‎داهاتی ناوخۆ... گەڕی تازەی ململانێی نێوان بەغداد و هەرێم

داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆتە خاڵی ململانێی نێوان شاندی هەرێم و حكومەتی عێراقی، عێراق پێی وایە بەپێی یاسای بودجەی عێراقی و یاسای ئیدارەی مالی عێراقی پێویستە سەرجەم داهاتەكانی ناوخۆی هەرێم بۆ عێراق بگەرێتەوە بە باج و رەسم و گومرگ و غەراماتەكان، حكومەتی هەرێم زۆر بڕیار و هەنگاوی ناوە تا داهاتی ناوخۆ زیاد بكات كە لە زۆر باردا بارگرانی بوە بۆ سەرشانی خەڵك و جوڵەی بازاڕی لاواز كردوە.

‎یاسای ئیدارەی مالی عێراقی وەك دەستوری دارایی عێراق وایە زۆر كەموكوری تێدایە و رەخنەی جدی لێدەگیریت، بەڵام ئەم یاسایە بەهیچ شێوەیەك كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی نابینێت، وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات، بەتایبەت مادەی ۲۹ی یاساكە هیچ بەهایەكی بۆ قەوارەكە نەهێشتۆتەوە، جێی داخە هەرێم و حزبی دەسەڵات زۆر بێمنەت و بێ ئاگا بونە لەمەترسیەكانی ئەم یاسایە، هەمیشە هەوڵیانداوە بە ڕێکەوتنی سیاسی چارەی كێشەكان بكەن، ئەوە ئێستا بەغداد بەهانەو پاساو خاڵی یاسای لەسەر هەرێم جێی بەجێ دەكات زۆر لەسەرخۆ و بەهێمنێ هەنگاو بەهەنگاو كارت لە دوای كارت و دەسەڵاتەكان دەباتەوە بەغداد.

‎لەئێستادا بەغداد پارەی داهاتی ناوخۆ دەبڕێت لە بودجەی هەرێم، سەرباری ئەوەی لەسەر بنەمای كۆی پارێزگاكانی خوارو ناوەڕاست پشكی هەرێم دەنێرێت، بۆیە بەغداد وایدەبینێت داهاتی ناوخۆ لەدەست هەرێمی كوردستاندا نەماوە و لەروانگەی یاسایەوە پرسیارە جدیەكە ئەوەیە ئاخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی دەكات و بڕێك باج و زەریبەو رسومات كەمدەكاتەوە بۆ خاتری ئەوەی وەك سینیەكی ئامادە نەیدەنە دەست بەغداد، یاخود گەڕی ململانێیی تر ماوە لە نێوان هەرێم و بەغداد و حكومەت ناچێتە ژێر باری رازیبون بە رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ.

‎لەكۆتایدا وایدەبینین لەئێستادا حكومەتی هەرێم بەئاشكرا بۆ خەڵكی كوردستانی رون ناكاتەوە ئاخۆ شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر چی رێكکەوتون ئایا داواكاریی بەغداد چیە؟؟ ئایا رێگرییەكان چین بۆ جێیبەجێنەكردنی یاسای بودجە؟؟ دەبێ خەڵكی كوردستان بزانێ ئایا بەغداد بەهانە دەگرێت بە هەرێم یاخود خۆیی دەدزێتەوە لەو ئەركەی لەئەستۆیەتیی بەپێی یاسایی بودجە؟؟بەداخەوەم حیزبەكانی بەشداربو لەم حكومەتەدا بۆچون و رایی جیاواز و زۆر دوریان لەیەك هەیە بۆ دانوستان و گفتوگۆی دارایی و پشكی كورد لە نێو داهاتی عێراقدا.

340 جار خوێندراوەتەوە