هەموارى دەستور لە بەغدا... زیانەکانى لە هەولێر

لەئێستادا عێراق ژانى گۆڕانکارییەکى گەورە گرتویەتى، یەكێك لە دروشمە دیارەكانی سەدر زەمینەسازی گۆڕینی دەستوری هەمیشەی عێراق و هەڵتەكاندنی سیستەمی پەرلەمانیە بۆ سەرۆكایەتى، بۆیە ئەم زەنگە ئەگەر لە بەغدادەوە لێبدرێت بەر لە هەر شوێنێک لە هەولێر گوێمان لێدەبێت، لەبەر ئەوە پێویستە بوترێت:

یەكەم- هەمواری دەستوری عێراق پێویستی بە كارایی پەرلەمانی عێراق هەیە ،بەبێ كۆبونەوە و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەستەمە دەرئەنجامی هەبێت، چونکە دەستوری هەمیشەی میكانیزم ومەرج و ڕێكاری خۆی هەیە.

دووەم- ئەزمونی مێژوی وڵاتان ئەوەی سەلماندوە هەمیشە سیستەمی سەرۆكایەتی ملیناوە بۆ دروستبونی حكومەتێكی دیكتاتۆری، عێراقی سەردەمی سەدام حسێن باشترین بەڵگەیە.

سێەم- دەستوری هەمیشەی عێراقی ساڵی 2005 وەك دەق و بنەمای دەستوری، یەكێکە لەدەستورە هەرە باشەكان كە زۆرترین ماف و ئازادی ودەسەڵاتی بۆ هەرێمی كوردستان جێگیركراوە، چەندین دڵنیایى پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافەكانی تێدایە وەك هەرێمێكی فیدراڵ كە ناتوانرێت دەست بۆ هەمواری ببرێت، بۆیە كەموكورییەكە لە جێبەجێنەكردنی دەستوردایە نەك ناوەرۆك وبنەما دەستورییەكانی.

چوارەم- دۆخێك لە عێراق دروست بووە زۆربەی زۆری هێزە عێراقییەكان دژی سیستەمی فیدراڵی ئێستان، ئەوە بە ڕەوا نابینن بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە ئامانجیان بەهێزكردنەوەی حكومەتێكی بەهێزی مەركەزی عێراقییە.

پێنجەم- ئەم دەستورە گەورە سیاسیەكانی  هەرێمی كوردستان رۆڵیان هەبوە لە رەنگرێژكردنی بنەماو مافەكان بۆ پێكهاتەی كورد، لەنمونەی رەوانشادان (كاك نەوشیروان و مام جەلال) و بەرێز مەسعود بارزانیش بەشێك بوون لەو مێژوە، بۆیە ناكرێت بەئاسانی و بەبێ لێكدانەوەی گرێ و لەمپەر و مێژوو مەترسییەكان بكەوینە دیفاع لەم بیرۆکەیە.

شەشەم: سیستەمی سەرۆكایەتی لەگەڵ دابەشبونی نەتەوەی و پێكهاتەكانی عێراق یەكناگرێتەوە، چونکە بەریەكەوتنی نێوان لایەنەكان دروست دەكات، لەسیستەمی سەرۆكایەتى چۆن دابەشكاری پۆستی سەرۆك كۆمار وپەرلەمان دەكرێت لەنێو سێ پێكهاتەی (كورد و سونە و شیعە) كەئیمە لەم دۆخەشدا لاوازتر دەبین.

حەوتەم- گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی دور و نزیك پەیوەندی بە نیزامی كۆنفیدراڵیەوە نیە، سیستەمی سەرۆكایەتی شێوازێكی سیستەمی حكومرانیە بۆ یەك دەوڵەتە، بەڵام كە باسی كۆنفیدڕاڵی دەكرێت پێویستە زیاد لە دەوڵەتێك هەبێت، لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی یەك سەروەریان هەبێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ هەریەكێكیان خاوەنی سەروەری خۆیانن، بۆیە سەرباری ئەوەی زەمینەی كۆنفیدڕاڵیمان  نیە، بەو شێوازەشی كە خەلكانێك باسی دەكەن دژیەكی هەیە و ناگونجێن پێکەوە.

225 جار خوێندراوەتەوە