پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم تەحەداکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی

ئەنجومەنی وەزیران لە بەرواری ۱٥/٦/۲٠۲۲ پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی ژمارە ۲۲ ساڵی ۲٠٠۷ی ئاڕاستەی پەرلەمان كرد بەمەبەستی هەموار كردنەوەوەی و زیادكردنی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دیاریكردنی رێژەی زۆرینە بۆ كۆبونەوە و بڕیاردان تێێدا، پەرلەمانی كوردستانیش هەر ئەمڕۆ ۲۲/٦/۲٠۲۲ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاساكە كرد، وەك بنەما ئێمە دژی دەسەڵات و حكومەتی كوردستان نین، بەڵام پێویستە هەنگاوەكان لەزیانی خەڵك نەبێت و مەترسیەكان باسبكرێت:

1-ئەم یاسایە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی حكومەتی عێراق هەڵوەشاوەتەوە جا رازی بین یاخود نا؟؟ دڵخوازی ئێمە بێ یاخود نا، ئامادەكردنی پڕۆژە یاساكە لەم كاتەدا جۆرێك لە یاخیبون و تەحەدای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و حكومەتی ناوەندە لەدیدی دادگای فیدراڵی، دەستبردن بۆ ئەم پرسە لەم كاتەدا كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات، خزمەت بە رێککەوتن ناكات لەگەڵ عێراق، دنیا بینی گۆڕان بەتایبەت و هەروەها یەکێتیش جەختكردنەوە بوە لە ڕێککەوتن بەڵام ئەم هەنگاوە رێککەوتن ئاڵۆزتر دەكات.

2-لە ئێستادا ئەم پڕۆژە یاسایە دەچێتە پەرلەمانی كوردستان، پرسیار ئەوەیە ئایا پەرلەمان هەنگاوێكی لەم چەشنە دەنێت؟؟ یاسایەك هەموار دەكاتەوە كە لەلایەن دادگای فیدراڵی هەلوەشاوەتەوە؟؟ئایا ئەنجامی ئەم كارە پەرلەمان روبەروی داوا و سکاڵای بەغداد ناكاتەوە بەتایبەت لەدەستوری عێراقدا مادەی ۱۳٠ باسی وەستاندنی کارپێکردنی یاسا دەكات كە هەڵوەشابێتەوە لەلایەن دادگای فیدراڵی، بۆ ئەم بابەتە پێویستە پەرلەمانتاران و سەرۆكی پەرلەمان كەمێك وردتر و دوربنینتر لە بابەتەكە بڕوانن.

3-بەدرێژای ئەم كابینەی حكومەت كۆبونەوەی ئەنجومەنی نەوت و گاز نەكراوە لەبری فشار و پێداگری بۆ دانیشتن و كۆبونەوە، ئێستا بێدەنگی یاخود رازیبونیان بە دەستبردن بۆ زیادكردن ژمارەی ئەندامانی لەپای چی و هۆكار چیە، بەندە وای دەبینیم دیاریكردنی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەچاوپۆشین لەوەی كە ئێستا لای پارتیە لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ ئەو ئەو زاتە، كارێكە لەڕویی تایبەتمەندیەوە دور نزیك پەیوەندی بەو ئەنجومەنەوە نیە، تەنها و تەنها یەك ئامانجی هەیە ئەویش دروستكردنی باڵانسی دەنگدان و كۆبونەوەیە، وردەوردە پارتی زۆرینەی خۆی دەباتە كۆیی دامەزراوە گرنگەكان، یەكێتی و گۆڕانیش بینەرێكی باشی روداوەكانن بەداخەوە.

462 جار خوێندراوەتەوە