لەسەربەخۆیی ئابوریيەوە بۆ پارانەوەی وەرگرتنی قەرز

دۆخی هەرێمی كوردستان لە هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی ئابوریى و سیاسی و خستنە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و بێمنەتی و بەهێزیمان لەبەرامبەر بەغداد و خەونی دروستكردنی حسابی بانکى بۆ هاوڵاتییانی هەرێم لەسەر پشكی نەوت. گەشتۆتە ئەو ئاستەی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمیش بەپاڕانەوە و تكاو فشاری نێودەوڵەتی و هەرێمی لەچوارچێوەی پێدانی قەرزدا پارە رەوانەی هەرێم بكرێت.

ئێستا واقیعێكیان خولقاندوە مرۆڤ نازانێت بڕوا و متمانە بە کامە راستی بكات؟، چونکە ئەم بەرێزانەی هەرێمی كوردستان خۆیان بەشێك بون لە رێكەوتنی سیاسی و حكومی  لەگەڵ بەغداد هەر خۆشیان یاسای بودجەیان تێپەراندوە لەنێو پەرلەمانی عێراق و بەهەنگاوی باش لەقەڵەمیانداوەو وەك دەستكەوت دەیان فرۆشتەوە بەخەڵكی، كەچی ئێستاش هەرخۆیان رەخنەو نارازیین لە یاسای  بودجەو خاڵ وبەندەكانی یاسای بودجەو هەڵویستی بەغداد.

پێدانی قەرز بەهەرێم ڕێگە دروستەكە نییە

حكومەتەكەی بسودانی بریاری ناردنی 700 ملیاردیناری داوە بەقەرز بۆ ماوەی 3 مانگ، دەكرێت وا بخوێنریتەوە رێگايەكی ناچارییەو بەئامانجی زیاتر نابوت نەبونی  ژیانی ئەو خەڵكە، پیویستە قبوڵ بكرێت كە دۆخی فەرامانبەرو هاوڵاتی یەكجار خراپە، بەڵام لەراستیدا قەرزكردن بۆ هەرێم بەم شێوازە لێدانە، یاخود بەكەم سەیركردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە لەنێو دەستورو یاسای بودجەی عێراق، سەرباری ئەوەی قەرزكردن لەرویی داراییەو سەرئێشەیی زۆری هەیەو لەداهاتودا لێكەوتەو بارگرانییەكانی دەردەكەون بەتایبەت بۆ پشكی هەرێمی كوردستان، ئەم بڕە قەرزە بۆ سێ مانگی (9_10_11) ساڵ 2023 یە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەمانگی 7 دایە بۆ موچە.

یاسای بوجەی عێراق دوو ساڵی تری لەڕێیە، بۆیە ئەگەر ئەم کێشەیە بەباشی و بە پلان  و ریشەیی چارەسەر نەكرێت دۆخی ئابوری هەرێم هەر بەم ناهەمواری ولاوازیە دەمێنیتەوە و بەغداد هەمیشە بەهانەی ئامادەیە بۆ وەستاندنی ماف و شایستە داراییەكان.

ئێستاش مەترسی جدی هەیە بۆ ئەم بریاری پێدانی قەرزە، چونکە داوای یاساییی تۆمار كراوە لەدادگای فیدرالی بۆ بابەتەی ناردنی قەرزەی عێراق بۆ ئەم سێ مانگە، ئەگەر دادگاکەش بریارێکی لەو چەشنە بدات، دۆخی ئابوری و دارایی هەرێم توشی زۆر گرفتی گەورە دەبێتەوە.

رێگەی دروست و بەپەلە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان وحیزبەكانی نێو قەوارەی هەرێم بۆ ئەوەی مەترسی و قەیرانەكان زیاتر نەبن پێویستە ئەم كارانە ستراتیژوهەنگاومان بێت كەبریتین لە:
۱_یەكریزی و هاوهەڵویستی بۆ پرسە نیشتیمانییەكان و دوركەتنەوە لە بەرژەوەندی حیزبی، دۆخی قەوارەكە و كورد لە عێراقدا كەڵكی ئەم جیاوازی و ناكۆكییانەی بەبەرەوە نەماوە، چونکە زۆر جیاوازین لەهەمبەر پرسە نیشتیمانییەكان لەبەغداد و شێوازی مامەڵەمان لەگەل حكومەتی عێراق.

۲_هەوڵدان بۆ جێبەجێ كردن و نەهێشتنی بەهانەی حكومەتی عێراقی بۆ ئەو ئەركانەی لە ئەستۆی هەرێمە تایبەت بە پرسی یاسای بودجە.

۳_دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ كۆكردنەوەی رای زۆرینە لەنێو پەرلەمانی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجە بەتایبەت گۆرینی مادەی 11ى بودجە كە پشكی هەرێمی لە خەرجی فیعلی (الانفاق الفعلی) دیاریكردوە نەك كۆی داهاتی پێشبینی كراوی عێراق، هەرچەندە ئەم رێگەیە ئاسان نیە، چونکە هاوكێشەی نێو عێراق و پەرلەمان زۆر ئاڵۆزە و پرسەكان لە بەرژەوەندی كورد یەكلانایتەوەو ئەو ڕێژەی بەدی نایەت، سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێم پێشتر پەنای بردوە بەر دادگای فیدرالی  بۆ ئەم بابەتە بەڵام داواكەیان رەتكرابوەوە.

٤_هەوڵدان بۆ بەدەستهینانەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە دۆستەكانمان لێمان نیگەرانن و رەخنەبارانیان كردوین بێدەنگن لەئاست فشارەكانی عێراق.

٥_هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی ئەو بارگرانییەی لەسەر هاوڵاتی دروست بوە لەسەپاندنی باج و رسوماتە زۆرەكان ئەمەش دەبیتە هۆی بەدەستهێنانەوەی رەزامەندی و پشتیوانی ناوخۆی سەرباری ئەوەش هەرێم بەیاسا پابەندە داهاتی ناوخۆ بداتە بەغداد، باشە بۆ دەبێت ئەم دڵسۆزیە بۆعێراق بنوێنی لەسەر جەستەی ماندوی ئەم خەڵكە.

141 جار خوێندراوەتەوە