ئەمەریکاو پەکەکە


هەواڵی دانانی بڕی پارە لە سەر سێ سەرکردایەتی پەکەکە لە لایەن ئەمەریکاوە، هەواڵێکی ناخۆشە، بەڵام جێگەی سەرسوڕمان نیە بۆ مێژو و هەڵوێستی ئەمەریکا.

چەند خاڵێک لێرەدا گرنگە:
یەکەم، ئەوەی رویدا بەشێکە لە دانوستانی ئەمەریکا و تورک، رۆژی سێشەممە ماثیو پالمەر جێگری وەزیری دەرەوە لە ئەنکەرە بو. ئەمە بەشێکە لە دانوستانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، بە مانایەکی تر کاتێک بەشێکە لە دانوستان ئەوا بە مانای ئەوەی کە داوای لایەکە، لایەکەی تر ئامادەبوە جێبەجێبکات لە بەرامبەر داوایەکی خۆی یان زەمینە رەخساندن بۆ داوایەکی. لە هەمانکاتدا لە میانەی تۆڕێک لە داخوازی تری هەردولادا هاتوەتە ئاراوە. تویتکردنی لە لایەن باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەنکەرە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمەریکاییەکان وەک هەنگاوێک بۆ سەرنجڕاکێشانی رای گشتی تورکی بەکاری دەبەن. دیارە رای گشتی تورکی بە ئاستێکی زۆر دژە ئەمەریکاییە.

دوەم، ئەمەریکا لە سەرەتای پەیوەندی لە گەڵ پەیەدەدا هەمیشە کێشەی ئەوەی لە گەڵ تورکیادا هەبوە کە پەیەدە و پەکەکە پەیوەندییان نییە، تورک هەمیشە ئەوە دوپات دەکەنەوە کە هەردو یەکن. ئەمەریکا ئەم هەنگاوی ناوە، بۆ دەرخستنی ئەوەی کە پەیوەندی نیە لە گەڵ پەکەکەدا، بەڵکو پەکەکە وەک نەیاری تورکیا، بە نەیاری خۆی دەزانێت.

سێیەم، ئەم هەنگاوە سیمبۆلیکە پێش هەمو شتێک، پەیامێکە بۆ ناوخۆی تورکیا کە ئەمەریکا پشتیوانی کورد ناکات دژ بە تورکیا، بەڵکو ئامادەیە کە پارە لەسەر سەرکردەکانی پەکەکە دابنێت.

چوارهەم، ئەمە پەیام و فشارە بۆ سەر پەیەدە کە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا نەبێت و هەروەها دەستوەرنەداتە کاروباری تورکیا.

پەکەکە نابێت پەرچەکردارانە مامەڵە لە گەڵ ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکادا بکات. خراپ خوێندنەوەی ئەمەریکا، لە دەرئەنجامدا پەیوەندی خراپی لەگەڵ ئەمەریکادا لێدەکەوێتەوە. ناوچەکە پڕیەتی لە نمونەی خراپ خوێندنەوەی ئەمەریکا چ لە لایەن دۆست و چ لە لایەن نەیارانەوە. ئەمەریکا بەردەوام دۆست و نەیارەکانی نائومێد دەکات. ئەمە بەشێکە لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمەریکادا.

لە پشت ئەمەوە کۆمەڵێک هۆکار هەیە: یەکەم، ئەمەریکا کەس بە دۆست و هاوتای خۆی نازانێت. دوەم، سیاسەتی ئەمەریکی بەردەوام لە گۆڕاندایە، چونکە سیاسەتە لە ئاستی جیهاندا، سێیەم، ئەمریکا ئیدارەی دەگۆڕێت هەروەها هەڵوێستیشی.

دیارە پەکەکە چاوەڕوانی ئەوە نەبو کە ئەمەریکا قبوڵی بکات، بەڵام ڕونیشە چاوەڕوانی نەدەکرد کە دژایەتی بکات، چونکە پەکەکە بە هیچ جۆرێک دژایەتی ئەمەریکای نەکردوە. بەڵام قەدەری کورد سەختە، هەمیشە ئەوانیتر زیاتر کاریگەرن لە سەر بڕیاردان لە چارەنوسی زیاتر لە خۆی. ئەمە قەدەری هەمو گەلێکی بێدەوڵەت لە سیستەمی دەوڵەتیی دونیادا.

وەها بە باش دەزانم پەکەکە پراگماتیک بێت و بە ساردی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

1287 جار خوێندراوەتەوە