رێگە چارە یاساییەكان بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەت لە كوردستاندا

پرسی لامەركەزیەت (دابەشكردن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لە پایتەختەوه بۆ پارێزگا، قەزا و ناحیەكان) كە هەموو دەسەڵات و بڕیارێك چڕبۆتەوه لە دەستی سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان  ناوبەناو ئەم پرسە دەوروژێنرێت لەلایەن  هێزی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن، كەسانی حیزبی و رۆشنبیر هەریەكەو بۆ مەبەستێكی دیاریكراو بەڵام پرۆژەی بەدیل و رێگە چارە دروست و میكانزمەكان ناخەنەروو، لامەركەزیەت لە كوردستان لە قۆناغی زۆر سەرەتایایە، هەتا ئەم ساتەش ئەم چەمكە وەك سیستەمێكی بەڕێوەبردن و حكومرانی مقبول و خۆشەویست نیە لەلایەن یەكێتی و پارتی، لەكاتێكدا لەوڵاتانی پیشكەوتوو سیستەمێكی دادپەروەر و سەردەمیانە ی ئیدارەدانی وڵاتە بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان بەبێ سەرئێشەی گەڕانەوە بۆ لایەنی سەروتر.

 

ئەم پرسە زۆر قسە و گفتوگۆ و نووسین  هەڵدەگرێت بەڵام لە روانگەی یاسایی زۆر بە كورتی ئێمە چەند هەنگاو و جوڵەیەكمان دەوێت لە هەموار و دەرچواندنی چەندین یاسا و دەركردنی چەند بڕیارێك، كە پەیوەندی راستەوخۆ و كاریگەریان هەیە بە جۆری  سیستەمی كارگێڕیەوە بۆ شۆڕكردنەوه و پێدانی دەسەڵات و دەست كردنەوەی پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوەربەری ناحیە و سەرۆكی فەرمانگەكان، دیارترینیان:

۱_هەمواری یاسای پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان ژمارە ۳ سالی ۲٠٠۹.

۲_هەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ۲ساڵی ۱۹۹۲ هەمواركراو.

۳_هەمواری یاسای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ژمارە ٦ سالی ۲٠٠۹.

٤_هەمواری یاسای وەزارەتی  دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ژمارە ٥ ساڵی ۲٠۱٠.

٤_هەمواركردنی یاسای بەڕێوەربردنی شارەوانیەكان ژمارە ٦ ساڵی ۱۹۹۲ی المعدل ،.

٥_دەرچواندنی یاسای بودجە بە جۆرێك هەر پارێزگایە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارەی بۆ دەستنیشان بكرێت، بەدەر لەو بڕە پارەیەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵ بۆ گەشەپێدانی هەرێم دەنێریت لەوەش دەستنیشان بكرێت.

٦_دەركردنی بڕیار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پێكهێنانی  ئەنجومەنی شارەوانیەكان، چونكە بەپێی مادەی ۳٥ ی یاسای پارێزگاکان هەڵبژاردن نەماوە بۆ ئەنجومەنی شارەوانی بەڵكو بە میكانزمی نوێ پێك دەهێنرین.

۷_سەربەخۆی دارایی و كارگێڕی بدرێتە سەرۆكی یەكە كارگێرییەكان لە نمونەی پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوبەری ناحیە و بەڕێوبەرە گشتییەكان.

۸_شۆڕكردنەوەی دەسەڵات  لەلایەن حكومەت و وەزیری ناوخۆ بۆ سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان بۆ هەندێك بواری تایبەتی رۆتینی رۆژانە  بەبێ گەڕانەوه بۆ  پایتەخت، شۆڕكردنەوی دەسەڵاتی وەزیرەكان بۆ بەڕێوبەری گشتییەكانی پارێزگاكان، بەپێیی تایبەتمەندییان.

۹_دەرچواندنی یاسا و بڕیار بۆ سودمەندبوونی راستەوخۆی ئەو پارێزگا، قەزا و ناحیانەی كە سەرچاوە سروشتییەكانی وەك نەوت، غاز و پێكهاتەكانی تری تێدایە. ناكرێت  دەبن سەرچاوەی  داهاتی گشتی بەبێ رەچاوكردن و گرنگی پێدانیان هەریەكە و بەپێی سروشتی  خۆی و ژمارەی دانیشتوانی.


۱٠_ھەموارکردنەوەی سەرجەم یاسای ئەو وەزارەتانەی کە کاری وەزارەتەکەیان مۆرکێکی خزمەتگوزاری« خدمی»یان ھەیە،  کە لە رابردوودا بە نەفەسێکی مەرکەزی دەرچون و زۆربەی مادەکانیان پێچەوانەی یاسای ژمارە ٣ ی پارێزگاکانی ھەرێمە.


بۆیە گرنگە  بە تایبەت گۆڕان و یە كێتی لە پێناو گەڕانەوەی  دەسەڵات  و داهات بۆ پارێزگاكان  و نه هێشتنی ناعەدالەتی جوگراف، خەمی هاوڵاتیانی دەڤەرەكانی خۆیان بێت و كاری جدی لەسەر ئەمە بكەن.


تێبینی: لامەركەزی  هیچ پەیوەندی بە دوو ئیدارەی نیە.

1084 جار خوێندراوەتەوە