دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، خۆتان خەمخۆربن

‎لەمیانەی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی تازەی ئەنجومەنی دادوەری ‎لەبەردەم سەرۆكی هەرێمى كوردستان، بەرێز (نێچیرڤان بارزانی) وتەیەكی پێشكەش كرد لەسەر دۆخی دادگا ودەسەڵاتی دادوەری، هەرچەندە نەیتوانی خۆی قوتاربکات لەودۆخە خراپەی بەسەر دادگا وسەروەری یاسا ودەسەڵاتی دادوەری هاتوە، بەداخەوە واقیعی ئێستا لە خەیاڵدانی خەڵكدا متمانەی دادگا و دەستوەردانەكان لە دۆخێكی خراپدایە، قسەكانی سەرۆكی هەرێم پیشاندانی رۆڵی دادوەر و دادگا و دەسەڵاتی دادوەری لە رێگری دەستوەردانەكان وخەمخۆری بۆ پیشە و دەسەڵاتەكەیان بەگرنگ و زەروری باسكرد،  بەڵێ راستە تەحەدا وخەمخۆری دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری بۆ خۆیان و پیشەكەیان هەنگاوی پێشمەرجەیە بۆ سەربەخۆیی دادگا و سەروەری یاسا، بەڵام داخەگەورەكە لەوەدایە حیزبی دەسەڵاتدار لەهەردوو زۆن بە حزبەكەی سەرۆكی هەرێمیشەوە، دەسەڵاتی دادوەرییان سیخناخ كردوە بە حیزبی،  كار گەیشتۆتە ئەوەی دابەشبونی حیزبی دادگای پێداچونەوەشی گرتۆتەوە، بۆیە بەئاسانی ناتوانن بوەستن لە بەرامبەر ئەم دۆخە خراپەی بەسەردەسەڵاتی دادوەری هاتوە، لەباری وەستانەوەی دادوەر بۆ فشارو دەستوەردانەكان لەبری پشتگیری و هاوسۆزی لەلایەن دەسترۆیشتوانی ئەم دەسەڵاتە دەگوازرێنەوە و فەرامۆش دەكرێن، بۆیە چاندنی ئەم رۆحیەتە هەروائاسان نیە، بێمنەتی لە حیزب و خۆڕاگری و پشتگیری لەبەرامبەر فشارەكانی دەوێت، هەتا زیاتر لەوەش پشتگیری سەرۆكی هەرێمی دەوێت بەحوكمی پێگە یاسایی و حیزبیەكەی بۆ هاوكاری ودەعمی دەسەڵاتی دادوەرییەی هەرێم.

 

لەئێستادا دەستوەردان بۆ كاری دادگا ودەسەڵاتی دادوەری نەك هەر حزب بگرە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانیش دەكرێت، هەتا حیزب وەك كۆی دامەرزاوەكانی تر وەك بارەگایەكی حزبی لەدادگا بڕوانێت و بەفلتەری خۆیدا بیانكاتە دادوەر ودەستبەرداری ئاراستەكردنی نەبێ ،ئەستەمە باسی چاكسازی راستەقینە لەم دەسەڵاتەدا بكرێت، ئومێدەوارین سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری تازە رۆڵی هەبێ بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بەدادگا ودەسەڵاتی دادوەری، پشتگیری هەڵویست و كاری ئەو دادوەرانە بێت كە دەوەستنەوە لە ئاست دەستوەردانەكان، تەمەننا دەكەین سەردەمی ئەم دادوەرە بەرێزە دەستپێكی قۆناغێكی نوێى دادوەری مەحكەم و دامەزراو و حساب بۆكراو بێت لەهەرێمدا، کۆمەڵگای كوردیمان لە قۆناغی داڕوخاندایە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاك وخێزان لە مەترسیدایە، تاكە شوێنێك دادپەروەری و سەروەری یاسا و یەكسانی وهاوسەنگی بۆ کۆمەڵگا بەدی بهێنێت، دادگا ودەسەڵاتی دادوەریە، بۆیە پێویستە خودی ئەنجومەنی دادوەری خەمخۆری راستەقینەی دەسەڵات و پێگەو ناو ناوبانگ و گەورەی پەیامی دادپەروەری و یەكسانی و سەقامگیری بێت و هەرخۆیان بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە كە پاشكۆیەتی ودەستوەردان وحساب بۆ نەكردن و بێ متمانەیی لێدەكەوێتەوە، بەهیوای سەركەوتن بۆ سەرۆكی تازەی ئەنجومەنی دادوەرى هەرێمى كوردستان.

1153 جار خوێندراوەتەوە