ئازادی رادەربڕین و دەستگیركراوانی بادینان


‎ماوەیەكی زۆرە لە كەناڵەكانی راگەیاندن و پەرلەمانتارانەوە بەردەوام گۆێبیست و بینەری زیادكردنی ژمارەی دەستگیركراوانی دەڤەری بادینانین، ئەمە قۆناغێكی یەكجار مەترسیدارە.

‎كارنامەی حكومەت
‎بەپێی بڕگەی (13) لە بەشی يەكەمی كارنامەی حكومەت، جەخت كراوەتەوە لە رێزگرتن لەئازادیە گشتەیەكان، جياوازييەكان و دەستخستنى زانيارى و دەستگیرنەكردنی هیچ كەس بەبێ  فەرمانی دادوەر و سزانەدانی هاوڵاتی لەسەر لایەنداری سیاسی وخۆپیشاندانی مەدەنیانە.
زۆر بەداخەوە، واقیع پێمان دەڵێت، سنوورى ئازادييە گشتييەكان بە جۆرێكی مەترسيدار بەرتەسك دەكرێتەوە، چالاكوانان و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر سادەترین بۆچون و هەڵویستی دژ دەستگیردەكرێن و ملاحەقە دەكرێن، چەندین نمونەی زيندووش هەیە، پەرلەمانتاران بە ئاشكرا لە لیژنەی مافی مرۆڤ ئەم مەترسیەیان باسكردوە، پێویست وایە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بەرێز وەڵامی خۆیان بۆ ئەم پرسانە بۆ لیژنەكانی پەرلەمان و ڕای گشتی  بڵاوبكەنەوە.

‎روانگەی یاسایى
‎لەراستیدا بەندە زانیاری ورد و دەقیقیم لەبەر دەست نیە لەسەر راگرتنی ئەو بەرێزانە ئایا بە فەرمانی دادوەر بوە یاخود نا، گەر پەڕاوی لێكۆلینەوەیان هەیە پێویستە بزانرێت ئایا ئەو مادانەی پێی راگیراون یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانە یاخود یاسای رۆژنامەگەریە یاخود یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنە یان یاسای سزادانە كە لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا ئازادکردنیان بە بارمتە و دیدەنی كەسوكار و ئامادەبونى پارێزەر لەسادەترین مافەكایانن.

‎مەترسی ئاسایشی نیشتیمانى
‎لێرەو لەوێ ولە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە ده‌یبیستین گوایه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ندێكیان له‌وانه‌ی دەستگیركراون تێوه‌گلاون بەهەڕەشە بۆ سەرئاسایشی نیشتیمانی، بەپێی مادەی (156)ى  یاسای سزادانی عێراقی كە مادەیەكی زۆر مەترسیدارە ولاستیكیە وتەفسیرو راڤەی خراپ هەڵدەگرێت بۆ سزادان و دروستكردنی كەیس بۆ نەیاری سیاسی، سزاكەشی زیندانیکردنە لە ماوەى (5) تاکو (20) ساڵ.

هەریەك لەو بەرێزانەی دەستگیركراون گەر بەڵگە و دیكۆمێنت هەیە لە دژییان، گرنگە بۆ ڕای گشتی و لایەنی فەرمی وەك پەرلەمان و دەستەی مافی مرۆڤ بخرێتە روو، چونكە ئەو دەستگیرکردنانە تەنها وەك كردارێكی تاوانكاری لێی ناڕوانرێت، بەڵكو پەیوەیستە بە ئازادیە گشتیەكان و مافی سیاسی و رادەربڕین و چالاكی مەدەنی، ئەمەش لە پێناوی نەهێشتن و ڕەوینەوەی ئەو قسە و رەخنانەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤ لەسەر هەرێم و ئەو ناوچەیەی ژێر قەڵەمڕەوی پارتی دەیكەن.

چۆمان محەمەد – پارێزەرى راوێژکار – رێکخەرى ژوورى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان

682 جار خوێندراوەتەوە