ئەو بەیانیە لە سلێمانی


کە هاوڕێیەک، کەسێکی تایبەت ئەم دونیا جێدەهێڵێت: دونیا لەو ساتەوەختەدا ڕادەوەستێ بە چەند فرمێسکێکی تایبەت. لە ڕامانی لە لەدەستدان، هەموو دونیا، دونیا خۆی، بۆ مەرگێک نەک تەنها ژیانێکی تایبەتی لێسەندوین، بەڵکو کەسێک کە لێیەوە دونیا دەروازەکانی دەکرایەوە. وەک جاک درێدا دەڵێت. هەرچەندە پایز نەبوو، بەڵام ئەو ڕۆژە بەیانیەکی پایزی بوو. ئایار بوو، لە شەودا هەندێک باران باری بوو، هەوای ئەو سەرەتای هاوینە هێشتا خۆش بوو. کە لە شوێنی مانەوەکەم لە سلێمانی بەرەو مزگەوتی گەورەی ناوەڕاستی شار ڕۆشتم، هێشتا بەیانی زوو بو، شار وەنەوزی ئەدا. بەڵام بەردەم مزگەوتی گەورە ئاخنرابوو لە ئاپۆرەیەکی دڵتەنگ. دونیا خۆڵ بوو، خۆر بەدەرەوە نەبوو. ئاپۆراکە وورد وورد هەنگاویان دەنا. خەڵکەکان لە گەڵ یەکدا دروشمیان دەوتەوە و لە گەڵ روفاتەکەدا دەڕۆشتن. شەقامەکە تەسک بوو، جەماوەرەکە زۆر.

هەموو کەس بۆخۆی هاتبوو. هەموو کەس بۆ خۆی خەمبار بوو. لە جلوبەرگدا، لە ڕواڵەتدا، لە ئاهەکاندا، لە هەنگاوە وردیلەکاندا، لە بۆڵە و پرتەکاندا، ناڕەزاییەک گێنگڵی ئەدا. من ناڕازیم لەم دەسەڵاتە، من پیویستم بە کەسێکە هەتا لە گەڵیدا ئەم دەسەڵاتدا بوەستێنم لە زیاتر بیحورەمەتی، برسێتی. لە کرۆکی هەموو ئەمانەدا پەیامێک هەبوو. ئاپۆرەکە پەیامێکی هەبوو. من تەنیا کەوتم، ئێمە تەنیا کەوتین.

نەوشیروان مستەفا ئەو بەیانیە دوا پیاسەی خۆی دەکرد بە شاردا لە گەڵ خەڵکانێکدا کە بە خواستی خۆیان هاتبوون بۆ دوا پیاسەی ماڵئاوایی
شیوەنگێران تەنها کۆمەڵێل هەڵسوکەوت نیە بۆ دەربڕینی ئازاری لە دەستدان، بەڵکو پێش هەموو شتێک خۆ بینینەوەیە لە سەرەتای ڕێگایەکدا کە چیدی کەسی هاوەڵ یان هاوڕێ لەگەڵتا نیە.

کورد ئاشنایە بە لەدەستدان، بە شیوەن، بەڵام مەرگی کەم کەس وەک مەرگی نەوشیروان مستەفا پەیوەندیەکی تاکانە بوو. خەڵک هەریەک بە جۆری تایبەتی خۆی، لە دونیای خۆیەوە، خۆ ڕسکانە بەشداری ئەم شیوەنەی دەکرد. کورد زۆر تەنیایە لە دونیا. هەرچەندە ئەم تەنها بونە هێندە هەستی پێناکرێت لە ژیانی تاکدا، بەڵام سەرباری ئەوە تەنهابوون گرێیەکی ئاڵۆزی ئەم سەردەمەیە، کە بە شێوازی زۆر جیاواز، بە هۆکاری جیاواز دێتە ئاراوە. تۆکڤێل بڕوای وەهابوو تەنهابون وابەستەیە بە دیموکراسیەوە. بەڵام ئەوەی ئەو باسی لێوەدەکات، گەرچی لە دونیای ئێمەدا بوونی هەیە، بەڵام هەستی تەنیاکەوتنی ئەو بەیانیە جیاوازبوو. خەڵکەکە وەهایان دەبینی کە دەبێت بەرگری بکەن، داوابکەن، هەتا ئەوەی دەیخوازن بێتە دی. بەڵام کەسێک نەما هەتا ئەم خواستانە، لە ترسەوە بگۆڕێت بۆ هێز. بۆیە شیوەنگێڕانەکەی ئەو بەیانیە، شیوەن بوو بۆ تەنیا نەکەوتن. گەرچی لە دونیای ئێمەدا زۆرجار باس لە تاک و تاکبون و گرنگی تاک دەکرێت، بەڵام چونکە کەس تاک نیە، کەس هەست بە تەنیایی بوونی تاکبوون ناکات.

