هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەنێوان بنەمای زۆرینە و سازان؟

لەراستیدا نامەوێ قسە لەسەر شێواز و جۆری ئەو زۆرینەیە بكەم كە لە هەڵبژاردنی (2018)دا كەوتۆتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، چونکە زۆر راڤە هەڵناگرێت، سەرباری ئەوەی چەمكی زۆرینە و كەمینە بنەمایەكی دیموكراسیە، بەڵام لەكوردستاندا هەندێك پرس و بابەت هەیە پێوستە سازان و رێککەوتنی بۆ بكرێت بەتایبەت (یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن و پڕۆژەی دەستور) بەپێی رێکەوتنی نێوان (پارتی و یەكێتی ) و (پارتی و گۆران) رەهەندی نیشتیمانیان هەیە بەبنەمای زۆرینە و كەمینە مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت، لەنێو كارنامەی ئەم خولەی پەرلەمانیش جێگیر كراوە كە ئەم پرسانە دەبێت یەكلاببنەوە بە سازان نەك زۆرینە، كە لەئێستادا گەر رێککەوتن بكرێت لە نێوان هەمو حیزبەكان بەگشتی و بەتایبەت (یەكێتی و پارتی ) دور لە عینادی سیاسی و دەستبادانی ناپێویست ئەوا چارەسەر ئاسانە، گەر نا ئەم كێشانە بە سانایی تێناپەڕێت و كێشەكان قوڵتردەكاتە و مەترسی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت، بۆیە بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەی زۆرینە لەلایەن پارتیەوە بۆ پرسی هەلبژاردن و كۆمیسیۆن لادانە لە رێکەوتنەكان، ئاكامی باشی نابێت كە ئەمە دڵخوازی كەس نیە.

دو ئاڕاستەی دژبەیەكی جیاواز:
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاردراوە ۱٠/۱٠/۲٠۲۲ ئەنجامبدرێت، سەرباری ئەوەی رێگری یاسایی هەیە بۆ هەڵبژاردنەكە، چونکە كۆمیسیۆن كە لایەنی سەرپەرشتیارە نزیك بە دو ساڵە ماوەی یاساییان بەسەرچوە، متمانەپێدانەوەی پەرلەمانی دەوێت، كە لایەنەكان ناكۆكن تائێستا، سەرباری ئەوەش یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بۆتە كرۆكی كێشە لە هەرێمدا، چونکە لایەنێك (پارتی) ئەیەوێت یاساكە وەك ئێستای خۆی بمێنیتەوە بە (یەك بازنەیی) لەگەڵ كۆی بڕگە و مادەكانی پێویستی بەگۆڕین نیە، بەرەیەكی تر ئەیانەوێت هەمواری یاساكە بكرێتەوە (فرە بازنەیی) جێگیر بكرێت لەگەڵ گۆڕانكاری لە زۆر بواری تری یاساكە، بەتایبەت یەكێتی كردویەتیە پێش مەرج و رازی نیە بەبێ هەمواری یاساكە هەڵبژاردن بكرێت، كە لەراستیدا یاسای هەڵبژاردنی هەرێم یاسایەكی كۆنە و كەڵكی ئەوەی نەماوە بەو یاسایە هەڵبژاردنێنی تر ئەنجام بدرێت لە كوردستاندا، بۆیە ئەم ململانێانە دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردوە و دەستەواژە و رای زۆر سەیر و مەترسیدار لەهەردولا دەبیسترێت، كە زیاتر دو ئیدارەیەكە تۆختر دەكاتەوە، تا باسكردنی پەکخستنی پەرلەمان، لەئەنجامدا گەر دۆخەكە هێور نەكرێتەوە رێگری گەورە دروست دەبێ بۆ پڕۆسەكە، گریمانەی رودانی نەخوازراو دەكرێت، چونکە بابەتەكە واخەریكە دەبێتە شەڕی ئیرادە و سەپاندنی بۆچون وعینادی سیاسی دور لە خیتابی نیشتیمانی و بنەمای هاوبەشێتی و لێكتێگەشتن و قبوڵكردنی رای جیاواز.

748 جار خوێندراوەتەوە