سلێمانى چى دەوێت؟

دۆخی ئێستای سلێمانی بەئاوڕدانەوە بۆ ڕابردوو بەئەندازەیەكی ئاشكرا خراپە کە نەهیچ كەس ئیرەی پێى دەبات نەهیچ كەسیش نکۆڵی لێى دەكات، قەیرانە جۆربەجۆرەكان بڕسكی لەم شارە بڕیوە، خەڵکەكەی و قوربانیدان و شەهیدو كیمیاباران و ئەنفال و رابردوی شایستەی ئەم مامەڵەیە نین، زۆنی دەڤەری سلێمانی قەیرانی نەدانی موچە و نەمانی پارە لە بانک و نەمانی پرۆژەكان و خەرجنەكردنی پارە بۆ خۆڵخاشاك و نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەكاندا تا دەگاتە بێ بازاڕی و خراپی دۆخی ئابوری خەڵك و بەرتەسكردنەوەی ئازادەییەكان و ناسەقامگیری و داگیركاری زەوی و قاچاخچێتی، سیماى ئەم شارەیان داپۆشیوە، جوڵەی بازرگانی زۆر بەرتەسك بوەتەوە، بەهەمو مانایەك ئابڵوقەی سلێمانی دراوە، سەرباری فەرامۆشبون و پەراوێزخستنی لەڕویی دبلۆماسی وسیاسی وحیزبیەوە، تەنها ململانێ و دەستبادانی ناوخۆی و مانۆڕى حیزبیمان بۆدەنێرن.

ئەم شێوازەی پەیڕەو دەكرێت بۆ دابەشكرانی پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و باج و رسوماتی پارێزگاكان بۆ موچە و پارەی خزمەتگوزارییەكان لە پارەی داهاتی ناوچەكان، هیچ پێناسەیەك هەڵناگرێت، بەم شێوازە سلێمانی لە لێواری داڕماندایە، سەرچاوەی وزەی نەوت و گازو سامانی كانزایی ژێر زەویی هەم بەتاڵان دەبرێت هەم دەیپوكێننەوە.

رون و ئاشكرایە هۆكاری  ململانێ و دەست بادانەکە جوت حیزبی دەسەڵاتە بۆ ئەم حاڵەی سلێمانی، بەڵام پارتی بێ خەمانە مامەڵە لەگەل قەیرانەكانی ئەم ناوچەیە دەكات، وا دەرناکەوێت لە هەوڵی چارەسەری راستەقینەدا بێت و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆران و لایەنەکانى دیکەش كە پێكهێنەری حكومەتی خۆجێین دەرهەق بەم شارە كەمتەرخەمن، پێویستە خەمخۆرانەتر و فۆرمی تازەی ئیدارە و خزمەتی زیاتر و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بەدی بهێنن، ململانێى راستەقینەی بێ رەچاوكردن بكەن لەگەڵ ئەوانەی گرفت دروست دەكەن، چونکە گەر فریاری ئەم دۆخەی سلێمانی نەكەون سەرباری ئەوەی متمانەی خەڵك لەدەستدەدەن، شارەکە بەرەو چارەنوسێکى نادیار دەبەن.

ئێستا، دۆخێکى مەترسیدار چاوەرێی خەڵكەكەیەتی، بۆیە سلێمانی نەپیرۆزبای دەوێت نەپیاهەڵدان و قسەی رەونەقدار، سلێمانی خەمخۆرودڵسۆزی پێویستە، سلێمانى پێویستى بەوەیە هەموان ململانێ بکەن بۆ کاراکردنەوەى جوڵەى بازرگانى و دبلۆماسى و خزمەتگوزارى، پێویستى بەوەیە ئیدارەکەى ببێت بە نمونەیەکى جوان و ئەوانى دیکە چاوى لێبکەن نەک وەک نمونەى شکتخوارد و ببینرێت.

192 جار خوێندراوەتەوە