ڕامان لە ڕوداوەکەی پاریس

ڕوداوە تیرۆریستییەکەی پاریس، کە دەوڵەتی فەرەنسی نکوڵی لە تیرۆربونی دەکات، ڕوداوێکی زێدە ئاڵۆزە. هەوڵدەدەین لێرەدا خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین. سەرەتا لە ئەنجامدەرەوە دەست پێدەکەین کە پیرەمێردێکی ٦٩ ساڵەی ڕەبەنە هێشتا لە گەڵ باوانە ٩٠ ساڵانەکەیدا دەژی. ولیەم مالات هەموو تەمەنی، هەتا خانەنشینی،  لە هێڵی شەمەندەفەر کاری دەکرد. یەکێک لە ئارەزوەکانی ئەوەیە کە چەکی کۆن کۆبکاتەوە. ئەو دەمانچەیەی کە لە ڕوداوە تیرۆریستییەکەدا بەکاری هێنا، دەمانچەیەکی ئەمریکی کۆنە. ولیەم چەند هەفتەیەکی کەم لەمەوپێش لە بەندیخانە بەرەڵاکرا. وەک ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسی پێی گوتم، نازانین بۆ پۆلیس دەستی بە سەر چەک و تەقەمەنییەکانیدا نەگرتوە، لە کاتێکدا ئەو لە جارێک زیاتر هێرشی کردوەتە سەر پەنابەرانی بیانی؟ بۆ ئەم کارانە هێندە بەبێ سزا دەڕوات؟ ئەمە لە ڕاستیدا بوە بە نەریت لە ئێستای فەرەنسادا. هێرش بۆ سەر بیانی کاری ڕەگەزپەرستی ڕوداوی ڕۆژانەی شارەکانی فەرەنسایە. لە پاشخانی ئەم ڕوداوانەوە، دۆخێکی سەختی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی لە ئارادایە. ڕاستڕەوی فەرەنسی لە هەوڵی ئەوەدایە کە شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسا بەرپا بکات و هەموو بیانییەکان یان بکوژێت یان وڵات بە دەریان بکات. یەکێک لە تیورە باوەکانی ئەم گروپانە تیورەی جێگرەوەیە، کە بیرمەندێکی فەرەنسی بە ناوی کامۆوە   Renaud Camus بڕەوی پێداوە.

 

پوختەی ئەم تیورەیە ئەوەیە کە ئەم خەڵکانە نابنە بەشێک لە کەلتوری ئەوروپی بەڵکو دەیانەوێت کەلتورەکەیان ببێتە جێگرەوەی کەلتوری ئەوروپی. ئەمە وەها دەکات کە ڕەگەزپەرستی فەرەنسی زیاتر کەلتوریی و ئەوروپییە، بۆ نمونە ڕەگەزپەرستی بەریتانی ئاستی جیاوازی تری هەیە. پارتێکی وەک یوکەیپی، تەنها دژ بە نائەوروپی نیە، بەڵکو دژ بە هەموو نابەریتانییەکە، بە ئەوروپییەکانیشەوە.

 

ئاسانکاریی بەرامبەر ڕەگەزپەرستان لەبونی ئەم پشتیوانییە فراوانەوەیە بۆ کردارەکانیان لە لایەن جەماوەرەوە.

ئایا ڕوداوەکە چی بوو، هێشتا جێگای مشتومڕە، کوردەکان دەیانەوێت وەک ڕوداوێکی تیرۆریستی ئەژمار بکرێت و دەوڵەتی فەرەنسی دەیەوێت وەک ڕوداوێکی ڕەگەزپەرستی لە قەڵەم بدرێت. لە پشت ئەم ناونانەنەوە کۆمەڵێک پاڵنەری ئاڵۆز هەیە. ئامانجی کوردەکان ئەوەیە کە تاوانەکە وەها بناسرێت کە کارێکی رێکخراوەو دەوڵەت یان گروپی گەورە لە پشتیەوەیەتی، کە تورکیایە. بەڵام دەوڵەتی فەرەنسی نایەوێت تاوانەکە وەها ببینێت. لێرەدا جێگایەتی ئاماژە بە تاوانێکی تر بدەین دە ساڵ لەمەوپێش کاتێک بەکرێگیراوێکی دەزگای میتی تورکی سێ چالاکوانی کوردی کوشت. لە ڕاستیدا کاتێک فەرەنسییە پیرەکە هێرشی کردە سەر ناوەندی کەلتوری ئەحمەد کایا، لەوێدا کۆبونەوەیەکی ژنان بەڕێوەدەچوو بۆ ئامادەکاری بۆ دەساڵەی تیرۆری سەکینە و هاوڕێکانی. ئەم ڕێکەوتە یەکێکە لە ئارگومێنتەکانی کوردەکان کە کابرای فەرەنسی تەنها نەبوە و پلانرێژیی وورد بۆ کارەکەی کراوە.

