ئەمەریکا و عێراق: دانوستان

پێشنیاری حکومەتی ئەمەریکی بۆ سازکردنی دانوستانی ستراتیژیی لەگەڵ عێراقدا، ئاماژەیە بۆ چەند ئەگەرێک.

یەکەم، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمەریکا ستراتیژی گۆڕی بێت.

دوەم، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمەریکا ئامراز و شێواز و تاکتیکی بگۆڕێت.
سێیەم، دەکرێت هەردوکیان بێت.

یەکێک لەو ئەگەرانەی کە باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە ئەمەریکا، کە هەتا ئێستا ئامانجی ئەوەبوە کە شەڕی ئێران لە عێراقدا بکات، لەمەولا دەیەوێت عێراق بە ئاڕاستەیەکدا ببات کە عێراق خۆی توانای ئەو شەڕەی هەبێت.
ئەم وەرچەرخانە رەنگە لە ئێستادا بۆ ئەوانەی کە لە نزیکەوە لە دۆخی عێراق ئاگادارن هەتا ئاستێکی زۆر ناواقیعی بێت.


بەڵام ئەگەر ستراتیژبێت، ئەوا مانای وەهایە کە ئەمەریکا جۆری مامەڵەی لەگەڵ عێراقدا دەگۆڕێت.

یەکەم، ئەمەریکا هەوڵدەدات کە هەمو هێزەکان لە حکومەتی عێراقیدا هەبن.
دوەم، هێزە ئەمەریکیەکان رۆڵی پشتیوانی ببینن، لە گەڵ رۆڵی ڕاهێنان و فێرکردن.
سێیەم، ئەمەریکا دەیەوێت کە هێزەکانی نزیک لە ئێران بخاتە ژێر فشارەوە.

ئەم دانوستانەی کە هەفتەی داهاتو بەڕێوەدەچێت لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، لە لایەن ئەمەریکاوە دیپلۆمات و شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیڤد هەیڵ، سەرپەرشتی دەکات و لەلایەن عێراقەوە ئەگەری هەیە، لوقمان فەیلی سەرکردایەتی بکات.

بەپێی ئاستی پلەی تیمەکە دانوستانەک لە پلە سێدایە. وا دەردەکەوێت کە تیمی عێراقی بچوك بێت و تیمی ئەمەریکی کە باس لە (21)کەس هەیە، گەورەبێت.


ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمەریکا دید و ئامراز و ئامانجی دەگۆرێت، بەڵام عێراق ئەو لایەنە نیە کە ئەنجامدەری گۆڕانکارییە.

نزیکبوەنەوەی وادەی دانوستانەکان مشتومڕێکی لە واشنتۆن دروستکردوە لە نێوان ئەوانەی کە خوازیاری مانەوەن، ئەوانەی کە هیچ ئامانجێک لە مانەوەی ئەمەریکا نابینن، لە گەڵ ئەوانەی کە ئەمەریکا مەرجی هەبێت لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراقدا.

ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی (2015) ئەم سەرۆک وەزیرانەی ئێستای عێراق رۆژنامەنوسی بو. لە سایتی ئەلمۆنیتەر بابەتێكی نوسیوە (لە کۆمێنتدا لینکەکەیم داناوە) دەربارەی ئەوەی کە پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و عێراق پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە. دەکرێت ئەو داوایە ئێستاش ڕەوابێت یان ئێستا دەرفەتی هەبێت کە بێتە دی.

ئێستا ئەمەریکا لە ناوچە کوردییەکانی سوریا و هەرێمی کوردستانیش ڕۆکێتی پاتریوتی هەیە. ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ سود وەرگرتن لە خاکی کوردستان لە ململانێکانی ناوچەکەدا. دەبێت کورد لە دانوستانی هەفتەی داهاتودا بەشداربن، وەک ئەمەریکیەکان دەڵێن.

هەرچیەک و هەرچۆنێک بێت ئەمساڵ هەتا پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پەیوەندی عێراق و ئەمەریکا هێندە لە ژێر فشاردا نابێت. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر پەیوەندی ئەمەریکا و عێراق و ئێران.

916 جار خوێندراوەتەوە