بۆچی سزادراوانی بادینان بێبەشبكرێن لە ئازادكردن بەمەرج (افراج الشرطي)؟؟


زۆر وتراوەو رەخنەی جدی و یاسایی و لۆژیكی زۆر گیرا، لە شێوازی مامەڵەو سزادان و دادگاییكردن و حوكمی چالاكوانانی بادینان، كە تاكە پێناسەیەك بۆ ئەم كەیسە بریتیە لەستەم و سزای سیاسی بۆ ئەو چالاكوانانە، و بەكارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری و ڕێگای یاساییی بۆ ئەم ململانێ سیاسیانە، ئێستاش دوای دەركردنی لێبوردنی تایبەت و بەسەربردنی ماوەیەكی زۆر لە چاكسازییەكان، ئەم بەڕێزانە داواكاریان پێشکەشكردوە بەدادگای كەتنی هەولێر بۆ ئازادكردنیان بە مەرج (الافراج الشرطی)، بەداخەوە دیسان دادگا بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەی داواكاریەكەیان، ئەوەی پێویستە بۆ ئەمە بوترێت:

‎۱- ئەو مادەیەی چالاكوانانی بادینانی پێ سزادراوە، مادەی یەكەم لەیاسای ژمارە ۲۱ سالی ۲٠٠۳ پەرلەمانی كوردستانە، لەڕووی یاساییەوە هیچ ڕێگریەك بونی نیە بۆ ئازادكردن بەمەرج، چونکە سەرجەم مەرج وپێداویستییە یاساییەكان بۆ ئەم دۆسیەی سزادراوانە بونی هەیە.

‎۲- پاساویی  مشمول نەكردنی سزادراوانی بادینان، وەك بیستومانە لەزاری پارێزەرەكانیان گەر بریتیبێت لەوەی مادەی یاسایی حكومدراوان، لەو مادەو واقیعە یاساییانەن كە استثنائن (هەلاوێردن)بۆ ئازادكردن بەمەرج، گوایە مادەی یاسایی سزادراوان وادانراوە، بەشێكە لە هەرەشە بۆ ئەمن و ئاسایشی دەرەكی، بەدیدی یاسایی خاكیانەی ئێمە وایدەبینن مادەی یاساییی سزادراوان كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوێنراوە، باسی هەڕەشەو زیانگەیاندن بەئاسایش و سەقامگیری و سەروەری هەرێم دەكات، نەك ئەمن و ئاسایشی دەرەكی، ناشكرێت وا لێكبدرێتەوە مادەی یەكەمی یاسای ژمارە ۲۱ سالی ۲٠٠۳ پەرلەمانی كوردستان، كەچالاكوانان پێی سزادراون، شوێنی مادەی ۱٥٦ یاساییی سزادانی گرتۆتەوەو وا ئەژماری بكەن بەشێك بێت لە مادەكانی یاسایی سزدادان وهەرەشە بۆ سەروەری وئاسایشی دەرەكی، چونکە بەپێی یاساكەی پەرلەمان ئەو مادانەی یاسایی سزادان لەمادەی ۱٥٦ زیاتر لە۲۸ مادەی یاسای سزادان  سەرجەمیان لەكارخراون(تعطیل)، مادەی یاسای تازەی داناوە لەبری مادەی ۱٥٦نەك ماددەی یاسای سزادانی هەمواری كردبێتەوە، بۆیە ناكرێت وا ڕاڤە بكرێت ئەم مادەیەش بەشێكە لە استثنائەكان، چونکە گەر بەبەشێكی دابنایە دەستەواژەی هەمواری بەكاردەهێنا، هەرلەسەرئەوبنەمایە گەر سەرنجی ناوەرۆكی بڕیاری سزادانی سەرجەم چالاكوانان بدەین باسی یاسایی سزادان ناكەن باسی یاساكەی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

‎۳- گەر سەرنجی پێشینەی بڕیارەكانی دادگاكانی تر بدەین، ئەو ماددە یاسایە لە دادگاكانی تری هەرێم ئازادكردن بەمەرج گرتویەتیوەو نمونە و بەڵگە لەبەردەستە، ئەم شێوازو مامەڵەیە زیاتر گومان و ڕای جیاواز دەخاتە سەر بڕیاری رەتكردنەوەی ئازادكردن بەمەرجی سزادروانی بادینان.

‎٤- باوەڕی تەواومان بەوە هەیە كە دەبێت دادگا و دەسەڵاتی دادوەری زۆر بێ لایەن وسەربەخۆ بێت، پەرۆشی ئەوەین و ئامانجمانە و كاری بۆ دەكەین، بەڵام ناكرێت دادگا بكرێتە ئامرازی پاكتاوكردنی ڕكابەری سیاسی، ئەم كەیسەی چالاكوانانی بادینان رای گشتی نێودەوڵەتی وناوخۆیی هێنانە سەرخەت، ڕێكاری هەڵەو مامەڵەی نایاسایی دەرهەقیان كراوە، هیوادارین گەر لەدوا قۆناغەكانیشدا بێت بڕیاری یاسایی ومامەڵەی دروستیان لەگەڵ بكرێت..

511 جار خوێندراوەتەوە