حكومڕانیتان باش

رێنمایەكەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەگرێبەستی ئەلیكترۆنی وەزارەتی دادیشی هێنایە سەرخەت بۆ نایاساییبونی؟

 

واقیعی ئێستای حكومڕانی ئیداری لەهەرێمی كوردستاندا بەچەشنێكە سەروەری یاسا و رێزگرتنی، رەچاوكردنی تایبەتمەندی وپرس و راوێژ بە ئەندازەیەك خراپە وەك چێشتی مجێوری لێهاتوە، زۆربەی بڕیار و رێنمایەكان كێشەی یاساییان هەیە، رەچاوی ئاسانکاری بۆ خەڵك ناكات، هەمیشە بارگرانی دروست كردوە و جۆرێك لە كار دۆزینەوەیە بۆ كۆمپانیا حیزبیەكان و هەژاركردنی قاصەی حكومەت.

لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا وەزارەتی ناوخۆ یەكێکە لەو وەزارەتانەی كە پشكی شێری بەردەكەوێت لە دەركردنی رێنماییە جۆربەجۆرەكان، بەشێكیان لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و پێويستیان بە دەرچواندنی یاسا هەیە.

نابێت وەزارەتی ناوخۆ رێنمای دەربكات، هەندێكی تر لە ڕێنمایەكان لە تایبەتمەندی وەزارەتەكانی تردایە و پەیوەندی بەوانەوە نیە، زۆر نمونە لەبەردەستان بۆ ئەم قسانە، ئەو بوار و پرسانەش لە تایبەتمەندی وەزارەتی ناوخۆیە لە بواری عەمەلی و ژیانی رۆژانەدا بارگرانی دارایی و رۆتینی زیاتر كردوە بۆهاوڵاتیان.

گرێبەستی ئەليكترۆنی دیارترین و تازەترین نمونەیە بۆ ئەم رایەمان، ئەوەتا وەزارەتی داد كە وەزارەتەكەی لە پشكی پارتیشە هاتۆتە سەر خەت بە ئاشكرا دەلێت ئەم هەنگاوەتان نایاساییە، كە ئەم نوسراوەی وەزارەتی داد لای ئێمە بەرز دەنرخێرنێت، دەبو بۆ رێنمای و بڕیارەكانی تریش وەزارەتەكانی حكومەت هەمان راو هەڵویستیان هەبوایە، گەر ئێمە دادگایەكی دەستوری یاخود دادگایەكی ئیداری بەهێز و بێ لایەنمان هەبوایە زۆر لەم بڕیارانە چارەنوسيان هەڵوەشانەوە دەبوو، پەرلەمانیش خامۆش كراوە دەنا رێگەی بەو هەموو دەستوەردانانە نەدەدا، وەزارەتی ناوخۆی ئەم كابینەیە لە زۆر قۆناغدا وەك حكومەتێكی بچوك لە نێو حكومەتی هەرێمدا مامەڵەی كردوە، ئەم جۆرە حكومڕانیە بێ هیچ دودڵیەك فەشەلی راستەقینەی هێناوە و شیاوی هیچ جۆرە پاساو بۆ هێنانەوەیەك نیە، تاكەی فشاركردن لەسەر هاوڵاتی لەزیادكردنی باج و رەسم و گرانکردنی نەوت و غاز و نەبونی خزمەتگوزاریەكان بەردەوامییی پێدەدەن؟. 

862 جار خوێندراوەتەوە