عێراق؛ بەتەكنەلۆژیای نوێی ئاودێری كشتوكاڵ دەكات

KNN : Kurdish News Network
04:22 - 07/08/2024
عێراق
+
-

بەهۆی كەم ئاوی و گۆڕانی كەشوهەواوە عێراق (23) ملیۆن دۆنم زەوەی كشتوكاڵكردنی لەدەستداوە، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵی فیدراڵ دەڵێت؛ پلانیان داناوە لە رێگەی ئاودێریكردن بە تەكنەلۆژیای نوێ كشتوكاڵ لەو ناوچانە بكەن.


هەواڵ: (KNNC)


محەممەد خەزعەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند:  بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمبونەی ئاو،  مەزەندە كراوە كە روبەری زەوی ناوچە کشتوکاڵییەکانی وڵات لە (50) ملیۆن دۆنم زەویەوە بۆ (27) ملیۆن دۆنم لە پارێزگا جیاوازەکان كەمبوبێتەوە.


وتیشی: پلانی وزارەتەكەی لە وەرزی زستاندا و بۆ گەشەپێدانی بەروبومی گەنم گەیشتوەتە لە (50%) هەروەها لەچوارچێوەی پلانەكاندا زیاتر لە (12) ملیۆن و نیو دۆنم زەوی چێنراوە، هەروەك رەچاوی فراوانکردن و بەكارهێنانی زیاتر بۆ گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی كراوە.


بەرپرسەكە رونیكردوەتەوە: لە وەرزی رابردودا وەزارەتەكەی توانیویەتی چوار ملیۆن زەوی بیابانی بە بەکارهێنانی ئامێری ئاو پرژێن بەراوبكات و كشتوكاڵی تیادا بچێنێت.


وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بۆ زیاتر گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و زیادكردنی بەروبومەكەی وەزارەت بڕی (830) ملیار دیناری دیكەی بۆ کڕینی (12) هەزار ئامێری دیكەی ئاوپرژێن و تەکنەلۆجیای ئاودێری هاوچەرخ تەرخانكردوە كە دەتوانێت بۆ کشتوکاڵكردنی روبەری یەک ملیۆن دۆنم سودی لێ ببینرێت.

369 جار خوێندراوەتەوە