 

یادی دە ساڵەی کوشتنی سەکینە و هاوڕێکانی و دیزە بە دەرخۆنەکردنی لە لایەن دەوڵەتی فەرەنسییەوە، هۆکارێکی سەرەکی جۆری ناڕەزاییەکانی پاش کارە تیرۆریسییەکەی ڕۆژانی پێشوو بوو. هیچ نەکردنی دەوڵەتی فەرەنسی و داخستنی ئەو فایلە، وەهای لە کوردەکان کرد کە نەتوانن بە ئاسانی بڕوا بە دەوڵەت بکەن کە بە کارەکانی هەڵدەستێت.

 

دەوڵەتی فەرەنسی دەوڵەتێکی ئێجگار بیروکراتیک و ئاڵۆز و ناوەندگەرایە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ڕەوەندێکی وەک ڕەوەندی کوردی بە ئاسانی نەتوانێت لۆببی بکات، بە تایبەتی کۆمەڵگا و نوخبەی فەرەنسی ئێجگار پەرت و دژ بە یەک و پڕ لە توندوتیژییە. دەوڵەت و دەزگای سیخوری فەرەنسی پەیوەندی ئاڵۆزیان لە گەڵ تورکیادا هەیە. تورکەکان لە ڕێگای گورگەبۆر و لۆبیی و ناوەندە دینییەکانەوە کار بۆ نەهێشتن یان سنوردارکردنی ئامادەیی کورد و چالاکییەکانیان دەکەن.

 

ناوەندی کەلتوری کایا، یەکێکە لەو جێگایانەی کە لە ژێر فشاردایە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە. لە کاتێکدا کوردەکان دەیانەوێت ناوەندەکە پارێزراوبێت، بەڵام دەوڵەتی فەرەنسی لە بڕی پاراستن، ناوەندەکەی خستوەتە ژێر چاودێریی و بەردەوام سیخوڕی دەزگای ئینتلجینسیای فەرەنسی لەوێ ئامادەیە بە مایکی شاراوە و هەموو گفتوگۆکانی ناوەندەکە تۆمار دەکات. ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسی پێی گوتم، هەرگیز لەوێ هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادات، چونکە زۆر ئاشکرایە کە مایکی دەزگای سیخوڕی لەوێیە.

 

کوردەکانی فەرەنسا لە ژێر فشاری کۆمەڵێک فاکتەردان، فشاری تورک لە باکور، پلانی تورکیا بۆ هێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤا، هەروەها نەبونی ئارامی و ئاسایش لە هەندەران.  قسەی کوردێک بۆ ڕۆژنامەی لۆمۆند  رەنگە دەربڕی ئەم دۆخە بێت. ئەو دەڵێت: هەست دەکەم کەسێکی بێ وڵاتم، بێ ناسنامەم، بیانییەکم کە لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر.

 

لەم دۆخە دەرونی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، کوردەکانی پاریس پاش ڕوداوە تیرۆریستییەکە ناڕەزاییەیان دەربڕی بەڵام ناڕەزاییەکان بوون بە توندوتیژیی. هۆکاری ئەم توندوتیژیانە ئەگەر ئاڵۆزی پاشخانەکان و یادەوەرییەکان و باری دەرونی کەسەکان بە هێند وەرنەگریت ڕەنگە ئاسان نەبێت بە باشی لێی تێبگەیت. بۆیە هەندێک توندوتیژییەکانیان بە سودمەند نەزانی بۆ دۆزی کورد، بەتایبەتی کە فەرەنسا وەها دەبینرێت کە مێژوییەکی هەیە لە گەڵ کورددا و دۆستی کوردە.

