پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵی گرنگی بۆ كورد وهەرێمی كوردستان

دادگای ئیتحادی باڵا (فیدراڵی)، بەیەكێك لە پایەكانی دەوڵەتداری دادەنرێت لەهەمو وڵاتانی دنیادا، ئەوەش بەهۆی ئەو دەسەڵات و تایبەتمەندیە گەورەیەی هەیەتی، لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان دەسەڵاتەكان، بەسەرچاوەی شەرعیەتدان و رەوایەتی دادەنرێت بۆ ئەو یاسایانەیە كە لەپەرلەمانەوە دەردەچێت، تاچەند گونجاوە لەگەڵ دەستور یاخود نا، سەرباری ئەوەی باڵاترین دەزگای دادوەریە لەنێو سیستەمی دادوەری وڵاتان.


دەستوری عێراق و دادگای فیدراڵی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی (2005) بەگرنگیەكی گەورە لەم دادگایەی روانیوە، چەندین تایبەتمەندی و دەسەڵاتی رەهای بەخشیوە پێی كە لەماددەی (93)ی دەستوردا دەسەڵاتەكانی پەرلەمان لە (چاودێریكردنی دەستوری بونی یاساكان و نیزامەكان، راڤەكردنی بڕگەكانی دەستور، پەسەندكردنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان، چارەسەركردنی كێشەكانی حكومەتە هەرێمیەكان و پارێزگاكان، هەڵوەشاندنەوەی ماددە یاسایەكان و چەندین دەسەڵاتی تر)، هەرچەندە ئەم دادگایە لەعێراقدا بەپێی ماددەی (44) لە یاسای بەڕێوە بردنی ئیدارەی دەوڵەت باسی دروستكردنی كراوە، كەلە دواتر فەرمانی ژمارە (30ی ساڵی 2005)ی بۆ دەرچوە، كە باسی پێكهاتە و دەسەڵات و شێوازی كاركردنیان دەکات، بەپێی ماددەی (92)ی دەستوری هەمیشەیی پێویستی كردوە یاسایەكی تایبەت بۆ ئەم دادگایە بەدەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەربچوێنرێت ، بەڵام تائێستا یەكلانەبۆتەوە، ئێستا پرۆژە یاسایەك لەپەرلەمانی عێراق ئامادەیە (21) ماددەی پەسەندكراوە، بەڵام سێ‌ ماددەی ماوەتەوە كە جێی ناكۆكی و مشتومڕی لایەنە سیاسیەكانەی عێراقە.


دادگای فیدراڵی و گرنگی بۆ كورد وهەرێمی كوردستان:

 

لەڕاستیدا ئەم دادگایە گرنگی گەورەی هەیە بۆ سەرجەم پێكهاتە سیاسیەكان لەعێراقدا بەگشتی و بەتایبەتیتر بۆ كوردستان هەرچەندە لەرابردودا لەزۆر پرس وبڕیاردا دەستوەردانی سیاسی هەبوە لەکارەکانیان، چونكە ئەم دادگایە چاودێرە بەسەر هەموو ئەو یاسایانەی كە لەپەرلەمانی عێراقەوە دەردەچێت، ئایا پێچەوانەی دەستورە یاخود نا، لە ئێستادا ئاڕاستەیەكی بەهێز هەیە بۆ مامەڵەیەكی خراپ و نابەجێ‌ بۆ هەرێمی كوردستان، كە رەنگی داوەتەوە لە یاساكانی پەرلەمانی عێراق، لەڕێی ئەم دادگایەوە دەتوانرێت هەر بڕگەو مادەیەك هەبێت لە ناو دەستوری عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی بكەن گەر دژ بەكورد و مافەكانی كوردبێت، سەرباری ئەوەی كە هەر ئەم دادگایەیە دەسەڵاتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمەكان و پارێزگاكان و حكومەتی ناوەندی هەیە، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان وحكومەتی ناوەندی چەندین كێشە لەنێوانیاندایە، لەنمونەی بودجە، نەوت، پێشمەرگە و ماددەی (140)و كەمكردنەوەی پێكهاتەی كورد لەدامەزراوەكان ونەناردنی بەشەبودجەی هەرێم، لەم ساتەوەختەشدا یاسای بودجەی عێراق گەورەترین كێشەی هەرێم و بەغدایە، بۆیە ئەم دادگایە رۆڵی یەكلاكەرەوە و خشتەی كۆتایی هەیە، لەچارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد، ناكرێت بەبێ‌ ئەرزش و گرنگی لەداڕشـتنەوەی ئەم دادگایە بۆ كورد بڕوانین، سەرباری ئەوەی پەسەندكردنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانیش پەیوەندی بە كورد و ئەو كورسیانەوە هەیە كە لەناوچە جێناكۆكەكان شوێنی ململانێی لایەنە سیاسیەكانی عێراقە، لەروی ساختەكاری وئەو فشارانەی دەكرێن بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكان، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەرەكانمان لەپەرلەمانی عێراق زۆرترین پێداگری و فشاریان لەدەرچواندنی ئەم یاسایە بێـت، كە پشكی كورد تێدا لەرێی ئەندامەكانیەوە تەواو پارێزراو بێت وهیچ خەمساردیەك نەشێوێنێت لەم بابەتەدا.
ماددەی (2) باس لەژمارەی ئەندامانی دادگاكە دەكات، لە سەرۆک و جێگر و یانزە ئەندام پێکدێت کە پێکهاتوون لە (5) دادوەر، (4) شارەزای فقھی ئیسلامی و (2) شارەزای یاسایین، ئەوەی لەم ماددەیە گرفتی دروست کردووە شارەزایانی فقھی ئیسلامین، کە ئایا ئەمانە لە پیاوانی ئاینی دەبن؟ یان لە مامۆستایانی زانکۆ لە بواری فقھی ئیسلامی؟ ھەروەھا ئایان ئەمانە مافی دەنگدانیان دەبێت؟ یان تەنیا ڕاوێژکار دەبن، ئەگەر مافی دەنگدانیان ھەبێت، مافێکی یەکسان دەبێت لەگەڵ ئەندامانی تری دادگاکە یان مافی ڤیتۆیان دەبێت؟ دەتوانن دەنگ بدەن لەو بابەتانەی بەتەنها پەیوەستن بە بواری دینی وئاینی؟.

