عێراق؛ هاوردەكردنی ئەم خواردەمەنییانە لەئێرانەوە قەدەغە دەكات

KNN : Kurdish News Network
04:05 - 29/03/2025
عێراق
+
-

بەمەبەستی رێگریكردن لە بازرگانی بەماددە هۆشبەرەكان، دەستەی مەرزەكانی عێراق بڕیاری داوە كە هاوردەكردنی گۆشتی سور، مریشك، بەرهەمە شیرەمەنییەكان و خورما لە ئێرانەوە قەدەغەبكات.


هەواڵ: (KNNC)


عەلا قەیسی، وتەبێژی دەستەی مەرزە سنورییەكانی فیدراڵ رایگەیاند: بۆ رێگریكردن و كەمكردنەوەی بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكان، دەستەكە بڕیاریداوە كە لە مەرزی شەلامجە لە بەسرە هاوردەكردنی گۆشتی سور، مریشك، شیرەمەنییەكان و خورما قەدەغە بكات.

 

وتیشی: هاوردەكردنی ئەو خواردەمەنییانە كە بەشێوەی بازرگانی لە نێوان هەردو وڵاتدا ئەنجام دەدرێت ناگرێتەوە، بەڵكو رێگرییەكە بۆ ئەو هاوڵاتیانەیە بەشێوەی تاك لەكاتی گەڕانەوەیان لەئێرانەوە بۆ عێراق دەیكڕن و لەگەڵ خۆیان دەیهێننەوە.

 

وتەبێژی دەستەی مەرزە سنورییەكانی فیدراڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، قەدەغەکردنەکە بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی ئەو ماددانە جێبەجێکراوە، بە لەبەرچاوگرتنی سەختی دەستنیشانکردنیان بە بەکارهێنانی ئامێری سۆنار.

 

بڕیارەكەی دەستەی دەروازە سنورییەکانی فیدراڵ لەكاتێكدایە كە لەماوەی دو رۆژدا دەستگیرکردنی دو گەشتیاری  بیانی راگەیاند كە هەوڵیان داوە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ كەلەناو بۆری پلاستیكدا شاردبویەوە بهێنێتە ناو عێراق.

124 جار خوێندراوەتەوە