پەیەدە و سوریا لە سەر قۆناغی یەکەم، کە دەکرێت بە قۆناغی سەربازی ناوی بەرین رێککەوتون. هەردو ئێران و روسیا چالاکانە لە پشت ئەم رێککەوتنەوە بون.
ئەم رێککەوتنە دەرئەنجامی یاری هێزە گەورەکانە: ئەگەر ئەمەریکا رێگەی بە تورک نەدایە، ئەگەر تورک هێرشی نەکردایە، ئەم رێککەوتنە نەدەبو. بۆیە مامەڵەی روس و ئێران لەگەڵ تورکیادا وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە هاتنەئارای رێککەوتنەکە مامەڵەیەکی ستراتیژی دەبێت بە ئاڕاستەی ئەوەی کە، کورد ناچار بە ئەسەد بکات، بەڵام تورک نەبێتە خاوەن هیچ پێگەیەک لە سوریا.
ئەمە بەڕونی لە لێدوانەکانی پوتیندا دەبینی، کاتێک دەڵێت نابێت هیچ هێزێکی ناشەرعی لە سەر خاکی سوریا بێت. لە هەمانکاتدا روسیا و ئێران ئامانجیان ئەوەیە کە ئەمەریکا زیاتر لاوازبێت لە ناوچەکە و هەروەها وێنایەکی وەهای بۆ دروست بکەن کە لایەنێکە ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت. کەواتە ئەمەریکا، تورکیا، روسیا، ئێران، کورد لە گەڵ سوریا هەمو بەشێکن لە هاوکیشەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ. ئەوروپا و عێراق و بەشەکانی تری کوردستان و ئیسرائیل بەشێکی تری هاوکێشەکەن بەڵام هەندێک بە ناڕاستەوخۆ.
لە ئێستادا رێککەوتنەتەکە لە قۆناغی یەکەمدایە، کە دەکرێت بە قۆناغی سەربازی ناوی بەرین، گرنگ قۆناغی دوەمە کە قۆناغی سیاسییە. هەر سێ سوریا و ئێران و روسیا دەیانەوێت ئەم رێککەوتنە ببێت لە بەر کۆمەڵێک هۆکار، یەکەم، دەرکردنی ئەمەریکا، دوەم، هەبونی دەسەڵات بە سەر زۆرینەی خاکی سوریادا، سێیەم، دابینکردنی زەمینەیەکی ئابوری بۆ ئەوەی رژێمی ئەسەد لیی سودمەند بێت، چونکە ناوچەی کوردستان لەڕوی سامانی سروشتی و کشتوکاڵ و ئاوەوە بۆ سوریا ئێجگار گرنگە. هەردو ئێران و روسیا نایانەوێت کە سوریا بۆ ماوەیەکی درێژ ببێت بە باری ئابوری بە سەریانەوە، بە تایبەتی کە هەردو وڵات لە ژێر ئابوری سەختتدا دەژین و بەردەوام روبەڕوی ئابڵوقە دەبنەوە.
ئایا ئەم قۆناغە چەند دەخایەنێت؟ ئایا قۆناغی سیاسی کەی دەست پێدەکات، یان هەر دەست پێدەکات هەمو ئەگەرن و پەیوەستن بە دۆخەکەوە.
وەک لە ئێستادا ئاماژەی پێدەکرێت کە قۆناغی سیاسی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی دابیندەکات، بەڵام ئەسەد ئێستا دۆخەکە وەها دەبینێت کە فشاری هێزی دەرەکی و ناوەکی لە سەر نەماوە، دەتوانێت لە قۆناغی خۆ رزگارکردن بەرەو قۆناغی خۆپتەوکردن بڕوات.
لە ئیستاوە کاری کورد دەبێت بەو ئاڕاستەیەدا بێت کە چۆن پێگە بۆ قۆناغی سیاسی دابڕێژێت، ئەم سۆز و پشتیوانەی نێودەوڵەتییە سەرمایەیەکی باشە، بەڵام ئەگەر بتوانرێت وەبەرهێنانی لە سەر بکرێت.
2302 جار خوێندراوەتەوە