موچە لەنێوان موژدەی هاتن و دواکەوتنێکی تردا؟

لە ناوەڕاستی مانگی هەشت (ئاب)ـداین، تا ئێستا موچەی مانگی حەوتی ئەم ساڵ نەهاتوە، هیچ دیاریش نیە بەغداد ئاخۆ لەكەیدا موچە دەنێرێت، حكومەتی هەرێم مامەڵەیەكی دروست و راسگۆیانە لەگەڵ ئەم پرسەدا ناكات، نەرونی دەكاتەوە بۆ خەڵك و موچەخۆرانی هۆكاری دواكەوتنی موچە چیە، نە باسی ئەو گرفت و کێشانە دەكات لە لیستی موچەدا هەیە، نەدەچێتە ژێر باری جێبەجكردنی ئەركەكان.

 

 

لە كاتێكدا كێشەی جدی و راست و پر لە هەڵە لە لیستی موچەخۆران، خانەنیشینان، ژمارەیان و زانیاریەكانیاندا هەیە، بە پێچەوانەوە لەبری زو چارەسەركردنی کێشەکان و نەهێشتنی هەڵەو زانیاریە ناڕاستەكان دێن تەنها قەوانە سواوەكە لێدەدەنەوە، دەڵێن ئیمە ئیلتیزاماتی خۆمان جێبەجێكردوە و چاوەرێی حكومەتی عێراقین، كە پارەكەش دێت دەیكەنە جەژنانە و موژدانەمان پێدەدەن...

 

بەردەوامیش دەڵێن نامانەوێت پرسی موچە ببێتە بابەتێکی سیاسی و سەردێڕی هەواڵەكان، بەداخەوە هەر دەبێت و بەردەوامی هەیە..

 

لەدوایین پێشهاتدا بەپێی دو نوسراوی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کە واژۆی  سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی لەسەرە، لەڕۆژی (14)ـی ئەم مانگە بڕیاردراوە بەدروست کردنی لیژنەیەکی (15) کەسی کە پێک دێن لە کەسانی شارەزای بواری چاودێری دارایی کە دو بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتی دەکەن.

 

جگە لە وردبینی لیستەکان لە بەغداد، سەردانی هەرێم دەکەن و وردبینی لە لیست و میلاکاتی سەرجەم وەزارەتەکانی حكومەتی هەرێم دەكەن، ئەمەش دەرخەری تێبینی وكێشەی جدییە لەسەر زانیاری لیستەكان، ئومێد دەكەین نەبێتە گرفتی دواكەوتنی موچە..

 

لەكۆتاییدا ئەوەی پێویستە بوترێت هێشتنەوەی ئەم دۆخەو ملەنەدان بۆ جێبەجێكردنی ئەركە یاساییەکان (تەوتین و رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ) درێژەدانە بەكێشەكان، هەرچەندە حكومەتی عێراقیش بێ باكە و كەمتەرخەمە لە چارەسەری ریشەیی ئەم پرسە..

 

ئێستاش  كە ئەم راستیانە دەڵێین دیسان دەڵێن؛ ئەمانە جاشن و خۆفرۆشن ودژی حكومەتەكەی خۆیانن..

350 جار خوێندراوەتەوە