شیوەنگێڕان کردەیەکی ئاڵۆزە. چۆن ماڵئاوایی بکەیت، چۆن لە گەڵ نەماندا، لەگەڵ لە دەستداندا ڕابێیت، چۆن هەست بکەیت کە کەسێک, دەتەوێت لێرەبێت، چیدی ئیتر لێرەنیە.

بەڵام ئەگەر ئەمە بۆ زۆرینەی خەڵک کردەیەکی دەرونی سایکۆلۆژیە، شیوەنی ئەو بەیانیە، زیاتربوو لەوە. نەوشیروان مستەفا ئەو بەیانیە دوا پیاسەی خۆی دەکرد بە شاردا لە گەڵ خەڵکانێکدا کە بە خواستی خۆیان هاتبوون بۆ دوا پیاسەی ماڵئاوایی. گەرچی شیوەن، مەرگ، هەتا بڵێی رووداوێکی تایبەتە، ئەو بەیانیە مەرگ وەک دیاردەیەکی گشتی دەبینرا. گەرچی مەرگ بەشناکرێت بەڵام بۆ مەرگ هەموو پێکەوەبوون.

چونکە ئەم مەرگە کردەیەکی سیاسی بوو، ژیاری بوو. ئەم مەرگە لای گشت )پەبلیک( ئەزموون دەکرا. ئاپۆرە دەڕۆشت و ڕۆژ گەرمتر دەبوو و دڵەکان دڵتەنگتر. هەر تاکێک بە جۆرێک خەمباربوو، بەڵام خەمێکی گەورەتر لە ئاسۆدا دەبینرا. چی دەبێت؟ کێ ڕێگە دەگرێت لە هەموو ئەو خراپەیەی کە لە پەنهاندایە. ترسێک هەبوو کە هەموو شتێک کۆتایی دێت.

بە درێژایی رێگاکە خەڵك وەستابوون، بێدەنگانە دەیانڕوانی. ئەوان بینەری ڕووداوێکی تێپەڕنەبوون: ئەوە ڕوداوێک بوو کەلای هەرکەسێک ڕۆژانی دواتر بە جۆرێک دەبینرێت.

لە ناشتندا ماڵئاوایی بەرجەستەبوو. نەوشیروان مستەفا ئەو کەسەبوو کە لە سەردەمی گوێزەرەوەی ئێمەدا هەردوو توخمی هێز و بیری تێکەڵ دەکرد. چونکە ئێمە کۆمەڵگایەک و سیستەمێکی سیاسیمان نیە کە لە سەر بنەما یاسابێت؛ یاسا خۆی جۆرێکەلە رێکخستنی هێز، کە یاسا نەبوو کەواتە هێز رێکنەخراوە، بەڵکو هەمیشە لە ململانێداین، بەم پێیە هەبوونی بیر بەبێ موتوربەکردنی بە هێز، کاریگەری نابێت. ئەم پێکەوەگرێدانە لە دونیای کوردیدا لە ئاوابوندایە. ئەوەی بیری هەبێت هێزی نیە، ئەوەی هێزی هەبێت بیری نیە. بەبێ پێکەوەگرێدانی ئەم دوانەش، لە دونیای ئەمڕۆی کوردیدا، هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری مەحاڵە.

ئیتر نەوشیروان مستەفا لە یادەوەریدا بەرهەم دێتەوە. ئەو نابێتە مێژوو، بەڵکو، دەبێتە یادەوەری. وەک یادەوەری هەرکەسەو لە پێگەی خۆیەوە بیری لێدەکاتەوە. لە ڕۆگارێکدا کە دوو هێز، دوو گروپ لە کوردستان بونیان نیە کە بتوانن دانی خێر بەیەکتردا بنێن، ئەستەمە بتوانیت لە ڕوانگەی مێژوەوە بیبینیت
2987 جار خوێندراوەتەوە