تێڕوانینی یاسایی بە پڕۆژەیاسای كۆمیسیۆن و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

شەقامی عێراقی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەریەككەوتن و كوژران و برینداركردنی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی لێكەوتەوە، خۆپیشاندەران چەندین داواكاری و خواستیان هەیە لە گرنگترینیان داوای باشكردنی دۆخی ژیانیان و بژێویان‌ و چارەسەری بێكاری و چاكسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵییە، تاڕادەی داواكردنی هەمواری دەستوری عێراقی و گۆڕینی سیستمی سیاسی و هەمواركردنەوە و گۆڕینی چەندین یاسای تایبەتمەند.

حكومەتی عێراق وەك وەڵامدانەوە و بەتەنگەوەهاتنی ئەو ناڕەزاییانە، چەندین جوڵەی دەستپێكردوە لە روی گۆڕینی فەرماندەی سەربازی و هەنگاونان بۆ چاكسازی، پەرلەمانی عێراقیش چەند یاسایەكی دەركردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكە و گۆڕینی یاسای خانەنشینی یەكگرتو، لەم نێوەندەدا حكومەتی عێراقی دو پڕۆژەیاسای پێشكەشی پەرلەمانی عێراق كردوە لە (2019/11/13/) تایبەت بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستە قسەی جدی لەسەر ئەم دو پڕۆژەیە بكرێت، چونكە پەیوەستن بە كایەی سیاسی هێزەكانی عێراق و هاوسەنگی و پارسەنگی هێز بەجۆرێكی تر دادەڕێژێتەوە، سەرباری ئەوەی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەرجەم پێكهاتەكان هەیە بە گەلی كوردیشەوە، بۆیە هەوڵدەدەین تیشك بخەینە سەر ئەو خاڵ و بابەتانەی كە جێی مشتومڕی لایەنە سیاسیەكانە و شرۆڤەی هەردو پڕۆژەكە بكەین.

یەكەم: پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەم پڕۆژەیە لەدوای ناڕەزایەكان و خۆپیشاندانەكانی عێاراق سەرەتا لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمار ئامادەكرا وەك وەڵامدانەوە و بەدەمەوە هاتنی داواكاری خۆپیشاندانەكان تا دواتر لە (2019/11/13) لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرا، بەمەبەستی دەرچواندنی یاسایەكی نوێ كە گرنگترین ئەو تەوەرانەی كە شیاوی باسكردنن بریتین لە:


1. ئەم پڕۆژەیاسایە پڕۆژەیەكی تازەی گشتگیرە لە (50) مادە پێكهاتوە، پڕۆژەیەكی بەدیلە بۆ یاسای ژمارە (45) ساڵی (2013) هەمواركراو، پێشنیازی هەڵوەشاندنەوە كردوە.


2. ئەم پڕۆژەیاسایە كرانەوەیەكی تێدایە بۆ بابەتی تاك بەوەی رێگە بە لیستی تاك واتا (القائمە المنفردە) دەدات بۆ خۆكاندیدكردن، وەك وەڵامدانەوە بۆ داخوازیەكانی شەقام، تا رادەیەك رۆڵی حیزب كەمدەكاتەوە هاوڵاتی تاك بێ‌ منەت دەبێت لە حیزب تاوەكو خۆی كاندید بكات، بەڵام ئەم رێگەپێدانە بە رەهایی نەهاتوە پەیوەست كراوە بە مەرجێكی قورس ئەوەیە كە هەر تاكێك پێویستە بۆ پەسەندكردنی كاندیدبونی تۆمارێكی (500) كەسی پێشكەش بكات كە پشتگیری دەكەن لەو دەنگدەرانەی كە لە دائیرەی هەڵبژاردنی ئەو كەسەن و دەیەوێت خۆی كاندید بكات، ئەم مەرجەش تاڕادەیەك هاوسەنگی دروست دەكات.

3. ئەم پڕۆژەیاسایە مافی خۆپاڵاوتنی لە (30) ساڵ كەمكردۆتەوە بۆ (25) ساڵ كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ داخوازیەكانی شەقام و گەنجانی عێراقی.


4. پڕۆژەیاساكە مافی خۆكاندیدكردن وەردەگرێتەوە بۆ هەمو ئەوانەی پلەی باڵای تایبەتیان هەیە، كە خۆیان كاندید بكەن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تا دو ساڵ تێپەڕنەبێت بەسەر پۆستەكانیان، پۆستەكانیش بریتین لە (سەرۆكی كۆمارو جێگرەكەی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی، وەزیرەكان، سەرۆكی دەستەكان و جێگرەكانیان، بریكاری وەزیر، راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و پارێزگارو جێگرەكانیان). كە ئەمەش هەنگاوێكی پێویست و گرنگە، ئەو كەسانە پێگەی وەزیفی خۆیان بۆ كاندیدبونیان بەكارنەهێنن بۆیە ئەمە خاڵێكی بەسودە.


