وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەمەریکا داوای لێنەکردوین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران بپچڕێنین

KNN : Kurdish News Network
10:50 - 17/03/2025
عێراق
+
-

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە عێراق ڕایگەیاند؛ پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە تەواوەتی جیاوازە لە وڵاتانی تری  ناوچەکە و دەشڵێت؛ توانیمان عێراق لە هێڕشی ئیسرائیل بپارێزین.


هەواڵ:KNNC


فواد حسێن لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا کردوە، جەختی کردوەتەوە عێراق بە گەشبینانە لەو پەیوەندییە دەڕوانێت کە لە نێوانیاندا هەیە، ئاماژەی بەوەشکردوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان، داوای خولێکی گفتوگۆی ستراتیژییان کردوە لە کابینەکەی ترەمپ.

وەزیری دەرەوە رایگەیاندوە؛ سیاسەتی بەغداد ئەوەیە وڵاتەکە لە ئاگری شەڕ دور بخاتەوە و نەکەوێتە ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانەوە، وەک حکومەتیش لە سیاسەتی دورخستنەوەی عێراق لە شەڕدا سەرکەوتو بون، بەڵام پێویستیان بە ئارامی لە ناوخۆدا هەیە.

 

دەشڵێت؛ وەک عێراق پەیامیان سەبارەت بە نیازی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر عێراق پێگەیشت، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیان لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی دیکە کردوە و سەرکەوتو بون لە دورخستنەوەی عێراق لە هێرشی ئیسرائیل.

ناوبراو وتوشیەتی؛ لە عێراقدا هەموان کۆکن کە نابێت چەک جگە لە دەوڵەت لەدەستی کەسی دیکەدا بێت، دەشزانن کە  ئەمەریکا نیگەرانە لە بونی حەشدی شەعبی، بەڵام حەشدی شەعبی ئەوان یاسایین لە عێراقدا.

 

بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ ئەمەریکییەکان، ئەوان وەک بەغداد پێیان وایە  پێویستە بەردەوام لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کار بکەن و لە پەیوەندییەکی باشدا بن.


لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغداد و تارانیشەوە وەزیری دەرەوە ئاشکرای کردوە تا ئێستا ئەمەریکا داوای لە عێراق نەکرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.

 

 ئاماژەی بەوەش کردوە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی عێراقەوە هەیە، نەک سیاسەتی وڵاتێکی دیاریکراو.

232 جار خوێندراوەتەوە