سلێمانی لەلێواری كەوتندا

لە دەم و چاو و مامەڵەى خەڵکەکەیەوە هەستى پێدەکەیت کە دۆخی سلێمانی بە ئەندازەیەك خراپە هیچ كەس ئیرەی پێنابات، قەیرانە جۆربەجۆرە دروستکراوەکان بڕستی لەم شارە بڕیوە، خەڵکەكەی و قوربانیدانی رابردوی شایستەی ئەم دۆخە نین، زۆنی دەڤەری سلێمانی قەیرانی دواكەوتنی موچە و نەمانی پارە لە بانک و ڕاوەستان و نەمانی پرۆژەكان و خەرجنەكردنی پارە بۆ خۆڵخاشاك و پاكەرەوەکان، ئاودانی سەوزای باخچەكان، و دابین نەكردن و کەمبونەوە دەرمان لە نەخۆشخانەكاندا تا دەگاتە بێ بازاڕی و خراپی دۆخی ئابوری خەڵك، جوڵەی بازرگانی و بازاڕى زۆر بەرتەسك کردوەتەوە.

زۆر لەمێژە پرۆژەی سراتیژی لەم شارەدا وەستاوە، داگیركاری زەوی و قاچاغچێتی و كاری نایاسایی زۆر زەق بۆتەوە و هێزوچەكدار بۆتە بەشێك لە چارەسەروململانێی ناكۆكی، بەهەمو مانایەك ئابڵوقەی سلێمانی دراوە.

ئەم شێوازەی پەیڕەو دەكرێت بۆ دابەشكردنی پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و باج و رسوماتی پارێزگاكان بۆ موچە و پارەی خزمەتگوزارییەكان لە پارەی داهاتی ناوچەكان، هیچ پێناسەیەك هەڵناگرێت، بەڵكو خراپترە لە دو ئیدارەیی حیزبی و ناوچەیی، دەنا ئەم شێواز و رێکەوتنە دور و نزیك پەیوەندی بە لامەرکەزیەتەوە نیە بەڵكو رێکەوتن و لامەركەزی حیزبیە.

گەر ئێوە باوەرتان بە سیستەمی لامەرکەزی هەبوایە هەرگیز ئەم فۆرمەتان پەیڕەو نەدەكرد بۆ ئیدارەدانی موچە و سێكتەرە جیاوازەكان، ئاوا مامەڵەكردن دورمان دەخاتەوە لەوەی هەرێمی كوردستان یەك گەنجینە یاخود خەزێنەیەكی دارایی گشتی هەبێت، دەرنە چواندی یاسای بودجەش لەهەرێمدا دیسان درێژدان و خزمەتكردنە بەم فۆرم و رێکەوتنە سەیر و سەمەرەیەی كە نامۆیە بە سیستەمی حكومرانی.

 یەكێتی بەپلەی یەكەم (بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی كۆتای و راستەقینەی لایە و بزوتنەوەی گۆرانیش (وەك ئەوەی پۆستی باڵای لایە نەك دەسەڵات)، كە پێكهێنەری حكومەتی خۆجێین دەرهەق بەم شارە كەمتەرخەمن، پێویستە خەمخۆرانەتر فۆرمی نوێ ئیدارە و خزمەتی زیاتر و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان بەدی بهێنن و ئەو بارگرانیە لەسەر شانی هاوڵاتیانە كەمی بكەنەوە، هەروەها پێویستە ململانێ و دەستبادانی توند بكەن لەگەڵ هەر حیزب و لایەنێك و گروپێكی مافیای بێ بەزییانەو بەبەرنامەی لەخەونی لاوازكردن و پوكانەوەی توانا جۆربەجۆرەكانی ئەم ناوچەیەدابن، پێویستە مشوری دروستكردنەوەی متمانە بۆ جوڵەی بازار و لایەنی دارایی خەڵك بكەن، خزمەتگوزارییەكانی رێگاوبان و ئاوكارەبا و بەنداو زۆر بواری تر بەهەر جۆرێكە بەدی بهێنن، هەوڵ و تەقەڵاكان بۆ سەروەری یاسا و نەهێشتنی گەندەڵی و داگیركاری و سەرانە و گروپی مافیای بێت، گەر ئەم هەنگاوانە نەنرێت و مشورێكی جدی سلێمانی نەخورێت، ئەم شارە وردە وردە بەرگرى و سروشتی شارێكی مۆدێرن لەدەست دەدات.

راستە دو ئیدارەیی خراپە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە واقیعدا هەیە خراپترە لە دو ئیدارەیی و پەیوەندی بەلامەركەزییەوە نیە، چونکە گەر دو ئیدارەی هەبێت بەرپرسیاریەتی ون نابێت، بەڵام لە ئێستادا یەكێتی و پارتی پەنجەی تۆمەت بۆ یەكتر درێژ دەكەن خەڵك و هاوڵاتیانیان سەرگەردان كردوە ئاخۆ كێ بەرپرسە لەم گاڵتەجاریەی لە زۆنی سلێمانی رودەدات.

ئەم بیركردنەوەیە رەوایەتیدان نیە بۆ دو ئیدارەیی، دەنا باوەڕی تەواومان بە یەكپارچەی هەرێم هەیە، بەڵام پێویست دەكات نەك بۆ سلێمانی بۆ دهۆك و هەڵەبجەش دەسەڵاتی دارایی و كارگێری و یاسایی و هونەری زۆریان پێبدرێت كە بە تەواوی لە خزمەتی ئاسانكاری هاوڵاتیاندا بێت.

407 جار خوێندراوەتەوە