ئەردۆغان لە واشنتۆن

دوای هەژدە مانگ رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکیتر گەڕایەوە واشنتۆن. سەفەری پێشوی، سەفەرێکی پڕ لەکێشەبو کاتێک کە پێکدادان لە نێوان پاسەوانەکانی ئەردۆغان و خۆپێشاندەراندا دروست بو. سەردانی ئەمجارە لە زۆر روەوە ئاڵۆزتر بو.

ترەمپ و ئەردۆغان لە زۆر روەوە لە یەک دەچن، لە بڕوا نەکردن بە سیستەمی وڵاتەکەیان، بە حکومەت، بە میدیا، بە ئازادی و ئۆپۆزسیۆن و زۆر بواری تر. هەروەها هەردوکیان زۆریان پێباشە زۆر شت لە رێگای خۆیان یان کەسە نزیکەکانیانەوە بکەن، بۆ نمونە هەردو زاوای ئەردۆغان و ترەمپ رۆڵێکی چڕ و چالاک دەبینن لە فەراهەمکردنی پەیوەندیەکەدا. 
سەردانەکەى ئەردۆغان لە ساتەوەختێکی باشدا نەبو
ترەمپ لە دیدارێکدا لە گەڵ ستیڤ بانۆن پێش بونی بە سەرۆک باس لە پەیوەندی بازرگانی و نزیکایەتی خۆی دەکات لەگەڵ ئەردۆغاندا، لەم دوایانەشدا جۆن بۆڵتن ئاماژەی بەم بوارە دا.

بەڵام سەردانەکەى ئەردۆغان لە ساتەوەختێکی باشدا نەبو، چونکە ئەوە یەکەم رۆژی پڕۆسەی لەکار لابردنی ترامپ بو لە کۆنگرێس.
یەکێک لە هۆکارەکان کە ترەمپ بایەخێکی زۆری بە ئەردۆغان دەدا و تەنانەت بە راشکاوانە وتی ئەوەبو کە لە بەها و بایەخی پڕۆسەی ئیمپیچمێت یان هەوڵی لە کارلابردنی کەم بکاتەوە.

ئەردۆغان بە ئەجیندایەکی چەند خاڵیەوە هاتبو بۆ واشنتۆن، موشەکی (S400) ، کۆتایی هێنان بە پەیوەندی کورد و ئەمەریکا، هاڵك بانک، بە جینۆساید ناساندنی قڕکردنی ئەرمەنیەکان و کۆمەڵێک پرسی تری کۆن وەک گویلەن و زەراب . 
لیندسی گراهام ئامادە نەبوە تەماشاى کورتە فیلمەکەى ئەردۆغان ببێت
سەرەتا بە کورتی یەکتریان بینی پاشان دانیشتنی تایبەتیان هەبو.
ترەمپ لە یەکێک لە دانیشتنەکانی ئۆڤاڵ ئۆفیس لیندسی گراهام و چەند سیناتۆرێکی تری بانگهێشت کرد بۆئەوەی لەگەڵ ئەردۆغاندا قسە بکەن.
ئەردۆغان لە کاتی دانیشتنەکەدا ئایفۆنێکی دەرهێناوە و هەوڵیداوە کە کورتە فلیمێکی پڕوپاگەندەیی دژ بە کورد پێشانی ترەمپ و سێناتۆرەکان بدات. لیندسی ئامادە نەبوە تەماشای بکات، بەڵام ترەمپ بینەری بوە.

لەم کاتەدا مشتومڕی گەرم لە نێوان ئەردۆغان و لیندسی گراهامدا لە سەر کورد دروست بوە. لیندسی بە ئەردۆغانی وتوە؛ ئایا تۆ دەتەوێت وەک تۆ هەمان شت بکەم بە کورد. ئەردۆغان لە وەڵامی لیندسیدا هەڵچوە.

ئەردۆغان وتبوی کە تورکیا زیاتری کردوە بۆ دژایەتی داعش لە کورد، لیندسی وتبوی کە بڕوای بەوە نیە.

بە کورتی لە پرسی کورددا وەها دەرناکەوێت کە هیچ گۆڕانکارییەک روبدات. 
پرسی جەوهەری بۆ ئەمەریکا پرسی رۆکێتە روسیەکانە
ئەو پرسەی کە لیندسی گراهام وەها دیارە کە سازشی لە سەر کردوە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەکانە کە رێگا نادات لە سێنات تێپەڕێت، بەو جۆرە نابێتە یاسا و حکومەت ناچار نابێت پێوەى پەیوەست بێت. پرسی ئەرمەنیەکان بۆ ئەمەریکاییەکان هەتا ئاستێک سیمبولییە، سەرباری بونی لۆبیەکی بەهێزی ئەرمەنی، کە زیاتر لە دیموکراتەکانەوە نزیکن. بەڵام بۆ تورکیا ئەم پرسە جەوهەرییە، چونکە ئەگەر ئەمەریکا دانی پیادا بنێت ئەوا ئەگەری هەیە کە سزایەکی قورسی ئابوری و قەرەبوکردنەوەیەکی درێژخایەن بە سەر تورکیادا بسەپێنێت، وەک پرسی جولەکە و ئەڵمانیا هەروەها عێراق و کوێت.

بەڵام پرسی جەوهەری بۆ ئەمەریکا پرسی رۆکێتە روسیەکانە کە بە (S400) ناسراوە.

کۆشکی سپی بە راشکاوانە ئەوە دەڵێت کە هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر تورکیا راستەوخۆ پەیوەستە بە پرسی (S400) ەوە. ئەم پرسە بۆ ئەمەریکا سەختە چونکە راستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە سیستەمی بەرگری ناتۆوە.
بەڵام تورکیا لە دۆخێکدا نیە کە بتوانێت بیوەستێنێت، چونکە تورکیا ئێستا بە هەمانشێوەی ئەمەریکا پێویستی بە روسیایە.

بە وتەى هومیرا پاموک کە ڕۆژنامەنوسێکی ناسراوە (خوشکی ئۆرهان پاموکی نوسەرە) کە لە فڕۆکەکە لە گەڵ ئەردۆغاندا بوە، ئەردۆغان لە فڕۆکەکدا وتویەتی کە تورکیا ناتوانێت دەستبەرداری مەشەکی (S400) ببێت.
هەروەها ئەوەشمان لە بیرنەچێت کە ئەردۆغان نامە بەناوبانگەکەی ترەمپی هێنایەوە بۆ ترەمپ.

1548 جار خوێندراوەتەوە