سەدر: بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و سوپاس بۆ خودا کە لەگەڵ گەندەڵکاراندا نەبوین

KNN : Kurdish News Network
09:17 - 27/03/2025
عێراق
+
-


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی شیعە، جەختی کردەوە لەوەی کە ئەوان تا بەمشێوەیەی ئێستا گەندەڵی بەردەوام بێت بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن ناکەن و فەرمانی بە لاینەگرانیشی کردوە بەشداری هەڵبژاردن نەکەن و خۆشیان کاندین نەکەن بۆ هیچ پۆستێک.

هەواڵ:KNNC


لەبارەی بەشداریکردنی سیاسی ڕەوتەکەی و هەڵبژاردنی داهاتو، موقتەدا سەدر رایگەیاندوە؛ ئەوان بەشداری هەڵبژاردنێک ناکەن کە تەنها لەبەرژەوەندی  تائیفی و نەتەوەیی و حزبیی بێت و هیچ بەرژەوەندییەکی خەڵکی  تێدا نەبێت و دور بێت لە ئازارەکانی خەڵک.

ناوبراو راشیگەیاندوە سوپاسی خوا دەکەن کە ئەوانی لە گەندەڵکاران ڕزگار کردوە، چونکە خودای گەورە حەزی لە گەندەڵی نییە.

سەدر جەختی کردوەتەوە  با هەموان بزانن تا گەندەڵی بونی هەبێت، من بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ناکەم، کە تەنیا پەیوەندی بە بەرژەوەندی تائیفی و نەتەوەیی و حزبییەوە هەبێت و  دور بێت لە ئازارەکانی خەڵک و ئەو کارەساتانەی کە لە ناوچەکەدا ڕودەدەن.

ئاماژەی بەوەشداوە؛ ئێستاش پشت بە گوێڕایەڵی بنکە جەماوەرییەکانی لایەنگرانی سەدری ناو بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە دەبەستێت، رو لە لاینەگرانیشی کردوە و وتویەتی؛ هەروەک چۆن فەرمانم پێکردن بۆ دەنگدان، ئەمڕۆش هەمویان قەدەغە دەکەم لە دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ پۆست، بەو پێیەی ئەو کارەیان وایان لێ دەکات بەشداری بکەن لە گوناهدا.

لە کۆتایدا وتویەتی؛ ئێمە بە خۆشەویستی عێراق دەمێنینەوە و گیانی خۆمان لە پێناویدا بەخت دەکەین،  بە هیچ شێوەیەک لەوە ڕێگەیەدا کەم تەرخەم نابین.

103 جار خوێندراوەتەوە