هەرێم بەغدا: باڵایەتی ناعەقڵ

قسە زۆر لە سەر پەیوەندی هەرێم و بەغداد کراوە، بەشی زۆری تایبەتە بە هەنوکەییەتی کێشەکان، زاڵبونی لایەنگریی و نەیارێتی، بێتوانایی لە بینینی وێنا گەورەکە و لە سەروی هەمویەوە جنێو. بۆیە دەکرێت بڵێن قسەی سەنگین دەربارەی ئەو پەیوەندییە هێشتا نەکراوە.

یەکەم، هەرێم لە دۆخێکی تایبەتی جیهانیدا هاتە ئاراوە، کە زاڵبونی جیهانگیریی و تاک جەمسەریی بو. جیهانگیری دەوڵەتی وەها دەبینی کە دەبێت دەسەڵاتەکانی لە دەستدا بۆ یەکە ناوخۆییەکان و یەکە جیهانییەکان. پرسی تاک جەمسەریش ڕونە. ئەم رەهەندە ئێستا گۆڕانکاری ڕادیکاڵی بە سەردا دێت، دژ بە بەرژەوەندی کورد. ساڵانێکی زۆرە هاوار دەکەین سی ساڵی ڕابردو و ناوازە بو، بەرەو کۆتایی دەچێت. خەڵک و دەسەڵاتداریش نە تێدەگات و نە گوێ دەگرێت. چەند ساویلکەییە نەزانی بۆچی دەمریت.!

دووەم، ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش نوسیمان پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێم، لە سەر بنەمای یاسا یان دەستورنییە، بەڵکو لە سەر بنەمای هێزە. کەس لە پەیوەندی یاسا و هێز تێناگات.

سێیەم، لە ناوەوە یەکێتی و پارتی و خەڵک دەیانزانی دەبێت پێکەوەبن باشە، بەڵام لەبەر زاڵبونی دەسەڵاتی حیزبی و گروپ و کەسەکان، نەیارێتییەکان بەردەوام درێژەی پێدەدرا. خەڵکێکی زۆر سودمەندبو لەم پرسە. بۆیە مانەوە و درێژەپێدانی گەرەنتیی بو.

چوارەم، لای هیچ هێزێکی کوردی، پرسی کورد لە ئارادانییە. هەمو بەشێکن لە هەناوى قەیرانەکەدا بۆ دەستکەوتی خۆیان. خەڵک هاندەر و بەکاربەر و درێژەپێدەری ئەم دۆخەیە.

پێنجەم، لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمەریکادا، کاتێک ئەمەریکییەکان داکۆکی لە یەکخستن و رێکخستن و کرانەوەی ئابوری و بونی پەیوەندی لە نێوان باشور و ڕۆژاڤا و زۆر بواری تر دەکەن، خواستەکانی ئەمەریکا وەک مەترسی دەبینرێت بۆ سەر نوخبەی حاکم. ئێستا شتێک نەماوە بە ناوی پەیوەندی کورد و ئەمەریکا، ئەوەی هەیە لە گیانەڵادایە.

شەشەم، رون بو، سیاسەتی موچە، چ داهاتویەکی هەیە. نە بەشی هەمو دەکات و نە دەتوانرێت درێژەی پێبدرێت. موچەی سیستەمی هەرێمی دروستکرد. موچە کۆتایی پێدەهێنێت.

حەوتەم، زاڵبونی دیدی لاکۆڵانی بەوەی دەبوایە هەرێم هەمیشە گوێڕایەڵی بەغداد بوایە بۆ ئەوەی بەغداد سزای نەدات. تێنەگەیشتنە لە چیەتی دەوڵەت، بە تایبەتی دەوڵەت لای نوخبەی عێراقی کە هێشتا دیدێکی ڤیبەری سێنتراڵیان هەیە. تێنەگەیشتنە لە ترسە وجودیەکانی عێراق، تێنەگەیشتنە لە بونی عێراق بە دەسکەلای وڵاتانی ئیقلیمی، تێنەگەیشتنە لە ڕۆڵ و پێگەی کەمینە لە ناو عەقڵیەتی ئەم نوخبە سیاسییەدا، کە هەمیشە وەک تاوانبار و خیانەتکارێک تەماشا دەکرێت. تێنەگەیشتنە لە مێژوی عێراق لە فەیسەڵەوە، لە جیهانگەرایی شیعە، چۆن زوڵم لێکراو دەبێت بە زاڵم.

هەشتەم، ئەوەی جێگای پێکەنین و گریانە زۆرێک بڕوایان وەهابو کە ترسی دەرەکی بونی نەماوە لە سەر کورد، هەرێم بوەتە یەکەیەکی سروشتی.

ئەوەی هەمو کەسێک دەبێت لە خۆی بپرسێت، بۆچی کورد دروست نەبو وەک یەکەیەک، بۆچی بنەماڵەکان دروست بون؟ حوکمی بنەماڵەکان تەنها دۆخێکی دەرەوەی خۆیان بڕیار لە گەشە و مەرگیان دەدات.

455 جار خوێندراوەتەوە