پەرلەمانی كوردستان دوو پرۆژە یاسای لە بەرژەوەندی حكومەت پەسەند كرد!!

پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ( 20) رۆژدا دەنگیدا لەسەر هەردوو پرۆژە یاسای (كۆمپانیا ئەمنیە تایبەتیەكان) و (پرۆژە هەمواری یاسای جێبەجێ کردنی یاسای بازرگانی عێراق ژمارە (30) ی ساڵی (1984) ئەم پرۆژانە سەرجەمیان ئامادەكراون لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و رەوانەی پەرلەمان كراوە وسەرئەنجام پەرلەمانیش لەبەرنامەی كاردا دەریچواند، هەردوو پرۆژەكە لایەنی باش و خراپی تێدایە، بەڵام بە سەرنجدان لە ناوەڕۆكی یاساكان و ئامانج لە دەرچواندنی، بەهەنگاوێكی ناجۆر و ناپێویست دەیبینین تەنها لە پێناو رازیكردن و خواستی ئەنجومەنی وەزیران  لەخزمەتی بەرژەوەندی گشتی و ئاسانكاری هاوڵاتیان و پڕكردنەوەی پێداویستی یاسای هاوڵاتیاندا نین.

تایبەت بە هەمواری یاسای بازرگانی::

پەرلەمانی كوردستان وەك ئەوەی حكومەت دەیویست دەسەڵاتی تۆمارکردنی ناوی بازرگانی لە یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی پارێزگاكان وەرگیرانەوەو مادەکانی (٢٤، ٢٦) ی یاسای بازرگانی تعدیلکران، دەسەڵاتی تایبەتمەند بەتۆمارکردنی ناوی بازرگانی درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی و رسوماتی ناوەکەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت ،هەرکات لە وەقائعی کوردستان نەشرکرا جێبەجێ دەکرێ.

 

‎ئەم هەنگاوە جگەلەوەی بە هەنگاوێکی تەواو ناجۆر و گەڕاوەی ڕوەو مەرکەزی بوونی بڕیار دەبینرێت، پێمان دەڵێ و ئاماژەیە بۆئەوەی چیتر ژوورە بازرگانییەکانی شار و ناوچەکانی تری هەرێم وەکو جاران سەربەخۆییان نامێنێت لە پرسگەلی تۆمار و مامەڵەی ناوی بازرگانی و ئەو داهاتەی هەنوکە دەست دامودەزگا خۆجێیەکانی پارێزگاکان دەکەوێت لەم پرسەدا دەچێتەوە چنگی وەزارەت لەناوەند، سەرباری ئەوەی لەعێراق و زۆربەی وڵاتانی كە سیستەمیان سەرمایەدارییە ناوی بازرگانی لەلای ژوری بازرگانیە، یاساکە هیچ دەستەبەری تێدانیە، وەزارەتی بازرگانی دەسەڵاتەكان شۆڕ بكاتەوە بۆ ئاستی پارێزگاكان، لێرەدا گەر پاساوی هەمواری ئەم دوو یاسایە بونی قۆرخكاری و گەندەڵی بێت، گوایە ناڕونی هەیە لە دارایی و پرسی ژوری بازرگانی، بەڵام ئەم هەنگاوەش پێشبینی كراوە لەناو وەزارەتیشدا هەمان شت روبدات، لەو ساتەی ناوی بازرگانی داخڵی سیستەمی وەزارەت بوو كێشە و بابەتی گەندەڵی دروست بوو لە ناوی بازرگانیدا، بۆیە گرنگە چاودێری و لێپرسینەوە بونی هەبێت، سەرباری ئەوەی گرنگە لە تۆماركردنی ناوی بازرگانیدا بەپێی جۆری چالاكی ناو حجزبكرێت، گەر وانەكەین تۆماركردنی ناوی بازرگانی زۆر ئەستەم دەبێت، سەرباری ئەوەی ناوی بازرگانی بۆ پیشە و بازرگانی و پیشەسازی ناوچەییەو لەسەرئاستی پارێزگایە نەك گەڕانەوە بۆ پایتەخت، تەنانەت گەر سیستەمی بۆ دابنرێت سیستەمی ئەلکترۆنی پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت.


تایبەت بە یاسای كۆمپانیا ئەمنیەكان::

لەهەرێمدا وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی ژمارە(5) ساڵی  (2015) ى دەرچواندوە، ئەم یاسایە سەرجەم  بڕگە و مادەكانی رێنمایەكانیان هێناوە و كردویانە بە یاسا بەدەسەڵاتی فراوانتر، پاشان ئەم یاسایە دەسەڵاتێكی رەها وفراوانی و قەتیسی (حصرى) داوەتە وەزیری ناوخۆ، هیچ حسابێك بۆ بنەمای شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و پارێزگاكان نەكراوە، گەڕاندنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەكان بۆ هەولێر جۆرێك لە قۆرخكاری دروست دەكات، بۆیە پێویست بوو رای پارێزگار وەربگرێت بۆ ئەو كۆمپانیانەی دەیەوێت مۆڵەتی كاركردن وەربگرێت لەو پارێزگایە، لەلایەكی ترەوە ئەو رێكار و مەرجانەی دانراون بۆ كۆمپانیای ئەمنی زۆر قورس و ئەستەمن زۆر جیاوازن لەو رێكارانەی كە دیاریكراون لەیاسای تۆماركردنی كۆمپانیاكان، لە عێراقیشدا یاسای تایبەت بۆ ئەم پرسە دەرچوە لەلایەن پەرلەمانی عێراق بە ژمارە (52) ى ساڵی (2017)، بەپێی یاساكەی عێراق تەنها مۆڵەتی كاركردن لای وەزارەتی ناوخۆیە نەك بڕوانامەی دامەزراندن، واتا كۆمپانیای ئەمنی دەتوانرێت دروست بكرێت لە وەزارەتی بازرگانی بەڵام بۆ كاركردن مۆڵەتی وەزارەتی بازرگانی عێراقی دەوێت، بەڵام بە سەرنجدان لە یاساكەی هەرێم دەسەڵاتی رەها و یەكلاكەرەوە بۆ دامەزراندن و پێدانی كەسایەتی سروشتی و مامەڵە یاساییەكان لای وەزارەتی ناوخۆیە، كە ئەمەش دژە لەگەڵ یاسای تۆماری کۆمپانیاكانی ژمارە (21) ى ساڵی (1977) هەمواركراو، پێویستە راو رێكارەكان بە فلتەری فەرمانگەی تۆماركردنی كۆمپانیاكاندا بڕوات، تەنها مۆڵەتی كاركردن لای وەزارەتی ناوخۆ بێت.

1308 جار خوێندراوەتەوە