 

ھەرچی ماددەی (3)یە تایبەتە بە میکانیزمی دیاریکردنی دادوەر و شارەزاکان، سەبارەت بە دادوەرەکان بەپێی پڕۆژە یاساکە ئەنجومەنی دادوەری عیراق و ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم، بە ھاوبەشی دادگای فیدرالی دیاریان دەکات، کەواتە سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدرالی ئێستا بەشدار دەبن، لە دەستنیشانکردنی ئەندامانی تازە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەپێی ماددە (21) پڕۆژە یاساکە کە دەنگی لەسەر دراوە، بە دەرچوونی یاساکە سەرۆک و ئەندامانی ئێستای دادگاکە خانەنشین دەکرێن، ئیتر چۆن دەتوانن ئەو بەشداریەیان ھەبێت؟ سەبارەت بە دیاریکردنی شارەزایانی فقھی ئیسلامی بەپێی پڕۆژە یاساکە وەقفی شیعی (3) کەس کاندید دەکات ھەروەھا وەقفی سونی بە ھاوبەشی وەزارەتی ئەوقافی ھەرێم (3) کەس کاندید دەکات، بەپێیە بێت ئەم شارەزایانە لەسەر بنەمای مەزھەبی دیاری دەکرێن، ئەمەش جۆرێک لە جیاکاری دینی دروست دەکات، کە پێچەوانەیە لەگەڵ ماددەی (14)ی دەستوری عیراقی، بۆیە پێکھاتە ئاینەیەکانی تریش دەتوانن داوای پشکی خۆیان بکەن.'


ھەرچی پەیوەندی بە دیاریکردنی شارەزایانی یاساوە ھەیە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عیراق و ھەرێم دیاریان دەکەن.


ماددەی (12) پەیوەستە بە چۆنیەتی دەنگدان لەسەر بڕیارەکانی دادگاکە، ئایا بە زۆررینەی سادە بێت یان زۆرینەی ڕەھا یان زۆرینەی دوو لەسەر سێ یان چوار لەسەر پێنج.


سەبارەت بە پشکی کورد، ئەگەرچی بەڕوونی نە لە یاسا کۆنەکە و نە لەم یاسا تازەیە ئاماژە بە پشکی کورد نەکراوە، بەڵام کورد لە ڕابردوو دوو ئەندامی ھەبووە، بەپێی ئەم یاسا تازەیەش پێوێستە ئەندامی لە ناو دادوەرەکان و شارەزایانی فقھی ئیسلامی و قانون ھەبێت، چونکە لە دیاریکردنی ئەمانە پرۆژە یاساکە کردویەتی بە مەرج ھەرێم بەشدار بێ، بۆیە فشارو پێداگری حیزب و نوینەرەكامنمان لە پاراستنی ئەو ژمارەیەو بونی ئەندامەكان لە نوینەری كورد كارێكی یەكجار و پیویستە.


801 جار خوێندراوەتەوە