ئەگەر بە ووردی لە پرسیارەکە بنواڕین دەبینین ڕوانگەیەکی
تایبەت بە خوێندنەوەی کات و مێژوو لە خۆی دەگرێت، ئەویش ڕوانگەی بازنەییە. بەومانەی
مێژوی کۆمەڵگا مرۆییەکان بەردەوام لە خولێکی ناکۆتای ئاشتی و شەڕدایە. شەڕ دەبێتە
هۆی ئاشتی و هەروەها ئاشتی دەبێتە هۆی شەڕ. ئەم دیدە بازنەییە بۆ مێژوو هەمیشە بونی
هەبوە، بەڵام لە ماوەی ڕابورودا لە لایەن بیرمەند و زانستخوازی ئەمریکی پیتەر تۆرچنەوە
بە شێوەیەکی دەوڵەمەندانە پەرەی پێدراوە.
[ئەوەی شایانی ئاماژەیە دیدی زاڵ لە دونیای ئێمەدا
بۆ کات و مێژوو، دیدی مارکسییە، کە بروای وەهایە داهاتوو باشترە لە ڕابوردوو. بۆ
نمونە لە چەمکەکانی وەک بۆ پێشەوە، یان پێشکەوتن یان پێشەوا، دەرخەری ئەوەن ڕۆشتن
بەرەوپێشەوە ڕۆشتنە بەرە باشی یان باشتر لە ڕابوردوو].
یەکێک لەو بیرمەندانەی کە پیتەر کاری زۆری لە سەر
دەکات، ئیبن خەلدونە. ئیبن خەلدون کە نوسەری کتێبی موقەدیمەیە، باس لە پەیوەندی نێوان
بەدەویی و شاریی دەکات. چۆن بەدەویی دەبێتە شاری و پاشان شاری بە هۆی خۆشگوزەرانییەوە
دادەڕزێت لە هەموو ئاستێکدا و بەدەوی دێت بە سەریدا زاڵ دەبێت. ئێمە دەزانین کە لە
کرۆکی ئەم هەڵکشان و داکشانەدا چەمکی عەسەبیەت هەیە، کە یانی جۆرێک لە پێکەوەبون.
لەناو بەدویدا کەسەکان پێکەوەن، لە شار خۆشگوزەرانی عەسەبیەت یان هەر جۆرێکی تر لە
پێکەوەبون هەڵدەوەشێنێتەوە.
پیتەر تورچن وەک کەسێک کە لە زانستی زیندەوەرزانی
و ماتماتیکەوە هاتەوە دەیەوێت ئەم هەڵکشان و داکشانە لە سەر بنەمای داتا لێک بداتەوە.
لە ڕوانگەی پیتەرەوە دەمەوێت قسەیەک لە سەر پەیوەندی
کۆمەڵگا و حکومەت بکەم لە ئێستای باشوردا. باشوری ئێستا لە قەیراندایە. قەیرانەکان
وەها باس دەکرێت کە یەکگرتن نیە، گەندەڵی هەیە، موچە خراپە، خزمەتگوزاریی نیە، یان
خەتای کوردایەتییە، یان کورد خۆی هەر بۆ ئەوە دروست نەکراوە حوکمی خۆی بکات. هەندێک
لەم تێڕوانینانە سنوردارن، هەندێکیان بێ بنەمان، هەندێکەشیان ڕەگەزپەرستن. بەڵام
ئایا ئەم تێگەیشتنانە کرۆکی پرسەکەمان بۆ راڤە دەکات؟ .
ئەگەر لە ڕوانگەی پیتەرەوە ناڕەزایی و توندوتیژی
ببینین لە کۆمەڵگادا، ئەوا بە گشتی سروشتێکی خولی یان بازنەیی هەیە. بەو پێیە، دەکرێت
بڵێن کە بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵێک دۆخێک لە هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە، کە تیایدا
خەڵکێکی زۆر بوون بە فەرمانبەر. فەرمانبەربوون کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو، وەک ئاسانی،
کەمکاریی، بەردەوامی، دڵنیایی، بونی کات. کە هەمویان لە ئەنجامدا بونە مایەی هاتنە
ئارای کەلتورێکی بەرخۆریی، نمایشکاریی و پۆزاویی لە ئاست و شێوازی جیاوازدا. ئەمە
لە ئاستی گشتیدا. لە ئاستی نوخبەی باڵادا، تۆڕێکی بەرفراوان لە دەوڵەمەندی نوێ
دروست بوون کە بە گشتی لە دەرئەنجامی دۆخی سیاسی و ئابوریی بوو، نەک هیچ خەسڵەتێکی
تایبەت.
