بە هەوڵی ئەمەریکا، ژنێکی ئێزدی لە کەرتی
غەززە رزگار کرا و چالاکوانێکی پرسەکەش چیرۆکی ئەو ئێزدییە بە قورسترین و
تراژیدیترین کەیسی ژیانی ناودەبات.
هەواڵ:KNNC
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: توانیویانە
بە سەرکەوتویی ژنێکی ئێزدی بە ناوی فەوزییە سەیدۆ رزگار بکەن کە قوربانی دەستی
داعشە و ماوەی 11 ساڵە لەپاش هێرشی چەکدارانی رێکخراوی داعش بۆسەر شنگال رفێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا، پێرێ ئەو ژنە
بە ئەمبوڵانسێکی ئەمەریکی لە غەززەوە گوازراوەتەوە بۆ ئیسرائیل و دواتر بۆ باڵیۆخانەی
ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم, دواتر بۆ ئوردن و دوێنێش لەڕێگەی فڕۆکەیەکەوە
گەیشتە بەغداد و لەلایەن تیمێکی هەواڵگری عێراقییەوە بەرەو موسڵ بەڕێکرا و لەوێوە
راستەوخۆ گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی لە شنگال.
لە راپۆرتەکەدا هاتوە، فەوزییە لە ساڵی 2014 و
لە تەمەنی 10 ساڵیدا رفێنراوە، لە پاش مامەڵەکردن لەگەڵی وەک کۆیلەی سێکسی، دراوە
بە چەکدارێکی فەڵەستینی داعش و دواتر بوەتە خاوەنی دو منداڵ.
ستیڤ مامان کە چالاکوانێکی جولەکەیە و کار لەسەر
پرسی رفێندراوە ئێزدی و مەسیحییەکانی دەستی داعش دەکات رایگەیاندوە، کەیسەکەی فەوزییە،
قورسترین و تراژیدیترین کەیسە کە تا ئێستا کاری لەسەر کردبێت و بەوپێیەی دەبو حکومەتەکانی
ئەمەریکا و ئیسرائیل و عێراق تیایدا بەشداربن، خراپی پەیوەندی عێراق و ئیسڕائیل
یاساکانی بەغداد بەربەستێکی گەورە بون لەبەردەم رزگارکردنیدا.
2292 جار خوێندراوەتەوە