لە پارێزگاى نەینەوا، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی سەردەمی داعش چوار منداڵی خێزانێک گیانییان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربون.
هەواڵ: KNNC
قایمقامی قەزای بەعاج رایگەیاند؛ پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بون، بەشێک لە بریندارەکانیش تا ئێستا لەژێر داروپەردوى بینا روخاوەکەدا ماونەتەوە.
وتیشی: بۆمبەکە پاشماوەی تیرۆریستانی داعش بوە کە لە ناو خانویەکی چۆلکراوی گوندێکی قەزای بەعاج لە باشوری پارێزگای نەینەوا دانراوەتەوە و کاتێک ئەو خێزانە بەمەبەستی نیشتەجێبون چونەتە خانوەکە بۆمبەکە پێیاندا تەقیوەتەوە.
ناوبراو راشیگەیاندوە، لە ئیستادا لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەعاج و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت، بەپێی زانیارییەکان خێزانەکە 12 کەسن و چوار کەسیان کە منداڵن گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیشیان بریندارن، ئەوانی دیکەش لە ژێر داروپەردوی خاونەکەدا ماون و زانیاری لەسەر ژیانیان نییە.
134 جار خوێندراوەتەوە