بە دیدی ئیبن خەلدون و پیتەر ئەم دۆخە بنەماکانی
قەیران لە خۆی دەگرێت. هەرچەندە من ئاماژەم بە ئەوەدا کە باس لە نیتچە بکەم، بەڵام
ڕەنگە لە تەوەرەکەمان کەمێک دوورمان بخاتەوە. من نامەوێت بە دیدێکی دادوەرییانەش
قسەبکەم وەک ئیبن خەلدون دەدوێت بەوەی پۆلێنکاری ئەوەبکەم ئایا چی باشە و چی خراپە.
پیتەر یارمەتیدەرمانە بەوەی بە پشت بەستن بە
داتا، دەتوانین قسە لە سەر داهاتوو بکەین. لێرەدا چەمکی نوخبە بە مانا فراوانەکەی
گرنگە. بەم پێیە کاتێک لە سەردەمێکدا هەرکەسێک بچێتە زانکۆ، پاش تەواوکردنی دەستوبرد
لە کەرتی گشتیدا دادەمەزرێت، نەریتێک دروست دەکات، کە هەموان دەبێت ئەو مافەیان هەبێت.
بەڵام لە پڕ ئەم مافە یان مافە وێناکراوە، نامێنێت.
لێرەدا نوخبەی خوێندەوار فراوان بوە، بەڵام لە
ئەنجامی زۆربونی دەرفەتەکانی کەمبونەتەوە، بۆیە ئاساییە کە دژە نوخبە دروست ببێت.
دیارە لە کوردستان دۆخێک هەیە کە سودمەندیش ناڕازییە بەوەی سودەکانی وەک جاران بەردەوام
نیە.
لە ئاستی نوخبەی باڵادا، کاتێک مناڵی ئەم توێژی
نوخبەی باڵایە، گەورەدەبن، ئەوانیتر هەوڵدەدەن لە میانەی پرۆسەی سیاسیدا بگەنە دونیای
نوخبەی باڵا، بەڵام لە وڵاتدا هێندە دەرفەت نیە، کە هەموان بە ئاسانی بتوانن وەک ئەوانەی
پێشوو دەستیان پێبگات، بۆیە دژە نوخبە دروست دەبێت.
بەم پێیە ململانێ لە نێوان ئەوانەی کە دەستیان
بە داهاتەکان گەیشتوە و ئەوانەش کە خۆیان بە موستەحەق دەزانن کە دەستیان پێبگات دەست
پێدەکات. ئێمە لە هەموو ئاستێکدا شێوازەکانی ئەم ململانێیە دەبینین.
یەکەم خەسڵەتی ململانێ ئەوەیە کە هیچ بنەمایەکی
کۆکەرەوە نەماوە، ئێستا موچە تۆکمەترین گرێبەستی کۆمەڵایەتییە لە کوردستان. لە بەر
بەرفراوانی ئەم توێژە هەموو ئەوانیتری داپۆشیوە. بەڵام شەڕە کوشندەکە لە نێوان
نوخبەی باڵادایە.
ئێمە لە Robert Michels ەوە فێردەبین کە لە هەناو هەموو جۆرە رێکخستنێکدا،
هەرچەندە دژ بە نوخبە بێت، هەمیشە جۆرێک لە ئۆلیگارشی بەرهەم دێت. ئەو ئەمە ناو دەنێت
یاسای پۆڵاینی ئۆلیگارشی. لە کوردستان ئێمە دەزانین کە هەموو هێزە سیاسیەکان خێزانین.
بەو مانایە ئەندامی حیزبەکان نەک خەڵکی کارای سیاسی نین، بەڵکو تەنها ژمارەن، هەتا
خاوەنەکانیان دەستکەوتی زیاتریان پێ بە دەستبهێنێت. خەڵکەکان دەبنە ژمارەی لایک، دەبنە
ژمارەی دەنگ، دەبنە ژمارەی چەکدار.
هەموو ئەمانە کۆمەڵێک ڕێگریی دروست دەکەن. رێگریی
لەوەی کەسێکی دەرچوی زانکۆ دامەزرێت، کەسی ئەندامی حیزبێک ببێت بە ئەندام پەرلەمان
یان سەرۆکی حیزب، ڕێگریی لەوەی دەرفەت هەبێت هەتا دەستت بگاتە سەرچاوەکانی داهات.
