ئایا بای بای خەلیفە؟

سیستەمی خەلافەت بۆ حوکمڕانی وەک سیستەمی ئیمپراتۆریەت وەهایە. لە هەمان سەردەمدا هاتوەتە ئاراوە و خەسڵەتەکانی هاوبەشە. خەلافەت سنور نازانێت، هەتا هێزی هەبێت دەکشێت. بە مافی خۆی دەزانێت هەتا هێزی هەبێت دەسەڵاتیشی هەبێت. دوژمن کەسێک نیە کە مەترسی هەیە لە سەر ئەو، بەڵکو دوژمن کەسێکە، کە وەک ئەو نیە. ئەم جۆرە سیستەمە لە مێژوی سەرهەڵدانیەوە، مایەی کێشە بوە بۆ دەوروبەری، بە تایبەتی ئەوروپا.

 

ئەوروپاییەکان کێشەی گەورەیان لە گەڵ خەلافەتی عوسمانیدا هەبوو. دەسەڵاتی خەلافەت گەشتە ڤییەنای ناو دڵی ئەوروپا. ئەمە لە مێژووی ئەوروپادا بە مەسەلەی ڕۆژهەڵات ناسراوە. ئەم پرسە لای ئەوروپیەکان بە ئاستێک مایەی نیگەرانی بوو کە پلانرێژی ئەوەکرابوو کە بۆ یەکجاری خەلافەت و سەرزەمینی تورکیا لە ناو بەرن. ئەم پلانە بە دوو ئاراستەدا بوو، یەکەم لێسەندنەوەی خەلافەت لە تورک و گەڕانەوەی بۆ عەرەب، دووەم، لە ڕێگای پەیماننامەی سیڤەرەوە کۆتایی هێنان بە تورکیا.

 

گەڕانەوەی خەلافەت هۆکاری ئەوەبوو کە ئەورپاییەکان هیچ کێشەیان نەبوو لە گەڵ ڕەوتە ئاینیە عەرەبیەکان. زیندوکردنەوەی بنەماڵەی هاشمی لە سەر ئەو بنەمایە بوو کە ئەمان شەرعیەتی ئەوەیان هەیە کە ئەم ڕەوتە بگرنە دەست. دیارە ئەوروپاییەکان خوازیاری ئەوە نەبوون کە سیستەمێکی خەلافەتی تر دروست بێت، بەڵکو لە بڕی ئەوە پەرەیان بە ناسیونالیزمدا وەک سیستەمێکی پاش خەلافەت. ناسیونالیزم لەوەدا جیاوازە کە فراوانخوازنیە، سنوری دیاریکراوە و سەر بە سیستەمی وێستڤیلیایە. بە گشتی دەوڵەتی نیشتمانی، تیرەتۆری بنەمایەکە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی. نەتەوە نیشتەجێی خاکێکە.

بەڵام پرسەکە لە ڕۆژهەڵات بەو جۆرە نەبوو، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بەکار هات بۆ کۆتایی هێنان بە خەلافەت. پەیوەست بوون بە خاک و سەرزەمینی تازە داڕێژراو بۆ ئەوە بوو کە شوناسی ئیسلامی خەلافەتی کۆتایی پێبهێنرێت. هەندێک وەها دادەنێن کە ئەمە کارێکی خراپ بوو، چونکە ئیسلامی تورکی ئەگەری هەبوو مۆدرێن بێت، بەڵام ئەوەی ئەو ڕۆژگارە کرا، ئەمڕۆ لە توندڕەوی ئیسلامی و سیستەمی خەلافەتی داعشدا خۆی نمایش دەکات.

گەر لە تەنزیمان بنواڕیت دەبینێت بە گشتی سێ ڕەوت بوو، ڕەوتێکی کە داوای گەڕانەوەی دەکرد بۆ ئیسلام، رەوتێک بانگەشەی دەکرد بۆ سودبینین لە مۆدێرنە و رەوتێکی تر تەواو مۆدرێنخوازبوو. دەکرێت ئەم سێ ڕەوتە ئەمڕۆش بە ڕوونی ببینرێت. بەڵام لە دۆخ و جیوپۆلتیکێكی جیاوازدا. لە راستیدا پرسەکە ئەوەنیە کە خەلافەت دەبێت لە دەستی کێدابێت، هەبوونی ئەم سیستەمە لە دەستی هەرکەسدا دەبێتە مایەی کێشە بۆ نیزامی جیهانی ئەمرۆ. بە کەوتنی باغۆز خەلافەت و ئاگایی خەلافەت کۆتایی نایەت. کێشەی گەورەی ئەوروپاییەکان و ئەمڕۆش ئەمریکاییەکان ئەوەیە کە لە خود سەنتەرییەوە لەم کێشەیە دەنواڕن، چۆن لە خۆمانی دورخەینەوە. گەر لە سەرەتای سەدەی بیستدا مەوداکان بەربەست بوون، ئەمرۆ چیدی مەوداکان بەربەست نین. سیستەم و خەیاڵی خەلافەت ئەمڕۆ وەک خەیاڵێکی سیاسی لە دوو بنەماوە سەرچاوە دەگرێت، یەکەم شکستی ئەو وڵاتانەی کە زۆربەیان موسوڵمانن، دووەم رەگەزپەرستی ئەوروپی.

ئەوروپاییەکان ئەمڕۆ توانای ئەوەیان نیە کە دەستکاری سیستەمی جیهانی بکەن، هەتا بێت زیاتر دەبنە هێزێکی هەرێمی. بەڵام سەرهەڵدانی بیری توندڕەوی لە پەراوێزی ئەواندا مایەی کێشەیە بۆیان بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ. ئەم بێدەسەڵاتی و قەیرانە دۆخێکی دەرونی سەختی دروستکردوە کە دەبێتە مایەی رەگەزپەرستی زیاتر لە هەناوی ئەوروپادا.

 

له‌ ئه‌ژماری تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

1093 جار خوێندراوەتەوە