 

بەڵام ناڕەزاییەکان بە پێوەری پاریس هێندە توندوتیژ نەبوون. گەر بەراوردی بکەیت بە توندوتیژییەکانی هێلەک زەردەکان، ئاسایی بوو. بێگومان ئەم ژینگە توندەی سیاسەتی فەرەنسی و پاریس بە تایبەتی کاریگەری هەیە لە سەر چۆنێتی دەربڕینی سیاسی. ڕەنگە کوردەکان ئەوەیان لە بەرچاوگرتبێت کە ئەزمونەکانی ڕابوردوو ئەوەیان پێدەڵێت کە دەوڵەت بە شێوازی مەدەنی ناخرۆشێت. دەکرێت ئەمە ناوبنێنین دیپلۆماسی زەبر. ئەم جۆرە دیپلۆماسییە ڕەنگە بۆ کاتی کورت، بتوانێت سەرنج ڕابکێشێت بەڵام ئەگەر بەردەوامی هەبێت ئەوا زیانی زیاترە لە سودی، بە تایبەتی بۆ خەڵکێکی بێ دەوڵەتی وەک کورد. ڕوونە لە سیستەمی دەوڵەتداریدا مرۆڤی بێدەوڵەت هەرگیز بارتاقەی مرۆڤی دەوڵەتدار نیە. وەک کەنداڵ نەزان ئاماژەی پێدا، کوردێک وەک چینییەک یان خەڵکێکی تری خاوەن دەوڵەت و هێزنیە، کوشتنی ئاسانە. هەرچەندە فەلسەفەی هەڤاڵان دەیانەوێت بڕوا بەخۆیان بهێنن کە دەوڵەت سەرچاوەی کێشەکانە، بەڵام نە سیستەمی دەوڵەتداریی دونیا بۆ کورد هەڵدەوەشێتەوە و نە گەرەنتی هەیە هەر سیستەمێکی جێگرەوە هێندە باش دەبێت. مەترسی ئەمجۆرە بیرکردنەوە ئەوەیە کە چارەسەرێکی موستەحەیل بکەیت بە ئامانج و نەتوانی لە گەڵ واقیعدا بژیت.

 

کوردەکان پێویستە چەند کارێکی نوێ بکەن؟

 

یەکەم، لە هەر خۆپێشاندانێکی تردا دەبێت کوردەکان ئاڵای وڵاتی فەرەنساش لە گەڵ خۆیاندا بەرن و لە مەیدانەکاندا بەرزی بکەنەوە. گەر تۆ دەتەوێت دەوڵەتی فەرەنسی و خەڵکی فەرەنسی پشتیوانت بێت و بتپارێزێت، ئەوا دەبێت خاڵی هاوبەش دروست بکەیت. هیچ کارێکیش هێندەی سیمبوڵ پڕ بە مانا نیە لەم ڕوەوە. سالانێک لەمەوپێش کاتێک لە هێرش کرایە سەر جڤاتی چینییەکان، ئەوا نە ئاڵای فەرەنسا و گۆرانی فەرەنسی ناڕەزاییان دەربڕیی. ئەمە ئەزمونێکە دەبێت لە بەرچاو بگیرێت. کوردەکان بەداخەوە تەنانەت ناتوانن سیمبولی هاوبەشی خۆشیان هەبێت.

 

دووەم، بۆ ئەوەی ناڕەزایی یان بێزاری پەنگخواردوو، توڕەیی یان توندوتیژی تەرجەمە بکرێت بۆ دەستکەوتی سیاسی دەبێت تیمی دانوستاکاری جیاواز و بە توانا هەبن. لە بەر قوڵی بیرۆکراسیەت و باڵایی فیکریی و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتیی و هۆکاری تر، کارکردن لە ناو کایەی سیاسەت و کۆمەڵگای فەرەنسیدا سەختە. زۆر گرنگە تیمی دانوستانکار خاوەن زمانی باڵای فەرەنسی بێت.

 

سێیەم، دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لە گەڵ ناوەندەکانی هێز لە فەرەنسا و دەرەوەیدا بکرێت. کەم ناوەندی هێز هەیە هەمیشە دۆست بێت یان هەمیشە دوژمن. هەروەها ناتوانرێت گرەو لە سەر نەیارێتییەکان بکرێت. بۆ نمونە ئەگەر حکومەتی فەرەنسی و تورکی کێبڕکێ بکەن، ئەوا مەرج نیە دەزگا سیخوڕییەکانیان هاوکاری یەکتر نەکەن. تورکەکان زۆر سودمەندن لە داعش، بە شێوازی زۆر.

146 جار خوێندراوەتەوە