ئەم دیاردەیە گەرچی جیهانییە، بەڵام لە هەر شوێنێک مایکرۆ-چیرۆکی خۆی هەیە.
بەم پێیە ئێمە بە دوو ئاراستەی پێچەوانەدا دەڕۆین.
لە کاتێکدا خەڵکی زیاتر دێنە شارەکان، خەڵکی زیاتر دەچنە زانکۆ، خەڵکی زیاتر دەبنە
خاوەن بڕوانامەی باڵا، خەڵکی زیاتر بە ئاگادەبنەوە لە بڕ و سەرچاوەی داهاتەکان، بەڵام
لە هەمانکاتدا هەتا بێت دەرفەتەکان کەمتر دەبن، دەست گەیشتن بۆ پلە و پایەکان سەختر
دەبن، بروانامەکان زۆر و بۆر دەبن. بە
کورتی سەردەمی فەرحانی خۆمان خۆش.
پیتەر ئەمە ناو دەنێت دژە نوخبە. دژە نوخبە ئەوانەن
کە دەبێت ببن بە نوخبە، چونکە هەموو شتێکیان کردوە کە نوخبە کردویەتی، بەڵام کات و
دۆخەکە جیاوازە. کاتێک دژە نوخبە فشار دەکات، نوخبە لە ئەنجامی فشاردا حکومەت یان
دەوڵەت بە مەبەستی خۆی بەکاردەبات و هەموو یاسا و ڕێساکان پێشێل دەکات لە پێناوی ئەوەدا
بتوانێت بەردەوام بێت.
دۆخی کوردستان لە چەندین ئاستدا خراپە، بە کورتی
ئاماژەیان پێدەدەم.
یەکەم، هەتا بێت سەرچاوە و بڕی داهاتەکان کەمتر
دەبێتەوە. ئەمەش وەها دەکات نوخبە و دەستوپێوەندەکەی کەمتر دەستکراوە بن وهەروەها
هەوڵی ئەوەبدەن زیاتر کۆمەڵگا بگوشن بۆ بەدەستهێنانی داهات.
دووەم، نوخبەی باڵا، لە ڕێگای بایولۆجییەوە،
ژمارەیان زۆر دەبێت. پیتەر لەم ڕوانگەیەوە قسەی لە سەر سعودییە کردوە کە چۆن نوخبەی
حاکمە بەردەوام زۆر دەبن و هەتا بێت زیاتر و زیاتر داهاتی وڵاتیان پێویستە بۆ شێوازی
ژیانیان. بەڵام داهات کەم دەکات، بۆ هۆکاری فشاری بەغدا و گۆڕانی دۆخەکە.
سێیەم، زۆرینەی هێزە سیاسییەکان و خەڵک بروایان
وەهایە کە ئەم دۆخە هیچ کێشەی نیە، تەنها ئەوە نەبێت هەندێک زۆر دەبەن و هەندێک کەم
و هەندێک هیچ. بەو مانایە ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی قەیرانەکان نابینن، بەڵکو وەهای دەبینن
پرسەکە تەنها لە چۆنێتی دابەشکردندایە. ئەمە لای نوخبەی ئۆپۆزسیونیش وەهایە، بگرە
خراپترە.
چوارهەم، ئەم دۆخە لە دونیادا گفتوگۆی زۆری بەرهەمهێناوە.
بەڵام دۆخەکە بەوجۆرە نیە لە دونیای ئێمەدا. نە لە ئاستی دەزگا و نە لە ئاستی تاک
(ڕۆشنبیر) قسە لە سەر وەرچەرخانە گەورەکان نیە. کەواتە دیاردە گەورەکان ڕودەدەن بەبێ
تێگەیشتن. بە شاربون بە خێرایی ڕودەدات، دانیشتوانی شار کە خەونی کاری جیاوازی هەیە،
لە بەردەم کۆڵانێکی داخراودان، نوخبە بە هەموو جۆرەکانی زیاتر سەرقاڵە بە خۆیەوە،
خوێندن خراپکەری دۆخەکە نەک باشکەریی، چونکە خوێندن کەسەکان بۆ سیستەمێک ئامادە دەکات
کە کۆتایی هاتوە.
189 جار خوێندراوەتەوە