سودانی: ئەمساڵ کێشەی راگرتنی ھەناردەکردنی نەوت ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
01:36 - 17/09/2024
عێراق
+
-

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پەرۆشی ئەوەیە کێشەکانی پەیوەندیدار بە ھەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە چارەسەر بکات.

 

هەواڵ:KNNC

 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

 

سودانی بە کەناڵی بلۆمبێرگ-ی ئەمریکی راگەیاندوە، عێراق ئەندامێکی گرنگە لە ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (OPEC) و لەبارەی پابەندبون بە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، ھەماھەنگی باشیان لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە ئۆپێک پڵەسدا ھەیە بەتایبەتیش لەگەڵ سعودیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، کێشەیەکی یاسایی ھەیە کە پەیوەندیدارە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە تێچوی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێم لە یاسای بودجەدا، بەوپێیەی یاسای بودجەی عێراق، تێکڕای تێچوی بەرھەمھێنانی یەک بەرمیل نەوت بە ھەشت دۆلار دیاریکراوە، بەڵام تێکڕای تێچوی بەرھەمھێنانی یەک بەرمیل نەوت لە ھەرێم بە 26 دۆلار دیاریکراوە.

 

سودانی دەشڵێت: بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دوو بژاردە ھەیە کە یەکەمیان ئەوەیە ئەو گرێبەستانەی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان واژوی کردون ھەموار بکرێنەوە و دوەمیش ئەوەیە یان یاسای بودجە ھەموار بکرێنەوە،بەڵام  کۆمپانیا نەوتییەکان رەتیانکردوەتەوە گرێبەستەکانیان لە بارەی تێچوی بەرھەمھێنانی نەوت، ھەموار بکەنەوە.

 

وتیشی: چاوەڕوان دەکرێت لەمساڵدا کێشەی راگرتنی ھەناردەکردنی نەوت ھەرێمی کوردستان لە رێگای تورکیاوە چارەسەر بکرێت.

64 جار خوێندراوەتەوە