوەتەوە