ئەمڕۆ
پێنچشەممە زیاتر لە 700 کەس لە خێزانی ئەندامانی داعش لە کەمپی هۆل- لە رۆژئاوای
کوردستان گەڕێنرانەوە بۆ عێراق.
هەواڵ:KNNC
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە،
ئەمڕۆ پێنجشەممە 706 کەس کە لە 181 خێزان پێکهاتون، لە کەمپی هۆل لە باکور و
رۆژهەڵاتی سوریا گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق و لە ئێستادا لە کەمپی (ئەلجەدادان) لە
نزیک گوندەکانی شاری موسڵ لە باکوری وڵاتەکە نیشتەجێکراون.
کەمپی هۆل بە یەکێک لە کەمپە قەرەباڵغەکان لە
جیهان دادەنرێت کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرپەرشتی دەکرێت، بەپێی
ئامارەکانی کەمپەکە لە مانگی یەکی ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە 43 هەزار کەسی تێدایە،
کە خەڵکی 45 وڵاتی عەرەبی و بیانین، ئەو کەسانەی لە نێو کەمپەکە نیشتەجێن،
سەرجەمیان خێزان و منداڵی چەکدارانی داعش.
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی
مرۆڤ، ئەمە چوارەم قۆناغی گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییانەیە کە رەگەزنامەی عێراقییان
هەیە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە بەردەوامی هاوڵاتیانی خۆی لە کەمپی هۆل وەردەگرێتەوە.
269 جار خوێندراوەتەوە