5. پڕۆژەیاساكە جیاكاری كردوە لەنێوان كاندیدی لیستی تاك و كاندیدانی لیستی حیزبەكان، لەروی دانی بارمتەی بەشداری، لێرەدا تاك هیچ بارمتەیەك نادات، بەڵام كاندیدی لیستی حیزبەكان لێرەدا پێویستە تأمینات بدەن، كە ئەمە جیاكاریەكی هەستپێكراوە، گەر ئەمەش هاندان بێت و ئاسانكاری بێت بۆ تاك بەشداری بكات، ناكرێت لەسەر حسابی بارمتەو تأمینات بێت، چونكە ئەم پارەیە بۆ حاڵەتی مخالفات و سەرپێچیە گەر ئەنجامدرا لەو پارەیە دەبڕێت، پێشبینی كراویشە تاكیش وەك كاندیدی حیزبەكان پێشێلكاری و خروقاتی هەبێت، لەوە سەیرتر ئەوەیە ئەم پڕۆژەیە دەڵێت گەر كاندید دەرنەچو ئەوا بارمتەكە بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەبێت، كە ئەمەش تەواو نایاساییە چونكە دەرنەچونی كاندید سزا نیە تا ئەو پارەیە نەگەڕێنرێتەوە، سەرباری ئەوەی پارەكە وەك بارمتە وەرگیراوە، بارمتە دەبێت بدرێتەوە.

6. ئەم پڕۆژەیاسایە دەستی بردوە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە (329) كورسیەوە بۆ (251) كورسی كە (242) كورسیان دابەش دەبێت بۆ پارێزگاكان بەپێی سنوری كارگێڕی و نۆ كورسی بۆ پێكهاتە جیاوازەكان وەك كورسی كۆتا، لێرە دیاریكردنی كورسیەكانی پەرلەمان و كەمكردنەوەی لەگەڵ ئەوەی هەنگاوێكی باشەو بەشێكە لە خواستەكانی شەقامی عێراقی و كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی، بەڵام لێرەدا رێگری دەستوری هەیەو لە دەستوری هەمیشەیی عێراقیدا ئاماژەی پێداوە كورسی پەرلەمانی لەسەر بنەمای بۆ هەر (100) هەزار كەس دیاریكراوە بۆیە پێویستە ئەم بڕگەی دەستورە هەموار بكرێتەوە ناكرێت لەڕوی پلەبەندی یاسای دەستوریی ئەم كەمكردنەوەی كورسیانە ئەنجامبدرێت بەپێی یاسای پەرلەمانی.


7. پڕۆژەیاساكە، بڕگەیەكی تێدایە رێگری دەكات لەو كاندیدانەی كە بونەتە پەرلەمانتارو دەرچون، خۆیان كاندید بكەن بۆ پۆستی وەزیری حكومەت، ئەمەش هەنگاوێكی كرداری گونجاو بۆ خۆساغكردنەوەی كاندیدەكانی پەرلەمان لە دەرئەنجامیشدا سودی دەبێت بۆ بنەمای جیاكاری نێوان دەسەڵاتەكان، چونكە پەرلەمانتار خەڵك متمانەی پێداوەو دەنگی پێداوە تا پەرلەمانتار بێت و نوێنەری خەڵك بێت و چاودێر بێت لەسەر كاروباری حكومەت نەك ببێتە وەزیری حكومەت.


8. تایبەت بە سیستمی هەڵبژاردن (النظام الانتخابي) كە هەستیارترین و گرنگترین بابەتی یاسای هەڵبژاردنە، ئەم پڕۆژەیە قاچێكی لەنێو سیستمی نوێنەرایەتی رێژەییەو قاچەكەی تری لەنێو سیستمی تێكەڵاو، هەرچەندە لێرەدا وا دەردەكەوێت لیستی تاكی فەرامۆش نەكردوەو گرنگە بەڵام لە دەرئەنجامدا هەر لە خزمەتی كاندیدی لیستی كراوەو حیزبی گەورەكاندایە چونكە ئەم پڕۆژەیە بەم جۆرە دەنگدانی بۆ جیادەكاتەوەو كاندیدو لیستی سەركەوتو دیاری دەكات.
(50%) كورسیەكانی ناوچەیەكی هەڵبژاردن بۆ هەمو ئەو كاندیدانەیە كە زۆرترین دەنگ دێنن جا لە لیستی تاك یاخود لیستی كراوەی حیزبەكان، لە واقیعدا تەنها كەسە حیزبیەكان كە سەرۆكی لیستن لەو پارێزگایە بەڕێژەی بەرزو ژمارەی گەورە دێنێت بۆیە چانسی تاك زۆر كەم دەبێت بۆ دەرچون ئەمە نمونەی سیستمی تێكەڵاوە.


