کۆمەڵگەیەکى چەکدار لە کوێوە چەک دەکرێت؟

تاوان دیاردەیەكی جیهانییە، تائەوساتەی مرۆڤایەتی ئامادەی هەبێت، كوشتن و تاوانكاری بونی دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت بەسەرنجدان لە ژمارەی دانیشتوانەكەی و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی وخێزانی، راستییەك دەردەخات ئەویش ئەوەیە کە ئاشتی كۆمەڵایەتی وخێزان و ژیانمان لە لێواریی داڕمان وهەرەس و هەرەشەدایە.

ئەم واقیعە دەرئەنجامی بیركردنەوەو مامەڵە و دیارو دەستەی 30 ساڵی حكومرانی یەكێتی و پارتیە، حیزب كە خۆیی هێزی چەکدارى هەبێت، هەرخۆیی چەك بەدیاری لە هەڵبژاردن دابەش بكات بەسەر هەوادارانی، هەمیشە گرنگی بەچەك و هێزی چەكدار بدات لەسەر حسابی پەروەردەو زانست و کۆی پیشەكانی ترو داڵدەی تاوانباران بدەن و دادگاكان لاواز و بێ دەسەڵات بكات و مەكتەی کۆمەلایەتی دروست بكات، چاوەڕێی رۆژانێكی باشتر ناكرێت.

بەتەنها داخستنی فرۆشگاكانی چەك گریمانەی كەمبونەوەی تاوان بەم شێوازە بەربڵاوە ناكرێت، چونکە تاوانی ئاسایی هەركەس ئەنجامى بدات بەهەر ڕێگایەك بێت چەكی دەست دەكەوێت، ئەم شوێنانە تەنانەت بەپێی یاسایی چەكی نوێش ژمارە 2سالی 2022 بونیان هەیە بەپێی مۆڵەت دەتوانن كاربكەن، یاسایەك لەپەرلەمان بۆ پرسی چەك دەرچوێنراوە لەم ساڵدا تائێستا جێبەجێنەكراوە، بەڵام دەیان كەموكوڕی هەیە، ئێستاش گەر بەراستی پێمان وایە رێژەی تاوان و توندیژی و كوشتن مەترسیی راستەقینەیە لەسەر ژیانی هەمومان، چارەسەری ریشەی بەكۆمەڵێك كاروبەرنامە و هەنگاو دەبێت كە پێشتر ئەنجام نەدراوە، چونکە گەر ئەوكارانەمان بكردایە نەدەگشتینە ئێرە، ئێمە هیچ رێگەیەكی ترمان نیە جگە لە باشتر كردن و وەستاندنی ئەم دۆخە زۆرخراپە، چونکە ئەم فۆرمە زۆری بەبەرەوە نەماوە نەك کۆمەڵگا خەریكە خێزانیش هەڵدەتەكێنێت.

ئیستاش یاسای هێز حكوم دەكات لەبری هێزی یاسا، كەنگێ یەكێتی و پارتی گەشتنە ئەو بڕوایەی پێویستە هەنگاو بنێن، دەبێت لەوەوە دەستپێبکەن کە خۆیان چەکەکانیان دابنێنن.
بەبڕواى من، ناتوانرێت تاوانى چەکدارى بەچەکى بێ مۆڵەت یان بە مۆڵەت کۆتایى بێت، تا ئەو کاتەى هێزە سیاسییەکان خۆیان لەچەک پاکنەکەنەوە و نەبنە هێزى مەدەنى، لە دواجاردا هەر کوشتنێک و تاوانێک بە چەک ئەنجام بدرێت، گرنگ نیە بەچەکى بە مۆڵەت ئەنجامدراوە یان بێ مۆڵەت، دەریشکەوت زۆربەى تاوانەکان بە چەکى مۆڵەتدار ئەنجامدراون و زۆربەى بکەران خەڵکانى چەکدارى ناو هێزى چەکدارى حیزبەکانن و بەو چەکانە کردەکەیان ئەنجامداوە کە حیزب پێیداون.

423 جار خوێندراوەتەوە