رووس وەک ئەمەریکاییەکان نین، ئەوان پەیوەندییەکی دێرینیان هەیە لە گەڵ کورددا، بە تایبەتی کوردانی ئێزیدی. یەکەم کەس باس لە ئەوان ئەکات شاعیری گەورە و ناسراوی رووس پۆشکینە. لە کتێبی سەفەرێک بۆ ئەرزڕۆم پوشکین کوردە ئێزیدیەکان بە خەڵکی تاوس ناودەبات. لە بەر بوونی کورد لە نێوان رووس و تورکدا ئەم پەیوەندیە لە قۆناغی جیاوازدا ڕۆڵی جیاوازی لێدەکەوێتەوە.
لە ڕۆژانی کۆتایی ئیمپراتۆریەتی رووسیدا عبدالرزاق بدرخان دەبێتە عاشقە رووس و هەوڵ دەدا بە پشتیوانیان دەوڵەتێک درووست بکات. ئەم پاشخانە، بە تایبەتی کە کوردناسی ئەمڕۆ بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ رووسەکان، بۆ من جێگای سەرنج بوو کاتێک لاڤرۆڤ باس لە کورد ئەکات بە وشەی minion.
ئەم وشەیە بە مانای ئەوە دێت کە کەسێکی بێ بایەخ، بێ هیچ گرنگییەک دوای کەسێکی گرنگ یان گەورە دەکەوێت. لاڤرۆڤ ئەم وشەیە بەکاردەهێنێت بۆ کورد لە پەیوەندیدا بە ئەمەریکاوە. بەو مانایە ئەمەریکا دەیەوێت لە خەڵکیک کە هیچ گرنگییەکیان نییە کارێک ئەنجام بدات.
بەکارهێنانی ئەم زمانە، وەک سوکایەتی بۆ کورد، دەربڕی چەند ئاماژەیەکە:
یەکەم، سوککردنی پەیوەندی کورد و ئەمەریکا لە ڕۆژئاڤا
دووەم، گەیاندنی پەیامی ئەوەی کە کورد خەڵکانێک نین کە ئەهلی دەوڵەت بن، ئەوان تەنها پاشکۆی هێزێکی گەورەن. ئەم سوکایەتییە بەشێکی زۆری سەرچاوەکەی کورد خۆیەتی. کورد تەنها لە یەک شتدا باڵایە ئەویش خۆ سوککردن.
سێیەم، دەربڕی بێزای رووسەکانە لە دۆخەکە.
بەڵام ئایا رووس یان لاڤرۆڤ بۆچی پرسی دەوڵەتی کوردی دەوروژێنێت لە ئێستادا. وەک دەزانین کە رووسەکان هێندە دژ نەبوون لە بەرامبەر ریفراندۆمدا، چونکە بە پێی دۆخەکە هەڵوێستیان وەرگرت نەک بە دیدی ئایدۆلۆژی و هەڵوێست، بەڵکو زیاتر پراگماتیست و یاریکەر بوون.
رووسەکان لە وروژاندنی ئەم پرسە چەند ئامانجێکیان هەیە
یەکەم، پەیامی ئەوەیە کە ئەمەریکا نابێت تەنها ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ئاوەدان بکاتەوە، بەڵکو دەبێت هاوکاری ئاوەدانکردنەوە بێت لە هەموو سوریادا.
دووەم، دەیانەوێت لە ڕێگای سیاسەتی ئاوەدانکردنەوەوە، کە لە سەرەتاوە ئەمەریکا پلانیەتی وەک چەکێک بەکاری بهێنێت، پەیوەندی و دانپیانانی شەرعیەت بۆ ئەسەد دابین بکەن.
سێیەم، رووسەکان بە گرێدانی ڕۆژئاڤا و باشورەوە دەیانەوێت پەیامێک بۆ ئەوروپا و تورک و ئەوانیتر بنێرن کە پشتیوانی ئەمەریکا مەکەن لە کارەکانیاندا، تەنها دەبێتە مایەی توندوتیژی ناسەقامگیری تر.
چوارهەم، ئەمانە هەموو لە ساڵیادی ١٦ی ئۆکتۆبەردا دەوروژێنرێت، وەک پاشخانێک بۆ ئەوەی یادەوەری هێزەکان ختوکە بدات کە هەوڵی جیاکردنەوە کێشەی لێدەبێتەوە.
بەڵام سەرباری ئەمە چەند ڕاستیەک هەیە
یەکەم، ئەمەریکا جگە لە ناوچەی کوردی هیچ دەسەڵاتێکی بە سەر پارچەکانی تری سوریادا نابێت. بۆیە ڕۆژئاڤا بۆ ئەمەریکا بریتی نییە لە پاراستنی کورد، بەڵکو بریتییە لە هەبوونی پێگە بۆ ئەوەی بەشێک بێت لە یارییەکە، لە وڵاتێکدا کە ئەمەریکا هەمیشە تەنها لە ڕێگای سیخوڕەوە کاری کردوە.
دووەم، رووسەکان دەزانن شەڕی ئاوەدانکردنەوە، ئەگەر ئەمەریکاییەکان بیکەن، ئەوا ئەگەر ڕۆژئاڤا ئاوەدان بکەنەوە و بەشەکانی تری سوریا بە وێرانە بمێنێتەوە لە ئەنجامدا دەبێتە کارتێک بۆ ئەمەریکاییەکان لە سەر مێزی دانوستان.
شەڕی ئاوەدانکردنەوە دەمێکە دەستی پێکردوە. من لە بەیروت بەشداربووم لەگەڵ ئەوروپاییەکان لەمبارەوە، دۆخێکی ئێجگار ئاڵۆزە. ئاوەدانکردنەوە تەنها ڕەهەندی ئابوری نییە، بەڵکو رەهەندی تری زۆرە.
4907 جار خوێندراوەتەوە