بەتۆمەتی هاوردەكردن و بازرگانیكردن بە
ماددەی هۆشبەر، دادگای رەسافە (12) كەسی بە لە سێدارەدان سزادا كە یەكێك لەو
كەسانە ژنێكە و رەگەزنامەی بیانیی هەیە.
هەواڵ: (KNNC)
میدیا عیراقییەكان ئاشكرایانكردوە، ئەنجومەنی
باڵای دادوەری رایگەیاندوە: بە تۆمەتی هاوردەكردنی مادەی هۆشبەر بۆ عێراق و
ساغكردنەوەی، لە دەروازەی سنوری زورباتیە پێنج كەسیان دەستگیركردوە، كە یەكێك لە
دەستگیركراوەكان ژنێكی بیانییە و لەناو پێداویستیەكانیاندا بڕی (1.5) كیلۆگرام
مادەی هۆشبەریان پێگراوە.
رونیانكردوەتەوە؛ بەهۆی هاوردەكرن و
بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەكان و دەستبەسەردا گرتنی بڕی (80) گرام
مادەی هۆشبەر، (50) گرام كریستاڵ و (18) حەبی (میتیلامفیتامین) سێ تۆمەتباری دیكە
سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەوەیان خستوەتەڕو، چوار تۆمەتباری دیکەی
مادە هۆشبەرەكان، كە لە نێویاندا ژنێک لە پارێزگای بەسڕەوە ماددە بۆ كڕیارەكانی لە بەغدا دابین
دەكات و (1.125) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری بەدەستەوە گیراوەو دەستگیركراون و
روبەڕوی دادگاكان كراونەتەوە.
میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بۆ
ئەوەكردوە، دادگا بڕیاری لەسەر هەرسێ دۆسییەكە و (12) تۆمەتبارەکە داوە، كەبەپێی بڕگەکانی
مادەی (27ـی یەكەم) لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەرونییەکان بە ژمارە (50ـی
ساڵی 2017) و بەپێی مادەکانی (47-48-49) لە یاسای سزادان، بڕیاری لە سێدارەدانیان
بۆ دەرچوە.
318 جار خوێندراوەتەوە