وە (50%) كورسیەكانی تری ناوچەی هەڵبژاردن بۆ كاندیدەكانی لیستی كراوە دەبێت كە ئەمە كارپێكردنی سیستمی نوێنەرایەتی رێژەییە.


هەرچەندە پڕۆژەكە دەڵێت لیستی كراوە، بەڵام ئەمە هەڵەیە لە روی زانستی هەڵبژاردن، چونكە لە پڕۆژەكەدا دەنگدەری عێراقی تاك دەنگ دەدات بەیەك كاندید بۆیە ناكرێت بوترێت كراوە راستە بوترێت نیمچە كراوە یاخود سنوردار.

بۆیە پڕۆژەكە لە روكەشدا وا دەردەكەوێت تاك گرنگە، بەڵام لە دەرئەنجامدا تاك بەئاسانی نابێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.

9. پڕۆژەیاساكە دیسان پشت دەبەستێت بە دەنگدانی ئەلیكترۆنی بۆ بەزویی یەكلاكردنەوەی دەنگەكان ئەمەش گەر كاركردن بێت بە سیستمی هەڵبژاردنی (2018) پەرلەمانی عێراق زۆر مەترسیدارە، پڕۆژەیاساكە دەڵێت گەر تانە هەبو لەسەر ناوەندی دەنگدان بەدەست ئەژمار دەكرێت عیبرەت بەدەستیەكە دەرئەنجامی دەبێت ئەمە خاڵێكی بەسودە.

10. ئەم پڕۆژەیە پێشنیازی لیژنەیەك دەكات لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنەرایەتی وەزارەتی پلاندانان و ناوخۆو بازرگانی و كۆمسیۆن و بەچاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان لەباری زیادكردنی (5%) لە تۆماری دەنگدەرانی ساڵانەی جێگایەك. ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ رێگری لە زیادكردنی ناوی وەهمی و بێ بنەما بۆ لیستی تۆماری دەنگدەران.

11. ئەم پڕۆژەیاسایە لە دیاریكردنی كورسی بۆ سەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا، پارێزگای هەڵەبجەی فەرامۆش كردوە ناوی نەهێنراوە، خاڵێكی مەترسیە بۆ پێگەی كورد، وە بابەتی یەكلابونەوەو اعتراف كردن بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
12. ژمارەی كورسیەكانی ئەو چوار پارێزگایەی كە بە كوردەوە پەیوەستە (هەولێر + دهۆك + سلێمانی + كەركوك) لە یاسا كۆنە كارپێكراوەكە (56) كورسی بوە، بەڵام لە پڕۆژەیاساكەدا پێشنیازی كردوە بكرێتە (39) كە ئەمە سەرباری ئەوەی كەمكردنەوەی كورسیەكان دژ بە دەستورە، بەڵام پێویستە پەرلەمانتارانی كورد شەڕ بكەن لەسەر ئەوەی كە لەسەر چ بنەما و پێوەرێك ئاوا كەمكراوەتەوە، وە وردبینی بكەن بۆ ئەو ناوچانەی كە شیعە و سوننە بونیان هەیەو ئایا بەهەمان رێژە كەمكراونەتەوە؟

دوەم: پڕۆژە یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان

گرنگترین ئەو خاڵانەی كە جێی مشتومڕو ئاماژەپێدانن ئەمانەی خوارەوەن:


1. ئەم پڕۆژەیاسایە پڕۆژەیەكی بەدیلە بۆ یاسا كۆنەكە كە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007 (قانون المفوضیة العلیا المستقلة للانتخابات)، پڕۆژەكە پێشنیازی ئیلغاكردنەوەی یاسا كۆنەكەی كردوە.


2. كرۆكی ئەم پڕۆژەیاسایە بریتیە لە میكانیزمی دانانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، پڕۆژەكە پێشنیازی كەمكردنەوەی كۆمسیارانی كردوە بۆ حەوت ئەندام واتا ژمارەیان كەمكردۆتەوە لە (7 بۆ 9) ئەندام، ماوەی كاركردنیان بەچوار ساڵ دەست نیشانكردوە بەبێ‌ ئەوەی شیاوی نوێكردنەوە بێت.


3. ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەڕوانگەی دانان و پێدانی متمانەی پەرلەمانەوە، بەتەواوەتی لەدەستی پەرلەمان دەردەهێنرێن، هەرچەندە پڕۆژەیاساكە دەڵێت ملكەچن بۆ چاودێری ئەننجومەنی نوێنەران، لێرەدا دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەتایبەت سەرۆكایەتی كۆمار رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێت، چونكە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران هەڵبژاردنیان بۆ ناكرێت بەڵكو (انتداب) دەكرێن لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە بەم شێوەیەی خوارەوە پڕدەكرێتەوە:


سێ‌ ئەندام لە دادوەرانی پلەیەك كە دو ئەندام لە دادوەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقی و یەك دادوەریان لە ئەنجومەنی دادوەری كوردستان دەبێت، یەك راوێژكار كە ئەنجومەنی دەوڵەت پێشنیاری دەكات، دو مامۆستای زانكۆ بە پلەی (استاذ) دەبنە ئەندام یەك ژمێریاری یاسایی لە دیوانی چاودێری دارایی الاتحادی عێراقی دەستنیشان دەكرێن، لەڕێی سەرۆكایەتی كۆمارەوە مەرسومی ئینتداب كردنیان بۆ دەردەچێت.

4. ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتایبەت لە پرسی لێپرسینەوەدا بەئاسانی ناتوانرێت رێكاریان لە دژ بگیرێتەبەر وە لانابرێت نە بە (عزل یاخود الاقالة) تەنها دوای دەرچونی بڕیارێكی دادگای تایبەتمەند نەبێت بەتاوانێكی ئابڕوبەر، لێرەدا رون دەبێتەوە كە دەسەڵاتی لێپرسینەوەو چاودێری پەرلەمانی تەواو لاواز دەبێت، هەرچەندە رواڵەتی پڕۆژەیاساكە وا دەردەكەوێت كە پەرلەمانی عێراق رۆڵی چاودێری‌و پێدانی متمانەی نامێنێت، بەڵام ئێمە لەبەرامبەر بڕگەیەكی دەستوریداین لە مادەی (61 بڕگەی هەشتەم خاڵی هـ) دەڵێت: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مافی پرساندن و لێكۆڵینەوەو وەرگرتنەوەی متمانەی هەیە لە بەرپرسانی دەستەو كۆمسیۆنە سەربەخۆكان بۆیە لە دەرئەنجامدا رۆڵی پەرلەمان بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆڵێكی كاریگەر دەبێ‌ و ناكرێت فەرامۆش بكرێت.

5. ئینتداب كردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە كاندیدانی دامودەزگاكانی دەوڵەت بەپاساوی ئەوەی گوایە  دامودەزگاكانی وڵات پیشەیین و بێلایەنن و سەربەخۆن بە دادگاكانیشەوە، بەڵام ئەم تێڕوانینە بۆ عێراق و بۆ  كوردستان تەواو پێچەوانەیە، چونكە سەرجەم پۆستە هەستیارەكانی حوكمەت و دادوەران لەسەر بنەمای پشك پشكێنەی حیزب دانراون. 


6. ئەم پڕۆژەیاسایە چاوبەستی كردوە لە بابەتی ماف و امتیازاتی ئەندامانی ئەنجومەن، بگرە لەجیاتی دژایەتی گەندەڵی برەوی پێدەدات، چونكە لەبری ئەوەی یاساكە بڵێت ئەو بەڕێزانەی كە لە جێگەی (ئیداری وظیفي) خۆیانەوە ئینتداب دەكرێن بۆ كۆمسیۆن هەمان موچەو پلەیان پێ دەدرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە مادەی ١٣ی پڕۆژەكەدا دەڵێت: خۆیان سەرپشك دەكرێن موچەو دەرماڵەی پێشتری خۆیان یاخود ئەنجومەن هەڵدەبژێرن، سەرپشك دەكرێن دوای تەواو بونی ماوەی خۆیان بچنەوە سەركارەكەیان یاخود خۆیان خانەنشین بكەن بەبڕی ٨٠%ی ئەو موچەیەی وەریدەگرن كە ئەمە نایاساییەو پێچەوانەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراقە.

7. گەر لەڕوانگەی پێگەی نەتەوەیی سەیری ئەم پڕۆژەیە بكرێت ئێمەی كورد ئێستا دو نوێنەرمان هەیە لەو ئەنجومەنە لە نۆ ئەندام، لەباری كەمبونەوەدا دەبێتە یەك ئەندام ئەمەش زیانی دەبێت بۆ ئێمە بە چاوپۆشین لەوەی كە لە رابردودا ئەم نوێنەرانە بەتایبەت نوێنەری یەكێتی و پارتی رۆڵێكی لاوازیان هەبو، بگرە هۆكار بوە بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵی.

1096 جار خوێندراوەتەوە