كورسی كۆتاكان لەململانێی نێوان حزبەكاندا!

پێکهاتەکانی هەرێم لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان 11 کورسیان بۆ دانراوە بەسیستمی كۆتا لەسەر بنەمای نەتەوەیی نەك بنەمای ئاینی، ئەم بابەتە بۆتە گرفتێكی راستەقینە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوان حیزبەكان، بەهۆی ئەوەی یاساكە بە شێوازی كۆنکرێتی و میكانزمی ڕون دیاری نەكردوە، چۆنیەتی دەنگدانی ئەم پێكهاتانە، لەواقعدا ئەم پێكهاتانە لەقەیرانی نوێنەرایەتی راستەقینەدان، ئێستاش دۆخێك دروست بوە دەنگی جیاواز لەنێو ئەم پێكهاتانە دروست بووە باسی نادادپەروەری و سودوەرگرتن بۆلایەنی ترو و نەبونی نوێنەری راستەقینە  دەكەن بۆ خۆیان، كار گەشتۆتە ئەوەی رێكخراوی یۆنامیش باس لە كێشەكانی پێكهاتەكان و شێوازی چارەسەر دەكات زۆر بەئاشكرا، هیچ گومانی تێدانیە ئەم 11 كورسیە لە ڕابردودا هاوكێشەی نێو پەرلەمان و پێكهینانی حكومەت و ململانێی سیاسی گۆڕیوە لەخزمەت حزبێكی دیاریکراو کە پارتیە، ئەمەش وایكردوە چاو لەسەر ڕاستكردنەوەی ئەم بارە لارەبێت بۆ كاری پەرلەمانی لە هەرێمدا.

 لەئێستادا گرفت لە ژمارەی کورسی كۆتاكان نیە،  ئەو هێزانەی رەخنە دەگرن لەگەڵ كەمکردنەوە نین و دژی مافی پێكهاتەكان نین، بەڵام لەگەڵ رێكخستنی پرۆسەکەن ودەیانەوێت خۆیان نوێنەری خۆیان بن و روئیاو بۆچون و تێرواینیان هەبێت نەك خەڵكی ترو حیزبی تر ئاراستەیان بكەن، هێزە دەسەڵاتدارەكان بەرژەوەندی حزبی خۆیان زاڵە كاتێك قسە لەسەر ئەم پرسە دەكەن، لەئێستادا خاڵی ناكۆك و گرفتی جەوهەری بۆ بابەتەكانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەكێتی پرسی كورسی كۆتاكانە، سەرباری ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بۆچونیان نزیكە بۆ رێكخستنەوەی كورسی كۆتاكان.


تۆمارێكی تایبەت بە پێكهاتەكان وەک چارەسەر:

چارەسەری ڕیشەیی بۆ كورسی كۆتاكان بونی تۆمارێكی دەنگدان و ناوەندی دەنگدانە بۆ پێكهاتەكان ئەمەش نە جیاكاری نەتەوەییە نە پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێوەرە نێودەوڵەتیەكان، بۆ ئەمەش بڕیارێكی دادگای فیدراڵیش هەیە بەژمارە (۹۹_۱٠٤_۱٠۸/الاتحادی/اعلام/۲٠۱۸) بەدەستوری داناوە تۆماری تایبەت بۆ مەسیحیەكان، لەسەرئەم بنەما ئەستەم نیە هەنگاوی كرداری بۆ بنێرێت پاش گرتنەبەری چەند رێکارێكی عەمەلی، بۆ ئەمەش دەبێت حكومەت و یەكێتی و پارتی و حیزبەكان و كۆی پێكهاتەكان خۆیان هاوكاربن.

یەك بازنەی یاخود چوار بازنەیی بۆ كورسی پێكهاتەكان؟
لەئێستادا بۆچونێك دروست بوە كە رەوایەتیشی تێدایە بەوەی  پێكهاتەكان لەهەرێمی كوردستاندا تەنها لەهەولێرو دهۆكدا نین، لەسلێمانی وهەڵەبجەدا بونیان هەیە بۆیە داوای دابەشكردنی كورسی كۆتاكان دەكەن بەسەر بازنەكاندا بۆ ئەمەش لەیاساییی پارێزگاكانی ژمارە ۳ ساڵی ۲٠٠۹ دا كورسی كۆتاكان  بۆپارێزگاكان دیاریكراوە، بەڵام لێرەدا گرفتێك هەیە ئەویش بونی بڕیارێكی دادگای فیدراڵیە بەژمارە(٤۳/الاتحادیە/۲٠۲۱(بۆ كورسییەكەی كۆتایی ئێزیدیەكان كە دیاریكرابو بۆ پارێزگای  نەینەوا، دادگای فیدرالی  وایداناوە هەموو عێراق بۆ ئەوان دەبێتە یەك بازنە، ئەگەر ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەهەند وەربگیرێت ئەوا دەبێت هەموو كوردستان بۆ پێكهاتەكان یەك بازنە بێت، لەسەر ئەرزی واقیع گەر  تۆماری دەنگدەران نەبێت ئەستەمە هەموو كوردستان ببێتە یەك بازنە.

 گەر دەمانەوێت بە فعلی هەنگاو بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئەم پێكهاتانە بنێن  گەر تۆماری تایبەتیان بۆ جیا نەكرایەوە پێویستە (رێگە نەدرێت لەدەنگدانی تایبەت دەنگ بە پێكهاتەكان بدرێت، هەروەها پاڵێوراویی تاكەكەسی رێگەی پێبدرێت خۆیی كاندید بكات بۆ پێكهاتەكان، ئەمەش زیاتر كێبركێ دروست دەكات وەك ئەوەی بۆ یەك كورسیەكەی ئەرمەن پەیرەو دەكرێت.

224 جار خوێندراوەتەوە